ڕائیب جادر – هەولێر
لە دەشتی نافکوری سنووری دھۆک، کە گرنگترین شوێنی چاندنی پەتاتەیە لە ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەھۆی باران و سەرمای زۆر، زیان بە سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی چێنراو بە پەتاتە گەیشتووە، پێشبینی دەکرێت بە ھەزاران تۆن پەتاتە لەنێوبچن و زیانەکەش بە سەدان ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
پەتاتە کە زێڕە سپییەکەی کوردستانە، تا ئێستا لە جیاتی ئەوەی لە باوەشی خاک گەشە بکات، لەژێر خاکێکی ساردا بەرەو مەرگ دەچێت. وەکو جووتیاران دەڵێن، ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە، ئەو بارانە زۆرەش کاریگەری ھەبووە لەسەر بەرھەمی جووتیاران، بەتایبەتی گەنم و پەتاتە، پەتاتە بە زۆری ڕزیوە، لەگەڵ ئەوەش ناتوانین دەرمان ڕێژ بکەین و ئەوەی پێویستە بۆ بکەین، بۆ ئەوەی بەرھەمەکەمان باش بێت، ئەوەش ھەموو لەبەر ئەوەیە ئەمساڵ زۆربەی ڕۆژەکان بارانە، ئەوەش وا دەکات ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتە وەکو ساڵانی ڕابردوو نەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بەردەڕەش ڕووپێوی کردووە و ھەستی بە مەترسی لەنێوچوونی بەرھەمی پەتاتە کردووە. ئەندازیار تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای بەردەڕەش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەو پەتاتانەی کە لە سەرەتای مانگی یەک چێنراون شین بوونە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کاریگەری باران کەمتر لەسەر بووە، بەڵام ئەو پەتاتانەی لەسەرەتای مانگی سێ چێنراون ھێشتا دەستیان بە گەشە نەکردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا بارانێکی زۆر باریوە، ئەوەش وا دەکات کە کاریگەری لەسەر ئەو بەرھەمە ھەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە سنوورەکە زیاتر لە ١٨ ھەزار دۆنم زەوی پەتاتە داچێنراوە، ئەگەر ساڵانە ھیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە و ھەناردەی دەرەوەش دەکرێت، چونکە ھەر دۆنمێک زەوی زیاتر لە ١٥ تۆن پەتاتە بەرھەمی ھەیە.
پەتاتە بەھۆی بەھا خۆراکییەکەی بە یەکێک لە ناسراوترین بەرھەمی کشتوکاڵی دادەنرێت، کە زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندن و بەرھەمھێنانی دەدەن، بەم ھۆیەوە پەتاتە لەڕووی چاندن و بەرھەمەوە، لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی بە پلەی چوارەم دێت.
نیشتمانی ڕەسەنی پەتاتە ئەمریکای باشوورە، بەڵام ئێستا بە ھەموو جیھاندا بڵاوبووەتەوە، چاندن و بەرھەمھێنانی پەتاتە بەشێوەیەکی فراوان و زانستیانە لە ھەرێمی کوردستان مێژووییەکی درێژی نییە، بۆ یەکەمجار وەزارەتی کشتوکاڵ لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک تاقیکردنەوە، ٥١ تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا ھاوردەکرد و بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیارانیدا دابەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرھەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستکرا بە ھاوردەکردنی بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆلەندا و فەڕەنسا، دواتر چاندنی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان ڕێچکەی خۆی گرت.
ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەم، بە بازاڕکردنی بەرھەم و بابەتی بە پیشەسازی کردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە، بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەرھەمانەی ھەنگاوی باشی بڕیوە، زیاد لە پێداویستی ھەرێمی کوردستان بەرھەم ھەیە، زیاتر لە ھەزار جووتیار بە چاندنی پەتاتەوە خەریکن و ساڵانە بە ھەزاران تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەچێندرێت.
بەپێی خزمەت و شارەزایی و جۆری بنەتۆ و خاک و ئاو، بڕی بەرھەمی پەتاتە لە یەکەی ڕووبەر لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی چاندنی یەک تۆن پەتاتە ١٢ تاوەکو ٢٠ تۆن بەرھەم دەدات، خەرجی چاندنی ھەر تۆنێک پەتاتە نزیکەی ٢ ملیۆن تاوەکو ٢.٥ ملیۆن دینار لەسەر جووتیارەکە دەکەوێت، بە ھەزاران جووتیار خەریکی چاندنی پەتاتەن، بە سەدان لەو جووتیارانە جووتیاری نموونەیین، بەھۆی شارەزاییان لە چاندن و خزمەتکردندا، بەرھەمیان زۆرە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک کارگەی بەرھەمھێنانی چیپس دامەزراون، ژمارەیەک لەو کارگانە گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران کردووە بۆ چاندنی پەتاتەی پیشەسازی، بۆیە خەریکە لە ھەرێمی کوردستان چاندنی پەتاتەی پیشەسازی پەرەدەسێنێت، ئەمەش سوودێکی گەورە بە ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەگەینێت، چونکە پارە بۆ کڕینی چیپس ناچێتە دەرەوە. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن، پەتاتە جۆری زۆرە، زیاتر لە چل جۆر پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ھەموو جۆرەکان گونجاون، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بەشێکی زۆری ئەو پەتاتەیە بۆ پەتاتەی پیشەسازی دەچێت، فینگەر و چیپسی پەتاتە لێ بەرھەم دەھێنرێت، ئەو کارگانەی لەو بوارە لە ھەرێمی کوردستان ھەن زۆر باشن، چەند پڕۆژەیەکی زۆر گەورەن، کە بەشێکی زۆری بەرھەمیان ھەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ھەلی کاری ڕەخساندووە، چ بە ڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی لەو کارگانە کار دەکەن، چ جووتیارەکان و ئەوانەی کاری گواستنەوە دەکەن.
پێشتر ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو: ستراتیژیەتی حکوومەتی ھەرێم، بە بازاڕکردنی بەرھەم و بابەتی بە پیشەسازی کردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە، حکوومەتی ھەرێم زۆر پشتگیری لە جووتیارانی کردووە ھەتا لە دابینکردنی کارەبا، ئاسانکاری کراوە بۆ ھەناردەکردنی پەتاتە بۆ دەرەوە، ھەروەھا کرێی کۆگاکانی سارکردنەوە کەم کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکوەزیران ئەوەی پێویست بێت بۆ جووتیاران دابین دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر گرنگی بە بەرھەمەکەیان بدەن، لە ھەمان کاتدا ھەلی کاری زیاتر ڕەخساندووە ساڵ بە ساڵیش ژمارەی ئەو کەسانەی کاری جووتیاری دەکەن زیاتر دەبێت، لە کاتی پێگەیاندنی بەرھەم ڕێگە نادرێت لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێم بکرێت، لە ھەر چوار وەرزی ساڵ ھاتنی پەتاتە بۆ ناو ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە ئەوەی ھەمانە لە خۆمان زیادە و ڕەوانەی دەرەوە دەکەین، پەتاتە ڕەوانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت ھەتا ڕەوانەی وڵاتانی جیھان دەکرێت، ئەمساڵیش بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.

