مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
دوای ئەوەی لە گەڕی ٣١ی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەکانی هەولێر و دهۆک سەرکەوتنیان بە دەست هێنا و زاخۆ و نەورۆزیش لە یارییەکانیاندا یەکسان بوو، رۆژانی هەینی و شەممە (سبە و دووسبەی) گەڕی ٣٢ی یارییەکانی خولەکە بەڕێوە دەچێ، بە هۆی نزیکبوونەوەی پەیتاپەیتا لە کۆتایی خولەکە، ڕکەبەرییەکان گەرمتر دەبن و یانەکان هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بە تۆمارکردنی ئەنجامی باش دەخەنە گەڕ. تیپەکانی پێشەوە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە ڕیزبەندی پێشەوە و تیپەکانی خوارەوە، بۆ خۆدەربازکردن لە مەترسیی دابەزین، دەکۆشن.
هەولێر – کەرخ (شەممە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە)
یانەی هەولێر دوای ئەنجامدانی دوو لە یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا بەرانبەر یانەکانی جەویە و تەڵەبە و هێنانەوەی چوار خاڵ، رۆژی شەممە کاتژمێر ٠٥:٠٠ـی ئێوارە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، میوانداریی یانەی کەرخ دەکات. یانەی هەولێر خاوەنی ٦٣ خاڵە و دەیەوێ بە هەر نرخێک بێ سەرکەوتن بە دەست بهێنێ و نێو یاریگەی خۆی و پاڵپشتیی هاندەرانی و توانا و ئاستی یاریزانانی و تیمی تەکنیکی بخاتە گەڕی و بیکاتە فاکتەری بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە، لەو بارەدا، یانەی شوڕتە هەر ئەنجامێکی شکست، یان بەرانبەربوونی بێتە ڕێ، هەولێر یەکسەر دەچێتە خانەی دووەمی ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق. بە هۆی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی خولەکە و ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی یانەی هەولێر، چاوەڕێ دەکرێ ژمارەیەکی زۆری هاندەران لە یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری ئامادە بن.
یانەی کەرخ بە ٤٩ خاڵ لە خانەی هەشتەمی ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە پێگەکەی لە دەست نەدا، بۆ ئەو مەبەستە بۆ بردنەوە یان لانی کەم یەکسانبوون لەگەڵ قەڵای زەرد یاری دەکات.
زاخۆ – نەوتی میسان (هەینی کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارەی ئێوارە)
یانەی زاخۆ، کە بە کۆکردنەوەی ٥١ خاڵ لە خانەی حەوتەمی ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقدایە و ئەنجامەکانی تا ڕاددەیەکی زۆر باشن، لە نێو یاریگە تۆقێنەرەکەی خۆی ڕووبەڕووی یانەی نەوتی میسان دەبێتەوە. ئەو یاریگەیەی وا ناسراوە کەم یانە لەنێویدا دەتوانێ یانەی زاخۆ بەرزەفت بکات.
یانەی نەوتی میسانیش، کە بە ٣٠ خاڵ لە خانەی ١٥ـیەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە، مەترسیی ئەوەی لەسەر یانەکانی داوی خۆی پێی بگەنەوە و بکەوێتە ناوچەی مەترسی بۆ دابەزین، بۆیە هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە لە زاخۆوە بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بگەڕێتەوە میسانی باشووری عێراق، بەڵام کوڕانی دەلال ئەستەمە ئەو نێچیرە لە دەست خۆیان بدەن و نایانەوێ لە نێو یاریگەی خۆیان، دڵی هاندەرانیان لە خۆیان بڕەنجێنن.
گەرمە – نەورۆز، هەینی کاتژمێر ٠٧:٣٠ی ئێوارە
یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی، کە لە سەرەتاکانی خولەکەدا ئەنجامەکانی وەکوو پێویست نەبوون و لە ریزبەندییەکانی خوارەوەدا دەبینرا، بەڵام دوای هەندێ گۆڕانکاریی هونەری، تیپەکە ئاست و ئەنجامەکانی باش بوون، بە تایبەت لە نیوەی دووەمی خولەکەدا، یانەی نەورۆز بە ئاستێکی بەرز بەرانبەر تەنانەت یانە گەورەکانی پێشەوەی ڕیزبەندییش یاری دەکات.
نەورۆز سبەی هەینی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و دوور لە هاندانی پڕجۆش و خرۆشی هاندەرانی یانەکە، بەرانبەر گەرمە یاری دەکات و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەنجامێکی باش بە دەست بهێنێ و بچێتە پێشەوەی ڕیزبەندیی یانەکانی خولەکە، کە ئێستە بە کۆکردنەوەی ٤٤ خاڵ لە خانەی نۆیەمی خولەکەدا دێت و ٥ خاڵ لە خانەی خاوەن هەشتەم کە یانەی کەرخە دوورە و دەیەوێ هیچ خاڵێک لە کیس نەدا. ئەمە لە کاتێکدایە یانەی گەرمە بە یانەیەکی هەرە دەوڵەمەندی عێراق ناسراوە و ئەیمەن حوسێن، ئەو یاریزانەی بە گۆڵەکەی هەڵبژاردەی عێراقی گەیاندە مۆندیال، لەو یانەیەدایە.
یانەی گەرمە سەرەڕای بۆندە گرانبەهاکانی، بەڵام بە کۆکردنەوەی ٥٣ خاڵ لە خانەی شەشەمی ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقدایە. دەیەوێ نێو یاریگەکەی بکاتە سەکۆی بردنەوە و سێ خاڵ بخاتە سەر خەرمانی خاڵەکانی و لە یانەی زەورای خاوەن خانەی پێنجەم نزیک بێتەوە کە بە ٥٨ خاڵ لە خانەی پێش ئەودایە.
زەورا – دهۆک، هەینی کاتژمێر ٠٧:٣٠ی ئێوارە
یانەی دهۆک، کە لە نێو یانە کوردستاییەکانی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ریزبەندیدا لە خوارەوەی هەموویانە و بە کۆکردنەوەی ٤١ خاڵ لە خانەی یازدەیە، لە ئەرکێکی سەختدا لە شاری بەغدا ڕووبەڕووی یانەی زەورا دەبێتەوە، کە یانەی زەورا هێشتا لە ململانێدایە بۆ گرتنی خانەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی و بە ٥٨ خاڵ بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ یانەی تەڵەبە لە خانەی پێنجەمە و تەڵەبەیش لە خانەی چوارەمە، بەڵام هەردووکیان ٥ خاڵ لە یانەی هەولێری پایتەختی کوردستان دوورن، کە خاوەنی ٦٣ خاڵە.
یانەی دهۆک سەرەڕای ئەوەی لە ریزبەندیی ١١ـدایە، بەڵام ئەزموونی زۆری یانەکە و یاریزانانی، وا دەکەن لە یاریی یانە گەورەکاندا هەمیشە بە ئاستێکی باش و وەکوو تیپێکی بەهێزی سەرەوەی ریزبەندی دەربکەون. بۆیە یارییەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ یانەی زەورا ئاسان نییە و هەڵۆی چیاکان بە هیچ جۆرێک و هیچ کاتێک پاروویەکی ئاسان نەبووە بۆ هیچ یانەیەک. دهۆک لەگەڵ یانەی خاوەن ریزبەندیی نۆیەم تەنیا سێ خاڵی جیاوازە، بۆیە دەیەوێ بە بردنەوە لەو یارییە و هەر ئەنجامێکی تیپەکانی خاوەن خانەی نۆیەم و دەیەم، خۆی ڕاستەوخۆ بچێتە ریزبەندی نۆیەم و لەوێ پێگەی بەهێز بکات.
یارییەکانی دیکەی گەڕی ٣٢ی خولی ئەستێرەکانی عێراق:
هەینی ١/٥/٢٠٢٦
دیالە – تەڵەبە، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە
شوڕتە – نەوت، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە
شەممە، ٢/٥/٢٠٢٦
ئەمانەی بەغدا – قاسم، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە
مووسڵ – غەڕڕاف، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە
کارەبا – نەجەف، کاتژمێر ٠٧:٣٠ی ئێوارە.
مینا – قوەی جەوییە، کاتژمێر ٠٧:٣٠ی ئێوارە.
ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق پێش یارییەکانی گەڕی ٣٢
١- جەوییە ٧١ خاڵ
٢- شوڕتە ٦٤ خاڵ
٣ – هەولێر ٦٣ خاڵ.
٤- تەڵەبە ٥٨ خاڵ
٥- زەورا ٥٨ خاڵ.
٦- گەرمە ٥٣ خاڵ.
٧- زاخۆ ٥١ خاڵ.
٨- کەرخ ٤٩ خاڵ.
٩- نەورۆز ٤٤ خاڵ.
١٠- دیالە ٤٢ خاڵ
١١- دهۆک ٤١ خاڵ.
١٢- مووسڵ ٤٠ خاڵ
١٣- نەوت ٣٩ خاڵ.
١٤غەڕڕاف ٣٧ خاڵ.
١٥- نەوتی میسان ٣٠ خاڵ.
١٦ – ئەمانە ٢٩ خاڵ.
١٧- مینا ٢٩ خاڵ.
١٨- کارەبا ٢٧ خاڵ.
١٩- نەجەف ١٥ خاڵ.
٢٠- قاسم ٣ خاڵ.
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کات و ساتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕەکانی ٣٣ و ٣٤یشی دیاری کردووە. کە تێیدا یانەی هەولێر چوارشەممەی داهاتوو لە نێو یاریگەی خۆی ڕووبەڕووی یانەی کارەبا دەبێتەوە، هەروەها یانەی دهۆکیش لە نێو یاریگەی خۆی بەرانبەر نەوتی میسان و نەورۆز لە ئەرکێکی سەختدا بەرانبەر شوڕتە لە سلێمانی یاری دەکات. یانەی زاخۆیش لە بەغدا دەبێتە میوانی کەرخ.
یارییەکانی گەڕی ٣٣ی خولی ئەستێرەکانی عێراق
سێشەممە ٥/٥/٢٠٢٦
دهۆک – نەوتی میسان، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئیوارە
نەورۆز – شوڕتە، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەوت – گەرمە، کاتژمێر ٠٨:٠ی ئێوارە
تەڵەبە – زەورا، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
چوارشەممە ٦/٥/٢٠٢٦
هەولێر – کارەبا کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
قاسم – مینا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
غەڕڕاف – دیالە، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
کەرخ – زاخۆ، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
قوەی جەوییە – مووسڵ، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
پێنجشەممە ٧/٥/٢٠٢٦
نەجەف – ئەمانەی بەغدا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە.
یارییەکانی گەڕی ٣٤
یەکشەممە ١٠/٥/٢٠٢٦
دهۆک – قاسم، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
مینا – زەورا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەوتی میسان – نەوت، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
گەرمە – قوەی جەوییە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
شوڕتە – غەڕڕاف، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
دووشەممە ١١/٥/٢٠٢٦
کارەبا – نەورۆز، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
کەرخ – ئەمانەی بەغدا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەجەف – هەولێر، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
مووسڵ – تەڵەبە، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
زاخۆ – دیالە، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە

