رۆژنامەی ھەولێر

جوانییەکی کاتی و زیانێکی بەردەوام؛ زیانی وشکۆکەر و ئوتووی قژ

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

بەشێكی زۆری خەڵك، بەتایبەتی خانمان، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان خاوەنی قژێکی جوان و بریقەدار بن. بۆ ئەم مەبەستەش پەنا بۆ بەکارهێنانی وشکۆکەر (Hairdryer؛ وشککەرەوە) و ئوتووی قژ دەبەن وەک دوو ڕێگەی خێرا بۆ ڕێکخستنی قژ، بەڵام زۆرێک بێئاگان لەوەی بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم ئامێرانە تەندروستیی قژیان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

گەرما؛ دژمنی تاڵ‌تاڵی قژ
قژ پێکهاتەیەکی ناسکی هەیە و تەنانەت تیشکی ڕاستەوخۆی خۆریش زیانی پێ دەگەیەنێت. بەکارهێنانی وشکۆکەر بە تێپەڕبوونی کات قژ تەنک دەکاتەوە و ڕەونەقەکەی ناهێڵێت. هەروەها گەرمییەکی زۆر دەبێتە هۆی تێکشکانی شانەکانی قژ و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵوەرین و دروستبوونی هەستیاری لە پێستی سەردا.
تێڕوانینە هەڵەکان دەربارەی بای سارد
زۆر کەس پێیان وایە زیانەکان تەنها لە گەرمیدایە، بەڵام پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە بای ساردی وشکۆکەرش ئەگەر خێراییەکەی زۆر بێت، دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و شکانی تاڵەکان. هەر بۆیە پێویستە خێراییەکی مامناوەند هەڵبژێردرێت، چونکە زیانەکانی بای سارد کەمترن، بەڵام بێ زیان نین.
زیانەکان بۆ سەر مێشک
جێگەی سەرنجە کە ئەو شەپۆلە کارۆموگناتیسیانەی لە وشکۆکەری قژەوە دەردەچن، لە شەپۆلەکانی مۆبایل زیاترن. ئەم شەپۆلانە دەکرێت مەترسی بۆ سەر مێشکی مرۆڤ دروست بکەن، هەر بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت بەکارهێنانیان کەم بکرێتەوە، بەتایبەتی بۆ منداڵان کە مێشکیان لە قۆناغی گەشەدایە.
ڕێنماییەکان لە کاتی بەکارهێنانی وشکۆکەری قژ :
بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، باشترە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
1. قژی تەڕ مەدەرە بەر وشکۆکەری قژ : قژ لە کاتی تەڕیدا لە هەموو کاتێک لاوازترە. پێش بەکارهێنانی قژوشکۆکەر، قژت بە خاولی بە باشی وشک بکەرەوە.
2. پێویست بە شێ هەیە: ڕێگە مەدە وشکۆکەری قژ کە قژت بە تەواوی وشک بکاتەوە، چونکە هەمیشە قژ پێویستی بە بڕێک شێی سروشتی هەیە.
3. دووریی گونجاو: پێویستە ئامێرەکە (١٢ بۆ ٣٠ سم) لە قژەوە دوور بێت و بە گۆشەی ٩٠ پلە دابنرێت بۆ ئەوەی ڕەگی قژەکە نەسووتێت.
4. دوای رەنگ (بۆیاخ) بەکاری مەهێنە: ڕاستەوخۆ دوای رەنگاندنی قژ، وشکۆکەری قژ بەکار مەهێنە چونکە قژەکە زیاتر تووشی شکان دەبێت.

ئامۆژگارییەکان بۆ ئوتووکردنی قژ:
ئەگەر ئوتووی قژ بەکار دەهێنیت، پێویستە بە شێوازی ستاندارد بێت:
• پاکوخاوێنی: تەنها کاتێک قژت بە تەواوی پاکە ئوتووی بکە؛ چونکە گەرمی لەگەڵ چەوری و پیسی، زیانی قەرەبوونەکراوە بە قژ دەگەیەنێت.
• قژی شێدار ئوتوو مەکە: ئوتووکردنی قژی تەڕ یان شێدار گەورەترین هەڵەیە و دەبێتە هۆی “سووتانى” تاڵە قژەکان.
• پارێزەرەکان: بەر لە ئوتووکردن، کەمێ کرێم یان سیرۆمی پارێزەر بەکار بهێنە کە وەک پەرژین (کەڤەر)ێک ڕێگری لە سووتانی قژ دەکات.
• کۆمەڵەی بچووک: قژت بکە بە چەند بەشێکی بچووکەوە بۆ ئەوەی بە یەک جار ئوتووکردن ڕاست ببێتەوە و پێویست نەکات چەند جارێک گەرمای لێ بدەیتەوە.
لە کۆتاییدا، باشترین ڕێگە بۆ پاراستنی جوانیی قژ، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەم ئامێرانەیە و سنووردارکردنیانە تەنها بۆ کاتە زۆر پێویستەکان.