عەبدولڕەحمان فەرهادی
تیشکی خۆر بە پەڕی کلکی
ھەموو ڕۆژێ ھەزاران جار
لەناخی شەونم دەڕوانێ و
دەبێ بە نیگارکێشێکی
وێڵ و سەرمەست
بە گڕێکی بێ داییسان
حەوت ڕەنگمان بۆ
دەپەرشێنێ..
ھەر ئەو تیشکە
ھەموو ڕۆژێ
تا دەم لە دەمی قوچاوی
خونچە نەنێ
تا شیلەی ماچی تەڕی نێو
دەمی خۆیانی نەدەنێ
ھیچ خونچەیێ ناپشکووێ،
ئا ئەم تاڵە تیشکی تاوە
گەر نەدا لە
ڕووحی داخراوی قۆزاخە
ھیچ گەرایێ ناترووکێ و
تەیارۆکەی کلکبەپووش
لەسەر زەلکاوان نامێنن
پەپوولەش بە
بەھاری عومری شاد نابێ..
تیشکی خۆری سپی و ڕەنگین
ئەگەر نەدا لە بەرۆکی
ھیچ گەڵایێ
گەر گیا بەژنی زراڤی خۆی
ڕۆژانە پێ بسمیل نەکا،
کلۆرۆفیل سەوزایی بەچاو نابینێ
باخچە و ڕەز و دارستانیش
واریان دەبێ، بە بەشێ لە
بەستەڵەکی ئەنتارکتیکا*..
گەر ئەم تاڵە تیشکە نەبا
درەختی جوانی سنۆبەر
بۆنی تەڕی و گەڵای پڕ لە
شەونمی خۆی
نەدەڕشتە نێو دیدەی با و
نەیدەتوانی، قووچەکانە
سەرکەش سەرکەش
لەسەر شۆستەی شەقامەکان
بەرەو ڕووی حەوا ڕامێنێ..
گەر تیشکی خۆر
لە مووغی پڕ نێڵەنێڵی
ڕۆژانە لە
کوانووی قەت دانەمرکاوی
ھەواری پڕ قوڵپەقوڵپی
جێنەھێڵێ،
سەمەندەر بە تاکە باڵێ
چیتر ناگەڕێتەوە ناو
ناخی کوانوو
سەرتاپای زەمین دەبێ بە
زەمھەریر و
ھەوا نابێ بە ھەوێنی
ھەناسەیێ..
————————
———
* ئەنتارکتیکا: گەورەترین کیشوەری سەهۆڵییە، دەکەوێتە جەمسەری باشووری زەوی، پلەی گەرمیی سالیب ٩٠ی سەدییە، ژیان و سەوزاییی نەگەیشتووەتێ.

