رۆژنامەی ھەولێر

بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕەوشی ژینگەی کوردستان زۆر باشتر بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە، کەشەکە ماڵی گەشت و سەیرانە، بەڵام ھەندێک کەس ھەن کە گەشت دەکەن سرووشتی جوانی کوردستان پیس دەکەن و پاشماوەکانیان فڕێ دەدەن، واتە بەجێھێشتنی زبڵ و پاشماوە بۆتە یەکێک لەو دیاردانە کە لە سەیرانگەکان بەردەوام دەبینرێت، ئەم دیاردە ناشیرینە لەگەڵ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم سەیرانکارانی دوای خۆیان دروست دەکات، ھاوکات سیمایەکی ناشیرینی بە شوێنە گەشتیارییەکان بەخشیوە، ژینگەپارێزانیش کە پاشماوەی ئەو گەشتیارانە ھەڵدەگرنەوە داوا لە گەشتیاران دەکەن زبڵ و پاشماوەکانیان فڕێ نەدەن. بڕیاردەری ئەنجوومەنی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی ئەمساڵ ساڵی ژینگە دەبێت.

ھەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوەی ژینگە بەڕێوەچوو
لە ژێر دروشمی “ژینگەی دھۆک ماڵی ھەموومانە” و لە چوارچێوەی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕاسپاردەی پارێزگاری دھۆک، ھەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوەی ژینگە و لادانی پاشماوەکان لە ناوچەکانی قەسارا و زاوا ئەنجامدرا. ئەم ھەڵمەتە بە مەبەستی پاراستنی سیمای شار و بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو. ھەڵمەتەکە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی عوسمان سلێمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی دھۆک-ڕۆژئاوا و بە بەشداریی زیاتر لە ١٣٠ کەس لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوەچوو. تێیدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی دھۆک و کۆمپانیای “البیئە”ی تایبەت بە پاککردنەوە، پاشماوە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە ناوچە گەشتیاری و گشتییەکان کۆکرایەوە و سیمایەکی پاک و خاوێن بە ناوچەکە بەخشرا.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە زنجیرە پڕۆژە و ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ژینگە و پاراستنی سەوزایی لە شار و شارۆچکەکاندا. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دھۆک-ڕۆژئاوا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان لەم جۆرە ھەڵمەتانە تەنھا پاککردنەوە نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامێکی پەروەردەییە بە ھاووڵاتیان و نەوەی نوێ، تاوەکو ھەمووان پێکەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژینگە و جوانیی دەڤەرەکەیان لە ئەستۆ بگرن و وەک ماڵی خۆیان تەماشای بکەن.
ژینگەپارێزانیش داواکارن لە خەڵک کاتێک کە گەشت و سەیران دەکەن، سرووشتی جوانی کوردستان پیس نەکەن و پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە و لە شوێنی مەبەست فڕێ بدەن.

ئەمساڵ ساڵی ژینگە دەبێت
دوای ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوشی ژینگە زۆر گەشەی کردووە و ئێستا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕەوشی ژینگەی کوردستان زۆر باشتر بووە. ئەحمەد محەممەد، بڕیاردەری ئەنجوومەنی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی ئەمساڵ ساڵی ژینگە دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا ھەڵمەتێکی گەورەی پاراستنی ژینگە دەستی پێکردووە و ھەموو وەزارەت و فەرمانگەکان بەشداری لە پاکڕاگرتنی ژینگەی کوردستان دەکەن.
بڕیاردەری ئەنجوومەنی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لەچوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی ژینگە و پاک ڕاگرتنی، ھۆکارەکانی باشبوونی ڕەوشی ژینگە دیارن، بۆ نموونە دوای کارابوونی پڕۆژەی ڕووناکی سەدان مووەلیدە کوژاونەتەوە، ھەروەھا پشتێنەی سەوزایی و داخستنی ٢٠٠ پاڵاوگە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژینگە ھەبووە، بابەتی ژینگە پەیوەستە بە چەندین وەزارەت و دەزگاوە، بۆیە ئێستا ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی ئامادەکردنی پلانی خۆیانن بۆ ئەوەی پێکەوە کار بۆ ژینگەپارێزی بکەن، ھەروەھا بڕیارە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە بەشداری شارەزا و پسپۆران لەبارەی پرسی ژینگە و کەشوھەوا ئەنجام بدەین.

پڕۆژەی “ھاوڕێی ژینگە”
دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی نوێ بە ناوی “ھاوڕێی ژینگە” بۆ ساڵی خوێندنی داھاتوو ئامادە کراوە، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی ژینگەیی قوتابییانە لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی ١٢ـی ئامادەیی. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناغی ڕەشنووسدایە و ماوەی ھەفتەیەک دراوە بە وەزارەتەکان بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانیان پێشکەش بکەن، تاوەکو ھەموار بکرێت و پاشان بۆ پەسەندکردن و تەرخانکردنی بودجە، بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەرنامەیەکی ڕێکوپێک لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی منداڵان لە باخچەی ساوایانەوە تاکو پۆلی ١٢ـی ئامادەیی ببنە دۆست و ھاوڕێی ژینگە، پڕۆژەکە چەند قۆناغێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بەھۆی ئەوەی پڕۆژەکە ھێشتا ڕەشنووسە، وردەکارییە زیاترەکان دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەوە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن.