رۆژنامەی ھەولێر

لەبارەی تاکجەمسەری خوێندنەوەیەك بۆ گۆڕانكارییە گەورەكانی هاوسەنگی هێز لە جیهاندا

هەندرێن ئەحمەد
گۆڕانكارییە نوێیەكانی سیستمی نێودەوڵەتی، چیتر بە لۆژیكی پێناسە و تێگەیشتنە كلاسیكی ‌و باوەكان هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، دۆخەكە تۆڕێكی ئاوێتەیی‌ و تێكەڵاوی پڕ لەململانێیە، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات “ئەنتۆنیۆ گرامشی” پێی دەڵێ “قەیرانی بنیادی”، لەنێو خودی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. بەشێویەكی دیكە، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ، تەنها قەیرانی نیزامی نێودەوڵەتی نییە، بەڵكوو قەیرانی سەرمایەداریی نیولیبرالیزمییە، تەنگژەیەكی راگوزەرە لە شێوازێكی هەژموونگەرایی بۆ یەكێكی دیكە، كە خۆی لە ناسەقامگیری ‌و ركابەری كراوە دەبینێتەوە، لەنێوچوونی تاكجەمسەری ‌و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی چەند جەمسەریی! لە كۆتایی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت، وەك تێگەیشتنەكەی “شارلز كراو سامرە” كە دەڵی:”ترۆپكی چركەساتی تاكجەمسەری”ــیە، كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەەكانی ئەمریكا هەموو پێناسەكردنەوەی رەوایەتی ‌و ناڕەوایەتی نێودەوڵەتی قۆرخكردو‌و، بنەماكانی نەزمی نوێی جیهانی داڕشتەوە. پەیدابوونی تاكجەمسەری بە سەركردایەتیی ئەمریكا هەر سەركەوتنێكی جیۆسیاسیی نەبوو، بەڵكوو دەربڕی هەژموونی سەرمایەی (دارایی) ئەمریكی، دۆلاری كردە بنەمای نیزامی دارایی جیهانی ‌و شێوازی جیهانگیری نیولیبرالیزمی بەسەر جیهاندا سەپاند. بەڵام ئەم چركە ساتە مێژووییەی تاكجەمسەری بەرەو گۆڕانكاری دیالیكتی هەنگاو دەنێ و وەكو خۆی نامێنێتەوە، بۆیە هەرزوو دیتمان چۆن دووچاری قەیرانێكی بنیادی بوو. كاتێك قەیرانی دارایی 2008 سەری هەڵدا، چونكە چیتر نەیتوانی لەو شێوازەی بەرهەمهێنانی كەڵەكەبوو بەبێ قەیران بەردەەوام بێت، هەر گرامشییە دەڵێ “چینی سەردەست توانای سەركردایەتی لە دەست دەدات، بێ ئەوەی هێزە جێگرەوەكانی بتوانن نیزامێكی نوێ بسەپێنن”، ئەوەتا كۆماری چینی میللی بە سەركردایەتیی حزبی شیوعی وەك “هێزێكی سیستماتیك” نموونەیەكی جیاواز لەنێو خودی سیستەمی سەرمایەداری پێشكەش دەكات ‌و رۆڵی گەورەی جیهانی دەگێڕێت.
چین شێوازیێكی دیكەی سەرمایەدارییە ( بێ ئەوەی خۆی وەكو دەوڵەتێكی سۆسیالیستی، بلۆكی سۆسیالیستی لە بەرانبەر ئەوی دیكەی رۆژئاوایی سەرمایەداری رابگەیێنێت)، سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە ئاراستە دەكرێ ‌و پشت بە ناوەندێكی وەربەرهێنان،ژێرخان ‌و بەستنەوەی بازاڕ بە پلاندانانی ستراتیژی دەبەستێت، چونكە چین هەوڵی رووخاندنی نیزامی سەرمایەداری نادات، بەڵكو هەوڵی دابەشكردنەوەی هاوسەنگی لە ناوەندێتی دەدات، لە رێگەی پڕۆژەكانی “پشتێنەی ئابووری و رێگەی ئاوریشم”. ئەم پلانە هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان نییە، بەڵكوو میكانزمی رێكخستنەوەی رێگەكانی بازرگانی جیهانی ‌و تۆڕەكانی بەرهەمهێنانە. بەو مانایەی چین نموونەیەكی ئالنگاری‌ و رێگرییە بۆ هەژموونی ئەمریكا، بەڵام هەر لەناو خودی نیزامە سەرمایەدارییە جیهانییەكەدا. لەم سەردەمەدا گەڕانەوەی رووسیای ئیتیحادی وەك هێزێكی كۆن جەمسەر، دەیەوێ رۆڵی هەبێت، خۆی وەك دەوڵەتێكی سەرمایەداری ئۆلیگاریشی، كە پشت بە پێگەی جیۆسیاسی و ئابوورییەكی رەیعی (وزە) و هێزە سەربازییەكەی كە لە توانای ئابوورییەكەی گەورەترە دەبەستێت، لەم روانگەیەوە رووسیا رۆڵی پەكخستنی پلانەكانی ئەمریكا ودراوسێییە ئەوروپاییەکانیشی دەدات، تاوەكو بەشداربێ لە پرسە جیهانییەكان، لە ئەگەری دابەشكردنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، هاوپەیمانیشی لەگەڵ چین ‌و ئێران هەوڵكێكە بۆ ئەو هێزە هاوسەنگییە، بەڵام بە شێوەیەكی تاڕاددەیەك سنووردار، نەك رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ. ناسینی نەزمی نوێی جیهانی بە سێجەمسەری ( واشنتن و پەكین و مۆسكۆ) هەموو دۆخەكە پێناسە ناكات، چونكە خوێندنەوەیەكی بەم شێوەیە، هێشتا فۆرمێكی سەقامگیری نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە فرەجەمسەریی ناسەقامگیر، چونكە هێزەكان بەسەر چەندین ئاستی “ئاوێتە و دژ بەیەك” دابەش دەبن، هێزی دەوڵەتەكان، هەرێمەكان، كۆمپانیا سنووربڕەكان، تۆڕەكانی ئابووری و كاریگەرییەكانی تۆڕەكانی ئەنتەرنێت‌ و لێكەوتەكانی رۆڵیان هەیە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە بابەتەكەی جۆزێف نای بكەین لەبارەی “هێزە میانڕەوەكان”، لە دوای پێشكەوتنەكانی تەكنۆلۆژیای بواری پێوەندی “هێزی ژیریی دەستكرد”یش دەگرێتەوە، كە توانای دەوڵەتەكان تێپەڕ دەكات. بەكورتی ئاماژە بەچەند بابەتێك دەكەین كە بۆچوونەكە باشتر روون دەكاتەوە:
یەكەم: ستراتیژیەتی ئەمریكا (لە هەژموونگەراییەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاژاوەكان)، ئەمریكا هەر بەوە وازی نەهێنا وەك تاكە جەمسەری سەربازی و پۆلیسی جیهانی رۆڵی دەگێڕا، بەڵكوو هەوڵی خۆبەرهەمهێنانەوە دەدات لە رێگەی میكانزمی كەمخەرجتر و میانڕەوتر، واتە لەبری “داگیركردنی راستەوخۆ” سیاسەتەكانی گۆڕی بۆ “ئیمپراتۆریەتێكی قبووڵكراو”، بە گرتنەبەری بەكارهێنانی سیاسەتی ئیدارەدانی ململانێكان، لە رێگەی نمایندەكانی (الوكلاء‌)‌ و سەپاندنی سزاكان لە رێگەی میكانزمی جیۆئابووری و ئاراستەكردن ‌و كۆنترۆڵكردنی ژێرخانی تەكنولۆژیا ‌و زانیاری، شەڕەكان وەك بنەمای لاوازكردنی نەیارەكانی بەكار دەهێنێت. ئەم گۆڕانكارییە لە سیاسەتەكانی ئەمریكا، رێك وەك بۆچوونەكەی میشێل فۆكۆیە، لە تێگەیشتنی بۆ دەسەڵاتداری بەو پێیەی بریتییە لە “تۆڕێكی فرەوانی پەیوەندییەكان” نەك هەژموونێكی ناوەندی، كە ئەمریكا چیتر لە رێگەی هەژموونگەرایی سەربازی لە ئارادا نییە، بەڵكوو لە رێگەی “ئەندازەگرتنەوەی هەموو بوارەكانی جیهانی” خۆی دەنوێنێ.
دووەم: رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەك گۆڕەپانێكی بەرهەمهێنانەوەی هێز: شەڕەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیتر شەڕی باو و كلاسیكی نییە، بەڵكوو شێوازێكی نموونەیی “شەڕی تێكەڵاوە”، چونكە دۆخی جیوسیاسی لەگەڵ ئایین-تایفەگەرایی، ئابووریی لەگەڵ ئاسایش ‌و میدیا لە شەڕەكاندا ئاوێتەی یەكتری بوونەوە، هەموو بەیەكەوە وێنەیەکی نوێی شەڕەكان پیشان دەدەن، سەرەڕای قەیرانێكی بنیادی لە دروستبوونی ئەو دەوڵەتانە، كە خۆی لە “قەیرانی دەوڵەت”ـدا دەبینێتەوە. وادێتە پێش چاو كە هێزە هەرێمایەتییەكان تەنها داردەست نین، بەڵكوو بوونە بە كارەكتەری سیاسی لە ناوچەكەدا، ئەمەش جارێكی دیكە جۆرێك لە هاوسەنگی پێك دەهێنن. توركیا، ئێران وڵاتانی كەنداوی ، سیاسەتێك پیادە دەكەن دەكرێ ناوی بنێین “سەربەخۆیی ستراتیژیی رێژەیی”، بە جۆرێك جێگۆڕكێ لەنێوان هێزە گەورەكانی جیهان دەكەن لەسەر بنەمای لۆژیكی پراگماتیكی و بەرژەوەندیی نزیكمەودا، نەك وەكو پێشتر لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژییەکی دابڕاو سیاسەت بكەن، بگرە لەوەش بەرچاوتر، ئێستا كارەکتەرە هەرێمایەتییە نادەوڵەتییەكانیش رۆڵی دەوڵەت لەناو دەوڵەت بەپێی بەرژەوەندیی دەركی دەگێڕن. بۆیە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی نیوەڕاست تەنها گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ نین، بەڵكوو گرێكوێرەی سەرمایەداریی جیهانین، چونكە ناوچەكە بەسەرچاوەیەكی سەرەكی وزە‌ و رێڕەوە بازرگانییەكان دادەنرێت، لەو شەڕەی ئەمریكا‌ و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بەڕووونی دیارە ململانێیە بۆ سەرچاوەی وزە ‌و دابەشكردنەوەی ناوچەی هەژموون‌ و كۆنتڕۆڵكردنی رێڕەوەكانی بازرگانیی جیهانی، كە شەڕ(ناوی شەڕی رەوا و ناڕەوای لەسەر ناسەپێت)، بووەتە میكانزمێك بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی بواری ئابووریی جیهانی.
سێیەم: ئەوروپا هێزێكی ئابووریی پاشكۆی پەراوێزخراو لە گۆڕانكارییەكانی جیهانیدا: باسكردن لە دۆخی ئەوروپا، پێویستی بە بابەتێكی تایبەتتر هەیە بە فرەوانی شی بكرێتەوە، لە دەرفەتێكی دیكەدا قسەی لەسەر دەكەین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێستا پێویستە بگوترێت، وڵاتانی ئەوروپا سەرەڕای توانا ئابووری ‌و كاریگەرییەكەیان، بەڵام لە دۆخێكی سەرلێشوان‌ و لەدەستدانی ستراتیژیی سەروەریدا دەژین، واتە وڵاتانی ئەوروپا وەك ئەندامی یەکیەتیی ئەوروپا و رێكخراوی ناتۆ، ئێستا كەوتوونەتە پەراوێزی گۆڕانكارییەكانی ئەندازەكردنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، وەك یۆرگن هابرماس دەڵێ، نەیانتوانی پرۆژەی یەكگرتوویییان وەك كارەكتەرێكی سیاسی تەواو بكەن، پرۆژەی مۆدرنیتە تەواو نەكرا. ئەوروپا هەربە پاشكۆیی پێرەوی سیاسەتەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆیان هەڵپەسارد، بە مشێوەیش رۆڵی یەکیەتیی ئەوروپا وەك كارەكتەرێكی سیاسی بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا خاوەن هێزێكی ئابووری و جیوسیاسی ئەوتۆیە كە توانای بنیادی هەیە لەو قەیرانە دەربازی ببێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەتوانن بە یەكگرتوویی ئەوە بكەن ‌و خۆیان لە پەراوێزی سیاسیی جیهانی دەربازبكەن‌ و ببنە كارەكتەرێكی سیاسیی رێژەیی؟ لەم بارودۆخەدا ، ئایا چەمەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان وەكو خۆی ماون؟ چەمكە كلاسیکەكان، بە تایبەتی چەمەكەكانی قوتابخانەی واقیعی وەك لەلای هانس مۆرگن ساو، چیتر ناتوانن هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی جیهانێكی تێكئاڵاو بكەن، جیهانی نوێ، سەردەمی جیهانگیری سەروەری وڵاتانی خستەژێر پرسیار، ئابووری سنووربڕ ئاسایشی نەتەوەیی دەستەوەستان كرد، جۆرو هەڵایسانی شەڕەكان، پرسی رەوایەتی ‌و ناڕەوایەتی گوتارە میدیاییەكانی سەرلێشواو كردووە. بەم دۆخەوە ئێمە لەبەردەم پێداویستییەكی گرنگی هەنووكەیین، كە پێویستە جارێكی دیكە بوارێكی نوێ بۆ داڕشتنەوەی تیۆرەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بكەینەوە، لەسەر بنەمای نوێ، كە هەڵوەشانەوەی ناوەندێتی و بەرفرەبوونی كارەكتەرە سیاسیە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكان ‌و هەڵپەساردنی بەڵگەنامە‌و پەیاماننامەكانی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرێت. هەنووكە نەتەوەیەكگرتووەكان دوای زیاتر لە حەفتاوپێنج ساڵ لە دامەزراندنی، وەك دامەزراوەیەكی پەكخراو و پەراوێزخراو لە رووداوە جیهانییەكاندا دێتە پێش چاو، ئەمەش بەهۆی پێكهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش و مافی ڤیتۆی پێنج دەوڵەتە هەمیشەییەکە، لێرەدا بە ڕوونی ناكۆكی لەنێوان رەوایەتی یاسای نێودەوڵەتی و واقیعیەتی سیاسی بەدیار دەكەوێت. هێزە گەورەكانی جیهان بەتایبەتی ئەمریكا، وەها مامەڵە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات، كە میكانزمێكی داردەستەیە، ئەوەش رێك ئەو بۆچوونەیە كە ئیدوارد كار پێناسەی دەكات و دەڵێ: “نیزامی دەولی رەنگدانەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانییە نەك بەهاكان (دادپەروەری، ئازادی، دیموكراسی) (القیم المجردة)، هەربۆیە پاشەكشێ ‌و هەڵوەشانەوە لە جیهانگیری نیولیبرالیزمدا دەبینین، كە خۆی لە گەڕاندنەوەی سەرمایەیە بۆ ناو دەوڵەت ‌و بەدیاركەوتنی سیاسەتی “ئەمریكا لەپێشدا” بە نموونەی خۆپارێزی (الحمایة) دەنوێنێ، كە دەوڵەتەكان ناچارن لەگەڵ واقیعیەتی سیاسی خۆ بگونجێنن. بۆ تێگەیشتن لە رووداوە هەنووكەییەكان، پێویستە خۆمان لە دووانە كلاسیکەكان رزگاربكەین (شەڕ و ئاشتی، ناوەندێتی و پەراوێز، باكووری دەوڵەمەند‌ و پێشكەوتوو لە بەرانبەر باشووری هەژار و دواكەوتوو)، واتە پێویستە لە جوغزێكی فرەوانترەوە سەیری جیهان بكەین، لەسەر بنەمای ئابووریی سیاسی جیهانی، شیكردنەوەی چیرۆكە سەپێنراوەكان و هەژموونی کولتووری ‌و تیۆرییەكانی دوای كۆلۆنیالیستی (داگیركاریی راستەوخۆ)، چونكە لە سەردەمی نوێ، هێز تەنها داگیركردنی خاك نییە، بەڵكوو داگیركردن و كۆنتڕۆڵكردنی چەمك ‌و مانا بەخشینە بە رووداوەكان ‌و “گێڕانەوەی زاڵەكان”، واتە پێدانی تێگەیشتنە بەهەر كارێك، تەنانەت ئەگەر دژی لۆژیکی تێگەیشتنی كلاسیكیش بوو لە رووداوە سەردەمییەكاندا. لە كۆتایی ئەم بابەتەدا دەتوانین بە كورتی بڵێین: سیستەمی نێودەوڵەتی لە قۆناخی نوێی دروستبوونەوەدایە، پەڕینەوە لەو سیستمە بۆ نیزامێكی نوێی (دوای سەرمایەداری)، هێشتا بە تەواوی فۆرمەڵە نەبووە، واتە هەنگاونانە بۆ فرەجەمسەری لەناو خودی سەرمایەداریدا، ئەو نیزامە نێودەوڵەتییە نوێیە، بە سیمای فەوزای (ئەنارشیزمی) رێكخراو، لەهەموو سووچێكی ئەم جیهانە هاوبەش‌مانایە دەناسینەوە، لەم سەردەمەدا هەژموونی راستەخۆ پاشەكشێ دەكات، هەرچەندە لەناو ناچێت‌ و هێزی نوێ پەیدادەبن، بەڵام سەقامگیری ناهێنێ. بۆیە پرسیاری سەرەكی بریتییە لە قسەكەی هێنری كسینجەر كە دەڵێ “گرنگ نییە چۆن نەزمی جیهانی مسۆگەر دەكەین، بەڵكو چۆن ئیدارەی دەدەین‌ و بەبێ ئەوەی هەرەس بهێنێ”، ئەم چركەساتە مێژووییە كراوەیە، تێیدا سیاسەت ململانێ نییە لەسەر هێز، بەڵكوو ململانێیە لەسەر پێناسەكردنەوەی خودی جیهان بەهەموو لێكەوتەكانیەوە.