رۆژنامەی ھەولێر

قەڵەوی هەر “زێدەخۆری” نییە؛ وەک نەخۆشییەکی جیهانی پۆلێن دەکرێت

ماكوان عێزەت – هەولێر

لەم سەردەمەی ئێستادا، قەڵەوی و زێدەکێش لە کێشەیەکی ڕواڵەتییەوە گۆڕاوە بۆ مەترسییەکی تەندروستیی لە چوارقوڕنەی جیهاندا. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە قەڵەوی تەنیا پەیوەندی بە کۆنترۆڵنەکردنی ئارەزووی خواردنەوە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆزی جەستەیی، دەروونی و ژینگەییشی لە پشتەوەیە کە پێویستیان بە ڕاوێژی پزیشکی هەیە.

خاتوودکتۆر بینایی کامەران، پسپۆڕی زانستی خۆراک، ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین هۆکاری جیاواز دەبنە هۆی قەڵەوبوون، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
• سیستمی خۆراک: زۆرخۆری لە شەکر، شیرینی، نانی سپی و خواردنی میوەی زۆر لە شەواندا.
• شێوازی ژیان: خەم و ختوورە (ستریس)، بیرکردنەوەی زۆر، کەمجووڵەیی و درەنگخەوتن.
• کاریگەریی دەرمان: بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی وەک حەبی فشارخوێن، حەبی هەستیاری، ئازارشکێنەکان و دەرزیی بەرگیری (مەنع).
• خواردنەوەکان: شەربەتە دەستکردەکان، خواردنەوە گازییەکان و ئارەقەمەنی (کحول).
• کێشەی کۆئەندامی هەرس: باوبژ (غازات)، هەوکردنی ڕیخۆڵە و قەبزیی بەردەوام.
لەلایەکی ترەوە، د. سەعید عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ، ڕوونی دەکاتەوە کە قەڵەوی ئێستا وەک نەخۆشی دەناسرێت و ڕێژەکەی لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستانیش ڕوو لە زیادبوونە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە کەڵەکەبوونی چەوری و دروستبوونی “ورگ” نەک هەر جەستە ناڕێک دەکات، بەڵکو کێشەی تەندروستی مەترسیدار بۆ دڵ و هەناو دروست دەکات.
د. پروشە شوان، پسپۆڕی خۆراک و کێش، دووپاتی دەکاتەوە کە قەڵەوی پێویستی بە دەستنیشانکردنی ورد هەیە، چونکە ئەم نەخۆشییە چەندین گرفتی تری مەترسیداری وەک شەکرە و پەستانی خوێن بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دکتۆر پروشە داوا دەکات کۆمەڵگە بە چاوی لۆمەوە سەیری کەسانی قەڵەو نەکەن، بەڵکو پاڵپشتییان بن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
ڕێنماییە پزیشکییەکان بۆ خۆپارێزی و چارەسەر
بۆ ڕێگری لە زیادبوونی کێش و پاراستنی جەستە، پزیشکان ئەم ئامۆژگاریانە ئاراستەی هاووڵاتیان دەکەن:
1. پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست: خواردنی خۆراکی سروشتی و ڕێکخستنی ژەمەکان.
2. دوورکەوتنەوە لە خواردنی بخۆبڕۆ (فاست فوود): کەمکردنەوەی شیرینی و، بخۆبڕۆ (فاست فوود).
3. چالاکیی جەستەیی: زیادکردنی جووڵەی ڕۆژانە و وەرزش.
4. ڕێکخستنی خەو: خەوتنی پێشوەختە و دوورکەوتنەوە لە شەونخونی.
5. ئارامی و ئۆقرەی دەروونی: کۆنترۆڵکردنی خەم (سترێس) و فشارە دەروونییەکان کە هۆکاری سەرەکیی قەڵەوین لەم سەردەمەدا.