شێرکۆ حەبیب
ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە مافە هەرە گرنگەکانی هاوڵاتیان لە وڵاتانی دیموکراسیدا. تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن و دەربڕینی بیروڕای گشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاگادار و ڕۆشنگەری کولتووری. چاپەمەنی دەبێت پابەند بێت بە دەستپاکی و دادپەروەری و وردبینییەوە پێش ئەوەی بتوانێت بەڕاستی ئازاد و سەربەخۆ بێت.
چونکە رۆژنامەگەری ئازاد باشترین پارێزبەندییە بۆ ئازادی ڕادەربڕین، بەبێ ئەو ئازادییە مەدەنییەکانی دیکە ناپارێزرێن. پێویستە ڕۆژنامەگەری مافی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی هەبێت بەبێ هیچ ئاستەنگێک و گەرەنتی ئەوە بکات کە هەواڵ و زانیاریەکان بگاتە ڕای گشتی بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ڕووداوە هەنووکەییەکان ئاگادار بکرێنەوە. ئازادی ڕادەربڕین پایەیەکی چارەنووسسازە بۆ حوکمڕانی و چەمکی دیموکراسی، بەو پێیەی خەڵک مافی ئەوەی هەیە ڕاستییەکان بزانێت. ڕۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێک هەمیشە دژی سنووردارکردنی ئەم ئازادییە دەجەنگن و پێویستە یەکێک بێت لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ڕاگەیاندن.
ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەو گەرەنتییەیە کە دەسەڵات بۆ ئازادی ڕادەربڕین دابینی دەکات. ئەم ئازادییە زۆرجار لە دەستووری وڵاتدا بۆ هاووڵاتیان و کۆمەڵەکان چەسپاوە و درێژدەبێتەوە بۆ ڕێکخراو و دەزگاکانی هەواڵ، لەوانەش ڕاپۆرتە چاپ و بینراو و دەنگییەکانیان. ئەم ئازادییە کۆکردنەوەی هەواڵ و پرۆسەکانی پەیوەست بە بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵ بۆ بڵاوکردنەوەش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە زانیارییەکانی حکومەت، ئەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتدایە کە دیاری بکات کە چ زانیارییەک ئاشکرا دەکرێت و لەبەردەستدایە و چ زانیارییەک لە بڵاوکردنەوەی گشتی پارێزراوە، بە پشتبەستن بە پۆلێنبەندییەکانی وەک هەستیار، زۆر نهێنی، نهێنی، یان زانیاری پارێزراو لە بڵاوکردنەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی. زۆرێک لە حکومەتەکان کەوتوونەتە ژێر یاساکانی پۆلێنکردن یان یاسای ئازادی زانیاری، کە بۆ پێناسەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەکاردەهێنرێن.
بۆ زۆرێک لە وڵاتان ئازادی ڕۆژنامەگەری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەو مانایەیە کە هەموو تاکەکان مافی خۆیانە رای خۆیان دەرببڕن، جا بە نووسین بێت یان لە ڕێگەی هەر جۆرە دەربڕینێکی کەسی یان دەربڕینی داهێنەرانە. جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دەڵێت: “هەموو کەسێک مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافە ئازادی هەڵگرتنی بیروڕا بەبێ دەستێوەردان و گەڕان و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکە لە ڕێگەی هەر میدیایەکەوە و بەبێ گوێدانە سنوورەکان دەگرێتەوە”. گرنگە لەوە تێبگەین کە ئازادی ڕادەربڕین مافێک نییە کە دەوڵەت پێی بەخشیوە، بەڵکو مافێکی سروشتییە بۆ تاک بەپێی یاسای سروشتی.
بۆیە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەشێکی دانەبڕاو بوو لە مافی تاکەکەسی مرۆڤ. ئەم فەلسەفەیە بەزۆری لەگەڵ یاسادانانێکدا یەکدەگرێتەوە کە پلەی جیاوازی ئازادی توێژینەوەی زانستی و بڵاوکردنەوە و چاپکردن زامنی دەکات. سەبارەت بە قووڵایی بەرجەستەکردنی ئەم یاسایانە لە سیستمی دادوەریدا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، دەتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی کە بیانخاتە ناو دەستوورەوە.
زۆرجار هەمان یاسا چەمکەکانی ئازادی را دەربڕین ئاخاڤتن و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەگرێتەوە، واتە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ تاک و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەن. جگە لەم ستانداردە یاساییانە، هەندێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان پێوەرە فراوانترەکان بەکاردەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتە جیاوازەکاندا. بۆ نموونە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کوژراون، دەربەدەرکراون، یان هەڕەشەیان لێدەکرێت لەبەرچاو دەگرێت، بوونی قۆرخکارییەکانی دەوڵەت، بوونی سانسۆر و خۆسانسۆری لە میدیاکاندا، سەربەخۆیی گشتیی میدیاکان و ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی پەیامنێرانی بیانی دەبنەوە.
ڕوونە کە ئازادی ڕادەربڕین پایەیەکی ژیانی سیستەمی دیموکراسی و مافی خەڵک بۆ ناسینی ڕاستییەکان پێکدەهێنێت. بۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێکدا هەمیشە هەوڵبدەن دژی سنووردارکردنی، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ڕاگەیاندن. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕاستیانەی پێشتر باسمان کرد، ڕۆژنامەنووسان دەبێ پابەند بن بەو بنەما پیشەییانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە، وەک لە بەڵگەنامە و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی زۆربەی سەندیکاکانی ڕۆژنامەوانی جیهانیدا هاتووە. بەپێی ئەم میساقانە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت:
– رۆژنامەگەری ئازاد باشترین پارێزبەندییە بۆ ئازادی ڕادەربڕین، بەبێ ئەو ئازادییە مەدەنییەکانی دیکە پارێزراو نین.
– ڕۆژنامەگەری مافی ئەوەی هەیە بەبێ هیچ بەربەستێک هەواڵ بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی ئاگادار بکرێتەوە.
– ڕاستییەکان دەبێت بەبێ لایەنگری بنیات بنرێن و بگەیەنرێن.
– جیاکردنەوەی هەواڵ لە بۆچوون: دەبێت جیاوازی نێوان هەواڵ و شرۆڤە بە ڕوونی بخرێتەڕوو. بەڵام ئەم پرەنسیپە ڕێگری ناکات لە هیچ ڕۆژنامەیەک کە ڕوانگەی خۆی و بۆچوونی کەسانی دیکە بخاتەڕوو.
– داننان بە بۆچوونی جیاواز: ڕۆژنامەگەری دان بە بۆچوونی جیاوازدا دەنێت و ڕێزی لێدەگرێت و بڵاوکردنەوەی بۆ چوونەکان بەدیلەکان قبوڵ دەکات.
– جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، مەزهەب، نەژاد، زمان، ئایین، ئایدۆلۆژیا، یان باوەڕ ڕەتدەکاتەوە.
– ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ: سەرنوسەر و ڕۆژنامەنووسان ڕێز لە کەرامەت و تایبەتمەندی تاک دەگرن و خۆیان لە دەستوەردان لە ئازار و کارەساتی کەسی بەدوور دەگرن مەگەر ڕەچاوکردنی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندی گشتی لە پێش هەموو شتێکەوە بێت.
– وێنەکردنی توندوتیژی: تاوان و تیرۆر و توندوتیژی و کردەوەی دڕندانە و نامرۆڤانەی تر نابێت شکۆمەند و بایەخیان پێ بدرێت.
– ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی راست نین: دەبێت ڕاستی و زانیارییە بڵاوکراوەکان کە دواتر سەلمێندرا کە درۆیە، دەبێت ڕاستبکرێنەوە.
– پاراستنی سەرچاوە: پێویستە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ زانیاری بپارێزرێت. نابێت ناوی سەرچاوەکان بەبێ ڕەزامەندی ئەوان ئاشکرا بکرێت.
– نهێنی: نهێنی کاروباری گشتی و تایبەت، وەک لە یاسادا پێناسە کراوە، نابێت ببێتە هۆی نهێنی زیادەڕۆیی لە گواستنەوەی ڕووداوە گرنگەکاندا. بەرژەوەندی گشتی لە پێش هەموو ڕەچاوکردنی دیکەدایە.
– مافی مرۆڤ: کاتێک ئازادی ڕادەربڕین لەگەڵ مافە بەخشراوەکانی مرۆڤدا ناکۆکە، بڵاوکەرەوە و سەرنوسەرەکان بەرپرسیارن لە بڕیاردان کە کام ماف لە پێش یەکێکی ترەوەیە.
– سەربەخۆیی: ڕۆژنامەکان نابێت دووجاری فشاری دەرەکی بنەوە، چ لەلایەن حکومەتەوە، یا لەلایانە سیاسییەکان، یان بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، یان کەسانی تایبەت.
– ڕێکلامەکان: پێویستە ڕێکلامەکان بە ڕوونی پێناسە بکرێن بۆ جیاکردنەوەیان لە بابەتی بڵاوکردنەوەی رۆژنامەوانی.
رەوشی میدیایی و خۆبەڕێوەبردن.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە میانی کۆنفرانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕۆیۆمۆنت لە تیرانا لە ٢٥-٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٩ بەڕێوەچوو، ڕاهێنەران لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و سەرنوسەر و ڕۆژنامەنووسانی ١٩ وڵاتەوە ئەم بڕیارنامە و بەرنامەی کاریان پەسەند کرد:
* ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی لە پەرۆشی پرسی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیدان. حکومەت و پەرلەمانەکان خۆیان لە ڕێکخستنی ناوەڕۆکی میدیایی دەپارێزن.
* ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتەکان و پەرلەمانەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە حکومەتە کە چوارچێوەیەکی یاسایی دارێژن کە ئازادی ڕادەربڕین گەرەنتی بکات و دەسەڵات بە ڕۆژنامەنووسان بدات بۆ ئەوەی بە ئازادی پیشەکەیان پراکتیزە بکەن.
* دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەو بابەتانەی کە پێویستیان بە کردەوەی یاسایی هەیە، وەک زانیاری و ناوزڕاندن و چەمکەکانی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی وەک وردبینی و دادپەروەری، کە پەیوەندییان بە یاسادانانەوە نییە.
* ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری لە بنەڕەتدا بابەتی ویژدانی تاکەکەسییە و ئەمەش بنەماکانی بنەما ڕەفتارییەکان لە ڕۆژنامەگەریدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە پێویستە پیشەییەکانی میدیا خۆیان پەرەی پێبدەن.
* سەربەخۆیی نووسین و مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ بڕیاردانی بڵاوکردنەوە بەپێی پێوەرەکانی پیشەیی و ئەخلاقی پێشمەرجی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە. پێویستە ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئازادانە کاربکەن، دوور لە کاریگەریی ناڕەوا لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان.
* ڕۆژنامەگەری دروست و پیشەیی بەردی بناغەی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە. ستانداردەکانی ئەخلاقی پیشەیی و ڕۆژنامەوانی بەشێکی سەرەکین لە ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی.
* یەک مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری نییە کە لە سەرانسەری جیهاندا دووبارە بکرێتەوە. پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە هەر وڵاتێکدا پێکەوە کار بکەن بۆ دانان و پێداچوونەوە بە پێوەرە ستانداردەکان بۆ ئەخلاق و پیشەیی.
*جگە لە پێکهاتە، سیستەمی خۆبەڕێوەبردن دەبێت لەلایەن کەسانی پسپۆڕی میدیاوە دابنرێت.
* سیستەمی خۆبەڕێوەبردن دەبێت گرێ بدرێت بە بناغەکانی ئازادی میدیاوە. لە غیابی ئازادیی میدیایی و لە ژێر هەڕەشەدا، پێویستە پێشخستنی پێوەرە پیشەییەکان گرێبدرێتەوە بە بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری.
* ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانیان دەبێ بە دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری، متمانەی گشتی بە ڕاگەیاندنەکان بەرز بکەنەوە.
هەنگاوەکانی پێشخستنی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ و پیشەیی و چالاککردنی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی
ئەخلاق و ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی:
– پێکهاتەی وتارەکان بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەکانی ڕاهێنانی ڕۆژنامەگەری و ڕێکخراوە میدیاییەکان کە باس لە پرسە ئەخلاقییەکان دەکەن لە هەموو بوارەکانی ڕاهێنانی ڕۆژنامەگەریدا پەرەی پێبدرێت. باسکردن لە دووڕیانەکانی ئەخلاقی لەسەر بنەمای توێژینەوە و توێژینەوەی کەیسەکان بەشێکی سەرەکییە لە پێکهاتەی وانە.
– پێویستە کۆڕەکان لەسەر ستانداردە پیشەیی و ئەخلاقییەکان بێت، هەروەها ئەو مەرجانەی کە ڕۆژنامەنووسان هەوڵدەدەن بە پێوەرە ئەخلاقییەکانیان جێبەجێی بکەن.
– پێویستە دامەزراوەکانی ڕاهێنانی ڕۆژنامەگەری و ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکان هاوکاری یەکدی بکەن بۆ ئامادەکردنی شیکاری و لێکۆڵینەوەی میدیایی لەسەر ئەو پرسە جۆراوجۆرانەی کە لە ڕێسای ڕەفتاری ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی پێکراوە. ئەم بنەمایانە، یان بنەما سەرەکییەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، پێویستە بخرێنە ناو کەرەستەی ڕاهێنانەوە.
سەربەخۆیی نووسین:
پێویستە سەندیکا و کۆمەڵەکانی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکە و هەروەها فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان دەست پێشخەر بن بۆ هێنانە ناوەوەی ویژدان وەک بنەمایەکی ڕێنمایی لە ڕێکەوتن و ڕێسای دەستەجەمعیدا، مافی ئەوەی بە ڕۆژنامەنووسان بدرێت کە لەسەر بنەمای ویژدانی خۆیان بڕیاری نووسین بدەن. ئەم ڕێبازە لەسەر بنەمای ویژدان دەبێت ئەم مەرجەی خوارەوە لەخۆبگرێت:
ڕۆژنامەنووسان مافی ئەوەیان هەبێ بە رتکردنەوەی ئەرکێک لە ئەستۆ بگرن ئەگەر ئەو ئەرکە پێشێلی ئەخلاقی پیشەیی ڕۆژنامەنووسان بێت کە لە ڕێسای ڕەفتاری فیدراسیۆن و کۆمەڵەکان یان بەیاننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ڕێسای ڕەفتاری ڕۆژنامەگەری هاتووە.
بنەماکانی ڕەفتار و سیستەمی خۆبەڕێوەبردن:
– لە نەبوونی (غیابی) کۆدی یەکگرتووی ڕەفتاری کە لەلایەن نوێنەرانی ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، پێویستە ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکان کۆبوونەوە و لێژنەیەک پێک بهێنن بۆ ڕێککەوتن لەسەر بنەما گشتگیرەکان.
– وەک هەنگاوی دووەم پێویستە ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکان ئۆرگانێکی هەمیشەیی بۆ هاوکاری دابمەزرێنن بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پرەنسیپەکان لە میدیاکان و بەرگریکردن لە ستانداردە پیشەییەکان و ئازادی ڕۆژنامەگەری.
– پێویستە ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکان میکانیزمێک بۆ هۆشیارکردنەوەی جەماوەر لە پێویستی سەربەخۆیی ڕۆژنامەگەری و پێوەرە ئەخلاقییەکان بۆ پیشەکە دابڕێژن، چ لای خەڵکی گشتی و چ لە ڕێگەی دیکەوە. ئەمەش دەکرێت بۆ نموونە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی یان بڵاوکردنەوەی بابەت لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکان یان هاوبەشەکانیان.
– فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە هاوبەشەکانی دەبێت کاربکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سەندیکا و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێکی سەرەکی لە دامەزراندنی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەریدا بگێڕن.
– فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان پێویستە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە هاوبەشەکانی توێژینەوە پەرەپێبدات کە ئامانجیان دامەزراندنی ئۆرگانەکانە بۆ چاودێریکردنی ئەدای میدیا و بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری.
– فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان پێویستە لە هەموو کۆبوونەوە و سیمینارەکانیدا لە شوێنی گونجاودا پرسیار سەبارەت بە ئەخلاق بوروژێنێت.

