ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بۆ یانزەهەمین ساڵی بەردەوام و وەك نەریتێكی ساڵانە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، ڕێوڕەسمێكی شكۆدار بۆ ڕێزلێنان لە ماندووبوون و دڵسۆزیی ژینگەپارێزانی سنووری چەمچەمال بەڕێوە چوو.
لەم بۆنەکەدا جەخت لە ڕۆڵی گرنگی ژینگەپارێزان كرایەوە لە پاراستنی سیمای شار و خزمەتكردنی سروشتی نیشتمان. ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەم چینە، پارێزەری ڕاستەقینەی تەندروستی و جوانیی كۆمەڵگەن.
لە بەشێكی تری چالاكییەكەدا، سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرمایەدار و كەسایەتیی دڵسۆز (حاجی یاسین حاجی حوسێن مەملەحەیی) كرا، كە وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی، ئەركی میوانداری و دابینكردنی دیاری و خەڵاتی بۆ ٢٠٠ ژینگەپارێزی سنوورەكە لەئەستۆ گرتبوو.
ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگەم لەبارەیەوە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە كە ئەم ڕێوڕەسمە ساڵانەیە، وەك پەیامێكی وەفاداری بۆ “پیاوانی خاوێنی” و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە، ماوەی ١١ ساڵە لە لایەن ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بەردەوامی هەیە و بووەتە جێگەی دەستخۆشی خەڵكی ناوچەكە.

