رۆژنامەی ھەولێر

چۆن بە سیستمی خۆراکی ڕێگە لە شێرپەنجەی مەمک بگرین؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

شێرپەنجەی مەمک شێرپەنجەەکی هەرە کوشندە و بەربڵاوە لە نێو خانماندا، کە ئەگەری سەرهەڵدانی لە هەموو تەمەنێکدا هەیە. ئەم نەخۆشییە بریتییە لە گەشەکردنی خانەکانی مەمک بە شێوەیەکی نائاسایی و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی جەستە؛ نێر و مێ تووش دەکا، بەڵام ڕێژەی تووشبوون لە نێو خانماندا زۆر بەرزترە.

دکتۆر ژیان خەلیل مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، خانە شێرپەنجەییەکان بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە دەگوازرێنەوە و باری تەندروستی نەخۆشەکە بەرەو ناجێگیرییەکی مەترسیدار دەبەن. دکتۆر ژیان لێرەدا تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی “خۆراک” وەک قەڵغانێکی بەهێز بۆ خۆپاراستن و گرنگترین ئەو خۆراکانە دیاری دەکات کە مەترسی تووشبوون کەم دەکەنەوە.
میوە و سەوزەکان؛ ١٥٪ مەترسییەکان کەم دەکەنەوە و بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، خواردنی بەردەوامی میوە و سەوزە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە ڕێژەی ١٥٪ کەم دەکاتەوە. باشترین جۆرەکانیش بریتین لە:
• برۆکلی، بێری و قۆخ. ڕیشاڵ و دژەئۆکسانەکان، ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ و دژەئۆکسان، ڕێگری لە گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان دەکەن. ئەم ماددە سوودبەخشانە لەم خۆراکانەدا بە ڕێژەیەکی بەرز بەردەستن:
• سپێناخ، گێزەر، مۆز، پرتەقاڵ، گوێز، شوکولاتەی ڕەش و شیلک.
چەورییە بەسوودەکان لەبری چەورییە زیانۆکەکان
خواردنی چەورییە ناتەندروستەکان دەبێتە هۆی قەڵەوی، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی مەترسی شێرپەنجە. لە بەرانبەردا، جەستە پێویستی بە چەورییە تەندروستەکانە کە لەمانەی خوارەوەدا هەن:
• زەیتی زەیتون، ئەڤۆکادۆ، گوڵەبەڕۆژە، شەوچەرە (چەرەزات) و ماسیی سەلەمون.
ڤیتامینەکان بەتایبەتی ڤیتامین دی
دکتۆر ژیان خەلیل جەخت لە گرنگیی ڤیتامینەکان دەکاتەوە، بە تایبەت ڤیتامین دی، کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە ڕێگەگرتن لە زیادبوونی خانە شێرپەنجەییەکان و مەترسیی تووشبوون بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم ڤیتامینەش بریتین لە: زەردێنەی هێلکە، جگەری گا، ماسیی تۆنا و پەنیر.