ماكوان عێزەت – هەولێر
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەشت و سەیران، زۆربەی هاووڵاتییان کاتەکانیان بۆ حەوانەوە و چێژوەرگرتن لە سروشت تەرخان دەکەن. پسپۆڕانی بواری دەروونی و جەستەیی و خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە گەشتەکان تەنها لە “خواردن” کورت نەکرێنەوە، بەڵکو بکرێنە دەرفەتێک بۆ چالاکیی جەستەیی و نوێبوونەوەی دەروونی.
پسپۆڕانی نەخۆشییە دەروونییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە جەنجاڵی ژیان و قەڕەباڵغی شەقامەکان فشارێکی زۆریان لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست کردووە. بۆیە گەشت و سەیران بە یەکێک لە باشترین ڕێگەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانە دادەنرێت. پزیشکان ڕوونی دەکەنەوە کە گۆشەگیری و نەچوونە دەرەوە دەبنە هۆی زیادبوونی نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان، هەربۆیە پێویستە لە کاتی گەشتەکاندا بایەخێکی زۆر بە پیاسە و پیادەڕەوی لە دەشتودەردا بدرێت، چونکە ئەم جووڵەیە ڕێگەیەکە بۆ تێپەڕاندنی ژیانی ڕۆتین و گەڕانەوەی ئارامی بۆ دەروون.
سەبارەت بە لایەنی جەستەیی، د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، جەخت لە کوالێتیی ئەو خۆراکانە دەکاتەوە کە گەشتیاران دەیخۆن. ناوبراو ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات کە لە سێ ماددەی سەرەکی دەمپارێزی بکەن یان کەمی بکەنەوە کە ئەوانیش (شەکر، خوێ و چەوری). دکتۆر هەڵگورد پێشنیار دەکات کە گەشتیاران، بەتایبەت لە ژەمی بەیانیاندا، بابەتی وەکو میوە و سەوزە بخۆن، بۆ ئەوەی وزەیەکی تەندروست بە جەستەیان ببەخشن.
لە لایەکی ترەوە، م. یاسین گەڵاڵی، شارەزای بواری خۆراک، ڕێنمایی دەداتە ئەو کەسانەی لە کاتی سەیراندا گۆشت دەبرژێنن. ئەو دەڵێت:
“پێویستە ئەو گۆشتەی بەکار دێت کەمبەز و کەمخوێ بێت. باشترین ڕێگەش بۆ ئەوەی گۆشتەکە تەندروست بێت، تێکەڵکردنیەتی لەگەڵ بەهاراتی جیاواز؛ ئەمە نەک هەر سوودەکەی زیاتر دەکات، بەڵکو ڕێگریش دەکات لە دروستبوونی ئەو ماددە زیانۆکانەی کە لە کاتی برژاندندا دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.”
کەواتە بۆ ئەوەی گەشتەکەت تەنها کاتبەسەربردن نەبێت و ببێتە سەرچاوەی تەندروستی، واز لە دانیشتنی زۆر بهێنە و، بجووڵێ؛ پیاسە و پیادەڕەوی بکە و، لە هەمان کاتدا چاودێری جۆری ئەو خۆراکانە بکە کە دەیانخۆیت تاوەکو بە جەستەیەکی ساغ و دەروونێکی ئارامەوە بگەڕێیتەوە ناو ژیانی ڕۆژانە.

