رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم, د. ڕەفیق سابیر

یاسین قادر بەرزنجی

کاک ڕەفیق شەش ساڵ لە من گەورەتر بوو، بەڵام بەهۆی بەرهەمە ناوازەکانی و قەڵەمە دەگمەنەکەی و زەردەخەنەی هەمیشەییەکەی سەر لێوەکانی و بە هۆی زمانە شیرینەکەی و لەخۆبردووییەکەی ئەو زاتەوە، بووینە هاوڕێیەکی دڵ پڕ لە خۆشەویستی بۆ یەکتر.
کاک ڕەفیقی رووناکبیری سەنگین و خاوەن بەخشش، یەک لەو ناوە گەورانەیە کە کتێبخانەی کوردیی بە شیعر و توێژینەوەکانی دەوڵەمەند کردووە و، شیعرە وەرگێڕراوەکانیشی ئەدەبیاتی کوردییان بە گەلانی تر ناساندووە.
من ئەمەکدارم بەرامبەر ئەو برا گەورەیەم لە گەلێک ڕووەوە، لەوانەش:
کە لە بەغدا سەرباز بووم دوور لە چاوە زیتەکانی دژمن، ڕۆژنامەکانی ڕێگای کوردستان و (طريق الشعب)ــی لە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی دەدامێ، یان ئەرکی دەکێشا و دەهاتە ئەو هوتێلەی لێی بووم نزیک شۆڕیجە و بۆی دەهێنام، هاوکات چەند جارێک لە ڕێی ئەو خۆشەویستەوە بەرهەمم بە ناوی خوازراوەوە لە ڕۆژنامەی (بیری نوێ)دا ڕووناکییان بینیوە.
کە داواشم لێ کرد کورتەپێشەکییەک بۆ چوارەمین چاپی کتێبی (مەرگی وەنەوشە)م بۆ بنووسێ بە قەڵەمە جوانەکەی ئەو شانازییەی پێ بەخشیم.
دکتۆر گیان، لە دیدارەکانی دوای ڕاپەڕینمان، لە مەڵبەندی کوردۆلۆژی و لە هەندێ دیداری نێو دۆستاندا، هێندەی تر خۆشم دەویستی و هەمیشە دەستخۆشیی ئەوەت لێ دەکردم کە بەر لە وێرانکردنی شاری قەڵادزەی زێدی خۆت، کتێبەکانی کتێبخانەی گشتیی قەڵادزەم لە فەوتان ڕزگار کردبوو و لە کتێبخانە گشتییەکەی سلێمانیدا پاراستبوومان و پاش ڕاپەڕین پێشکەشم کردنەوە، ئەو وشانەت بۆ من مەدالیای شانازی بوون دکتۆر گیان.
هەرچۆن لە ژیاندا خۆشم دەویستی و دەست بەسنگەوە لە بەردەمتدا دەوەستام، ئێستاش و داهاتووش بە هەمان شێوە دەمێنم، دکتۆر گیان.
دڵنیام هەرگیز خۆشەویستی و یادە شیرینەکەت (بە تەنیا جێ ناهێڵین) و هەمیشە لە یادەوەریماندا بە گەورەیی زیندوویی دەمێنیتەوە.