رۆژنامەی ھەولێر

کلیلی ئازادی

خوسره‌و جاف
مرۆڤ کاتێک لە تاریکیی ئەشکەوتەکانەوە هەنگاوی نایە دەرەوە، یەکەم خەمی گەورەی پاراستنی خۆی بوو لە هەڕەشە بەردەوامەکانی برسێتی، سەرما و پەلاماری دڕندەکان.بۆ ئەو مەبەستەش، یەکەمین داهێنانی دیوار بوو، تا وەک پەناگەیەک لە بەرانبەر مەترسییەکاندا خۆی تێدا
بشارێتەوە. لەم کاروانەدا، سەگ وەک یەکەمین گیانلەبەر لە مرۆڤ نزیک بووەوە
و بە ماڵیکردنی بووە هاوڕێ و هاوژیانێکی دڵسۆز. هەر ئەم پەیوەندییە سەرەتاییە
بووە هەوێنی ئەوەی مرۆڤ بیر لە دەستەمۆکردنی ئاژەڵە کێوییەکانی تریش بکاتەوە، تا هەم لە مەترسییەکانیان ڕزگاری بێت و هەم بۆ ڕاوکردن و بژێوی سوودیان لێ
وەرگرێت. بەم جۆرە، دیواربەندکردن و ئاژەڵداری بوونە دوو ڕەگەزی سەرەکیی
نیشتەجێبوون و سەرەتایەک بۆ ژیانی پێکەوەیی و کۆمەڵایەتی.
تا بە ئێستا بە دروستی نەزانراوە ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییەی لە ژیانی مرۆڤدا
ڕوویداوە کەی بووە و کەی ئەشکەوتی بەجێهێڵاوە و ژیانی بە کۆمەڵێ پێکهێناوە.
هەڵبەت ژیانی مرۆڤ لەوێڕا ڕانەوەستاوە و قۆناغەکانی دیکەشی دیوە، شارەدێ و
شارۆچکە و شار، سەرەنجام خو و خەسڵەتی دەستەڵاداری پاڵی پێوە ناوە پانتایی
دەستەڵاتی بەربڵاوتر بکات و ئەو دیکۆمێنتانەی بەدەستەوەیە ئەوە دەسەلمێنێ یەکەمین
“شار دەستەڵات”ێک لە کیش پێکهاتووە، لە دۆڵی دوو ڕووباردا، کە ناسراوە بە
میزۆپۆتامیا ” شار دەستەڵاتی کیش بە یەکەمین هەنگاو دەژمێردرێت کە
توانیویە بگاتە مەرز و سنووری یەکەمین ئیمپراتۆریەت، کە ناسراوە بە
ئیمپراتۆریەتی ئەکەدی، کە “سارجۆن” ئەکەدی بووە، 2250 ساڵە لە بەرای زایین.
سارجۆن توانیی ئەو شاردەستەڵاتە گەورە و گەورەتر کات، لە ماوەی چەند ساڵێکدا تەواوی شارەکانی دۆڵی دوو ڕووبار بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، سارجۆن بەوەوە شانازی دەکرد کەوا جیهانی داگیر کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تەنها دەستەڵاتی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە، کە دەکاتە سەر زەویی ئێستای عێراق و سووریا و بەشێک لە وڵاتی ئێران و توورکیای ئێستا. ئیدی ئیمپراتۆریەتی سارجۆن ئەکەدی لە دوای مەرگی ئەو زۆری نەکێشاوە، ئەگەرچی دەستەڵاتێکی پانوپۆڕی بەجێ هڵاوە، بەڵام نەیارانی زۆر و بەهێز لە دەوروبەریدا هەبوونه‌ و بە درێژایی 1700 ساڵ بەم لاوە شاکانی ئاشوور و بابل شێوە دەستەڵاتی سارجۆنیان کردە نموونە و دەستەڵاتیان پێک هێناوە، ئەوانیش هەر وەک دەستەڵاتی ئەکەدی شانازییان دەکرد کە جیهان لەژێر فەرمانیاندایە، بە دوای ئەواندا ساڵی 550 لە بەرای زایین، کورشی گەورەی هەخامەنەشیان هاتە مەیدانەوە.
ئەگەر بەراوردێک لەنێوان دەستەڵاتی ئاشوور و بابل لە لایەک و دەستەڵاتی کورش بەو لاکەوە بکەین، دەبینین ئەو دوو دەستەڵاتە فەرمانڕەوای موتڵەق بوونە و میللەتانی ژێردەستە کۆیلەئاسا سەریان کردووە، کەچی دەستەڵاتی کورش لەو جۆرە تێفکرینە بەدوور بووە، کورش کۆشاوە میللەتانی ژێردەستەی ئەو بە چاوی ڕێزە و ڕێزی تێکەڵ بە خۆشەویستییەوە بنواڕنە دەستەڵاتەکەیدا، ئێمه‌ لەبەر بەرژەوەندیی ئێوە فەرمانڕەواییتان دەکەن، کورش دەکۆشا خەڵکە ژێردەستەکەی بە ڕێزەوە سەیری بکەن، نەک وەک داگیرکەرێک، بە نموونە میللەتی جوولەکە کە لە مێژدا گوازرابوونەوە وەک کۆیلە بۆ دۆڵی دوو ڕووبار فەرمانی دا تەواوی ئەو جوولەکانە بگێڕنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و پەرستگا هەرووژاوەکەیان دووبارە سازی بکەنەوە، هەتاکوو یارمەتیی دارایی و زێڕی پێ ببەخشن بۆ ئەو کارە.
ئەو جۆرە تێفکرینە لەو سەردەمەیدا بە کارێکی تازەبابەت درا لە قەڵەم، کورش ڕێزی لە چاوساغان و ئەندێشەمەندانی گەلانی ژێردەستەی دەگرت، سه‌رتاسەری بەشەری کردبووە دوو بەشەوە، ئێمە و ئەوان، ئێمە ئەو خەڵکانەبوون هاوزمان و هاوڕەگەز و هاوئایینی بوون، ئەوان میللەتێکی ترن و هاوبەستەگییەکی تریان هەیە. دوای کورش دەستەڵات هێندە پابەندی مەرجەکانی کورش نەبوون، بەڵام بیروبۆچوونی کورش کەوته‌ خولیای ئەسکەندەری مەکادۆنی و دەستەڵاتدارانی ڕۆمیش چاویان لە ڕەفتاری ئەسکەندەر کردووە و ئیتر بیرمەندانی دەمارگرژی ئێرانی گەلێک شانازی بە بیروبۆچوونی کورشەوە دەکەن و لایان وایە ئەو جۆرە تێفکرینە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو خەلیفەکانی ئیسلامیشەوە بەسەر ئەوانەیدا وا مرۆڤ بە قۆناغی جۆراجۆردا گوزەراوە و تا گەیشتووەتە ئەمڕۆی ئێمە، کەوا فکر و بۆچوونی میللەتان گۆڕاوە و، بە لای مرۆڤی ئەمڕۆوە مەحاڵە ئەوان بوونە ئێمه‌، یان ئێمە ببینە ئەوان، مرۆڤی ئێستا تینووی سەربەخۆییە و ئازادیی رەها، ئاوات و ئارەزوویەتی و نەشیاوە و قابیلی قبووڵ نییە ئازادی بکرێتە قیستی مانگانە و یان ساڵانە. بەهەر حاڵ بەندە لە باوەڕێکدام گەرچی جارێ لە ئازادیی ڕەها مەحروومین هەر نەبێت با سەردەمانە ڕەفتار بکەین لەگەڵ
خۆمانا، لەگەڵ خەڵکدا، لەگەڵ چوار تەنیشتا، هەتاوەکو جیهانی دەوربه‌ریشدا با یاسا بپارێزین، ڕەفتارمان سەردەمانە، کردار لە چوارچێوەی یاسادا نرخ و بایەخی بۆ هەمووان و یەکسانی بکرێتە پیشە ئەگەر بە شەڕ نەگەیشتوونەته‌ ئازادی، با ڕێبازی زیندەگیی سەردەمانە بکەینە نیشانە و دیاردەی ژیانمان و نەک تۆ وا بزانیت فریشتەی ئاسمانیت و منیش دۆزەخیم. تۆ بژاردەی پەروەردگاری و منیش دەعبا و لپولەوس خوێناویم، هەر نەبێت با ئەو مەاوە و مەودا بەرینەی نێوانمان کەم بکەینەوە.
نە تۆ هێندە تێر و هەڵاوسا و نە من هێندە مەحرووم و لاواز و برسی، ئەگەر ئەپرسی چۆن؟ ئاسانی ئاسانە، گوزەشت بکەینە پیشە، ئەگەر یەکسانی بکەینە مەبەست و زۆر و جەبەرووت هەڵکەنین لە ڕیشە، واتە لە فەرهەنگی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو نزیک بووینەتەوە، ئەگەر هەروا بێدەربەستانە بەردەوام بین، دووهەزار ساڵە ئازادیمان لێ قوفڵە، دووی تری دەوێ تا چنگمان لە دامێنی ئازادی گیر کەین.