ڕائیب جادر – هەولێر
ئامێدی خاوەنی سرووشتێکی ڕازاوە، جوان و سەرنجڕاکێشە، دەوڵەمەندە بە شوێنی گەشتیاریی سرووشتی، شوێنەواریی و ئایینی، ھەندێک شوێنی گەشتیاریی زۆر بەناوبانگی ھەیە، بەدرێژای وەرزەکانی سالڕ گەشتیاران لە ھەموو ناوچەکانی عێراق و ھەتا لە وڵاتانی دەرەوە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەو شوێنە گەشتیاریانە دەکەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە کەرتی گەشتیاری دەدات، بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری لە دەڤەری ئامێدی چەندین پڕۆژەی نوێی گەشتیاری بە کۆتا ھێناوە و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، ئەوەش وا دەکات لە داھاتوودا گەشتیاران زیاتر ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو شوێنە بکەن.
لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی زیاتر لە ٢٣٠ شوێنی گەشتیاری، ھۆتێل و مۆتێل و خواردنگە ھەن، ناوبانگی لەسەر ئاستی عێراق بە گشتی و لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی ھەیە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لەسەر ئاستی عێراق بە گشتی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی قەزاکە دەکەن و ژمارەکەش ساڵانە زیاد دەکات، خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیاریانە ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازی کردن و زیاتر سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە، بە ھاتنی گەشتیارانیش جووڵەیەکی باشی ئابووری لەناوچەکە پەیدا دەبێت. وەکو خاوەنی بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دڵێن، ئامادەکاری دەکەین و شوێنە گەشتیارەکانمان دووبارە ڕێکدەخەینەوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران ڕوو لە ناوچەکە بکەن، چونکە بە ھاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ئێمە زیاتر دەڕەخسێت.
ڕووبەری گشتیی قەزای ئامێدی ٢٧١٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە ٦ ناحیە و ٣٨٢ گوند پێکدێت، چوار ڕێگەی سەرەکیی ھەیە و دووری لە پارێزگای دھۆک ٦٣ کیلۆمەترە، کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاری لەخۆدەگرێت، وەک ھاوینەھەوارەکانی سوڵاڤ، ئاشەوا، گەلی گەرەگو، گەلی زێوە، ئەشکەوتی ئێنیشکێ، سیارەتیکا، دووکەرێ و ڤین.
حەمید ئامێدی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” باس لە ئامادەکردنی شوێنە گەشتیارییەکان بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران دەکات و دەڵێت، چەندین لیژنەمان پێکھێناوە، ھەر یەک لەو لیژنانە لە شوێنی خۆی بە سەرکەوتووی کارەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت، ئەوەش ھەموو بۆ ئەوەیە بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەین، لە ھەمان کاتدا بەردەوام کار بۆ پاراستنی ژینگەی دەڤەرەکە دەکەین.

