رۆژنامەی ھەولێر

یادی ( 38 ساڵ )ەی کیمیاباران و ئەنفالی گۆپتەپەی بەرز ڕاگرت

ئەمڕۆ شەممە 2026.5.2، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئینیستیتوتی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، مەراسیمێکی بۆ یادی ( 38 ساڵ )ەی تاوانی کیمیاباران و ئەنفالی ( گۆپتەپە )ی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

لە مەراسیمەکەدا، تیشک خرایە سەر قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە و ئەو ستەمە گەورەیەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی ناوچەکە ئەنجامدرا. پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی مەراسیمەکە و ئینیستیتوتی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، بۆ ڕێکخستنی ئەم یادە و هەوڵەکانیان لە بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و ناساندنیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە کارە مرۆیی و نیشتمانییەکانیاندا.

هەروەها، جەختی لە گرنگی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ئەم كارەساتە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم یادانە بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامەی نەتەوەییمان و پێویستە نەوەکانی داهاتوو لە قوربانیدانی گەلەکەیان بێئاگا نەبن.