ئاری ئاغۆک*
بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە هۆشیاریی ژینگەیی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن، لە ڕۆژانی ڕابڕدوو لە لایەن چەند ڕێکخراوێکی ژینگەیی (پڕۆژەی داهێنانی ژینگەیی لە قوتابخانە) ئەنجام درا، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە لە چەند خالێک خۆی دەدۆزیەوە کە هەموویان لە پێناو زیاتر گرنگی دان بوو بە هۆشیاری ژینگەیی و پڕۆژەی داهێنانی ژینگەیی لە قوتابخانە لەلایەن خودی قوتابیەوە.
لەم پڕۆژەیەدا لە چالاکی کرداری چەند خولێکدا قوتابی چەند قوتابخانەیەک بە شێوەی گروپ دابەشکرابوون، بۆ ئامادەکردنی بیرۆکە ژینگەییەکانیان، تا لە ساڵی نوێی خوێندن جێ بەجێ بکرێت، کە پەیام و ئامانجەکانیان بریتی بوون لە:
-بیرکردنەوەی بەرنامەی داڕێژراو.
-دیاریکردنی ئاڵنگاریە ژینگەییەکانی قوتابخانە.
-دۆزینەوەی چارەسەر.
-گۆڕینی بیرۆکە بۆ پڕۆژە.
-گەشەپێدانی نموونەی سەرەتایی.
-پێشکەشکردنی پڕۆژەکان.
-ڕێنمایی و جێ بەجێکردن.
ئەم پلانانە و چەندین پلانی تر لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا خۆی دۆزیەوە، کە هەر قوتابخانەیەک لە گروپێکی پێنج کەسی دا ( ٤ ) بیرۆکە پڕۆژە پێشکەشکرا و دواتر لە هەر قوتابخانەیەک ( ١) بیرۆکە دەستنیشان کرا بۆ ئەنجام دانی.
ئێمەش وەک ( لیژنەی دادوەری – هەڵسەنگاندنی بیرۆکە ژینگەییەکان) بەشداربووین، دوای پێشکەشکردنی هەر بیرۆکەیەک لە هەر قوتابخانەیەک لە گروپێکی قوتابی پێنج کەسی، لەئەنجام دا باشترینیان پەسند کرا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و دەست خۆشی بوو، چەند خاڵێکی ئیجابی جوان بەدی کرا، بۆیە لەلای من بووە هەوێنی نووسینی ئەم ووتارە ژینگەییەم ئەمانیش بریتی بوون لە:
١- سەرجەم بیرۆکە ژینگەییەکان لە لایەن قوتابیانە تاوتوێ کرابوو، ئینجا پێشکەشکرا.
٢- هەر بیرۆکەیەک جوانی و بایەخی و گرنگی خۆی هەبوو، لە چوارچێوەی بیرۆکە و حەزی ئیشکردنی خۆیان.
٣- هەر گروپێک لە پێنج قوتابی پێکهاتبوو، هەر یەکەیان بە متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە لە ستەیج بابەتەکەیان پێشکەش کرد.
٤- لە کاتی پرسیار و گفتوگۆ قوتابیانی بەشداروبوو، زۆر بە وورە بەرزییەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە.
٥- زۆر بە ووردی لە ڕووی زانستیەکەوە بیرۆکە ژینگەییەکانیان تاوتوێ کرابوو.
٦- داتا و خەرجی سەرجەم کەرستە و بابەتە ژینگەییەکانیان دیاریکردبوو.
٧- سەرجەم قوتابیانی بەشداربوو بە شێوەی ئارەزوومەندانە بەشداربوون کە حەزێکی زۆریان لێ بەدی دەکرا.
ئەمانە هەمووی ببوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێمە وەک لیژنەی دادوەری زۆر بە ووردی و ئەمانەت و بە ویژدانەوە، باشترین پڕۆژە لە ڕێگەی خاڵبەندییەوە دەستنیشان بکەین. لەئەنجام دا ٣ پرۆژەی باش و جیاوازی ژینگەیی هەڵبژێردران، بێگومان ئەم پڕۆژە و چالاکیە ژینگەییانە جێگای دەستخۆشی بوو، بەهۆی ئەوەی قوتابیان خۆیان خاوەن بیرۆکە و بڕیاردەر و دەستنیشانکردنی کێشە ژینگەییەکانی قوتابخانە و چەندین لایەنی دیکەی ژینگە بوون، کە ئێستا لەم قۆناغ و سەردەمەدا پرسی ژینگە بۆتە خەمی هەمووان و دەبێت هەر یەکەمان لە شوێن و پێگەی خۆمانەوە هەوڵی خەمخۆرانەی بەکردار بۆ بدەین.
بۆیە ئەم جۆرە چالاکیانە بۆ قوتابیان دەبێتە دەسپێکێکی باش کە دوای قۆناغی ئامادەیی لەخوێندن ، بە ئامادەسازیەکی باشەوە لە قۆناغی زانکۆ دا وەک پێشەنگ و خاوەن بیرۆکەی ژینگەیی لەوێش داهێنان بکەن، من دڵنیام ئەم جۆرە هەوڵانە وا لە قوتابی دەکات، لە تەک پەروەردە و خوێندن دا لە داهاتوویەکی نزیک دا ببنە ڕێبەر و تاکێکی هۆشیار بە رانبەر بەژینگە وخاک و نیشتیمان.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

