رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی ســــوارۆ چێڵەکەی لە هەولێر نمایشکرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

فیلمی سینەمایی “سوارۆ و چێڵەکەی”، کە لە دەرهێنانی عەدنان شەریفە، لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایش کرا. شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر لە کاتی نمایشی فیلمەکەدا ڕایگەیاند: “ئێمە وەکوو سینەمای هەولێر هەموو هەفتەیەک فیلم نمایش دەکەین، چونکە بە باشی دەزانین ئەو جۆرە فیلمانە هەبێت، ئێمە دەرگامان بۆ هەموو چین و توێژێک کراوەیە، جا کورد بێت یان لە نەتەوەیەکی دیکە بێت، چوونکە پەیامی کوردستان پەیامێکی پێکەوەژیانە، بۆیە هەموو پێکهاتەکان کە هونەرمەندن، بۆیان هەیە گەر پڕۆژەی هونەرییان هەبێت بە تایبەت لە بواری فیلم، ئێمە دەتوانین دەرگایان بۆ بکەینەوە و خزمەتیان بکەین وەک چۆن خزمەتی هەر تاکێکی دیکە دەکەین.

گوتیشی: “چیرۆکی فیلمەکە دەربارەی پیاوێکی کوردنشینە کە ژیانێکی ئارام و تایبەتی هەیە، بەڵام هەموو شتێک دەگۆڕێت کاتێک چێڵەکەی لە شاردا ون دەبێت. ئەم چێڵە تەنیا ئاژەڵێک نییە، بەڵکو هاوڕێیەکی متمانەپێکراوی نزیکی ئەو پیاوەیە، چوونکە توانای قسەکردنی هەیە و دەتوانێت لە هەست و بیرکردنەوەکانی خاوەنەکەی تێبگات. لەبەر ئەم تایبەتمەندییە، ونبوونی چێڵەکە بابەتێکی سادە نییە، بەڵکوو بۆ خاوەنەکەی وەک لەدەستدانی بەشێک لە رۆح و ژیانی خۆی وایە. بۆیە بە تەواوی هێز و تواناوە هەوڵ دەدات بیدۆزێتەوە، هەروەها پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانیش سەرقاڵ دەکات بۆ دۆزینەوەی.”
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، “لە رێگەی گەڕان بە دوای چێڵەکەدا، فیلمەکە پەردە لەسەر ژیانی تایبەتی ئەو کەسایەتییە هەڵدەماڵێت، تەنیایی، خەم، یادەوەری و پەیوەندی مرۆڤ بە شتە نزیکەکانی. هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە هەندێک جار مرۆڤ لەناو جیهانی قسەکەراندا، تەنیا لە لایەن بوونەوەرێکی بچووکەوە تێدەگات.”
فیلمی “سوارۆ و چێڵەکەی”، لە نووسین و دەرهێنانی عەدنان شەریفە و هەر یەکە لە، ئەیام ئەکرەم، شێرزاد پۆلیس، سوهام حەسەن، نەوزاد رەمەزان، نەزمی حەلاق، مەحموود گلی، شەعبان، هەدار ئەنوەر، تەحسین بولبوول و عەبداڵ ئاکرەیی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.