رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژنامەنووس کێیە؟ بەرپرسیارێتی و مافەکانی چین؟

شێرکۆ حەبیب
دەتوانرێت ڕۆژنامەنووس پێناسەی ئەو کەسە بکرێت کە لە ڕێگەی نووسین یان وێنەوە ئامادەبوونی خۆی لە ڕووداوێکی دیاریکراودا دەگەیەنێتە خوێنەر، بە چاوی خۆی ڕووداوەکەی بینیوە، ئەمەش بە ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکە بە وردی و بێلایەنانە و بە زمانێکی سادە و روون، لە بنەڕەتدا ڕۆژنامەنووس کەسێکە کە زۆربەی کاتەکانی بۆ کاری ڕۆژنامەگەری تەرخان دەکات، کە بریتییە لە کۆکردنەوەی هەواڵ و بۆچوون و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامە یان گۆڤارێکدا. ڕۆژنامە بریتییە لە کۆمەڵێک لاپەڕە کە ڕۆژانە، هەفتانە، یان بە خشتەی ڕێکوپێک بڵاودەکرێنەوە، هەواڵەکانی کۆمەڵگا، سیاسەت، ئابووری، پرسە کۆمەڵایەتییەکان، کولتوور و هەموو بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە کۆمەڵگا دەگرێتەوە.
بەو پێیەی کاری ڕۆژنامەوانی ماندووبوونێکی زۆری لەخۆدەگرێت،کە کارێکی سەختە ئەمەش دیاردەیەکی تەندروست و سروشتییە لەم پیشەیەدا، دەبێت ڕۆژنامەنووس خۆڕاگرییەکی بەرزی هەبێت بەرامبەر بەو فشارەی کە لە کاتی کارەکەیدا تووشی دەبێت. پێویستە ئامادەبێت بۆ کردەوەی بەهێز و گرنگ.
خێرایی سیفەتێکی گرنگی دیکەی ڕۆژنامەنووسە و ئەم توانایەش بۆی زۆر گرنگە. ڕۆژنامەنووسێکی ئاواتەخواز کە بە خێرایی کارەکانی تەواو دەکات و ئەولەویەت دەدات بەو شتانەی کە گرنگن و ئەوەی دەگمەنن لە کاتی گونجاودا دابینی دەکات.
ڕوونە کە ڕۆژنامەنووس سەرنجی خۆی لەسەر دوو بابەت چڕ دەکاتەوە: یەکەم: چ پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، دووەم: کێ ئەنجامی ئەم کارە وەردەگرێت (واتە خوێنەر، بینەر، گوێگر). بۆیە دەبێت هاوئاهەنگییەکی تەواو لە نێوان بەرپرسی کارەکە و ڕۆژنامەنووسەکەدا هەبێت بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێویست بۆ گروپی ئامانجی ئەم کارە پێشکەش بکرێت.
ڕۆژنامەنووس ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی کەسایەتی بەدوور بگرێت کە ڕۆڵێکی ڕوون و دیار و بەرچاوی هەبێت، هەروەها دەبێت کاربکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بابەتەکانییەوە وێنەیەکی ڕوون و جیاکەرەوەی هەبێت.
ئیتر ئەرکی ئەو ڕۆژنامەنووسە تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان وەک جاران نییە، بەڵکو لێکدانەوە و زیادکردنی وردەکارییەکانە کە جێگەی سەرنجی زیاتر زیاد دەکات. بۆیە دەتوانرێت ئەرکی ڕۆژنامەنووس بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:
کاری ڕۆژنامەنووس (وەزیفە نییە)، بەڵکو زیاتر کارەکەی وەک هەر کارێکی تر وایە، بەڵام ئەوەی کاری ڕۆژنامەگەری لە کارەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە کارێکی نامۆیە جگە لەوەی کارێکی ورووژێنەر و سەرنجڕاکێشە لە هەمان کاتدا.
ڕۆژنامەنووسی باش پێویستە کونجاو بێت و پلەیەکی بەرزی راهاتووی هەبێت و ئەو زمانەی خۆشبوێت کە پێی دەنووسێت و گرنگی بە مرۆڤەکان بدات. یەکێک لە گرنگترین سیفەتەکانی ڕۆژنامەنووس توانای کارکردنە لەناو گروپێکدا و خۆگونجاندن لەگەڵیدا، زۆر لێبوردەی بێت بەرامبەر سترێس، خێرا بێت بۆ بەدیهێنانی ئەوەی کە لێی دەخوازرێت، هەستی شەشەمی هەبێت بۆ شتە جەوهەری و بنەڕەتییەکە. هەموو ئەم سیفەتانە مرۆڤ دەتوانێت بەدەستی بهێنێت ئەگەر خۆی لەگەڵی دا بگونجێنێت و رابهێنێت.
ئەگەری هەیە کاری ڕۆژنامەوانی بە چەندین ناکۆکی و شەڕ و جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئەو کەسەی کە ئەرکێکی پێدراوە و ئەو کەسەی بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە، و پێش هەموو شتێک، ڕەنگە پێویستی بە چ سەرچاوەیەک هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە، کۆتایی پێبێت.
ڕۆژنامەنووس دەبێت سنوور بۆ هەموو شتێک دابنێت، بۆیە دەبێت لەو زانیاریانە تێبگات کە کۆیان دەکەنەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر خوێنەران. هەروەها دەبێت هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی گرنگی ئەو ماددە یان بابەتەی کە لەسەری دەنووسێ. ڕۆژنامەگەری بریتییە لە زنجیرە تاقیکردنەوەیەک کە لەسەر خۆهەڵسەنگاندن و پێناسەکردنی گرنگی و کێشی بابەتێک بنیات نراوە، ئەمە جگە لەوەی پشت بە پشتیوانی ڕاستەقینە دەبەستێت کە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانەوە وەرگیراوە. جگە لەوەش نابێت ڕۆژنامەنووس لایەنگری هیچ لایەنێکی دیاریکراو بێت.
ڕۆژنامەنووس بەرپرسیارە لە ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێساکان، بەڵام ئەمە لە بەرپرسیارێتی کەسی لە نووسینەکەیان بێبەری ناکات. متمانە بە ڕۆژنامەنووسان و کارەکانیان یەکێکە لە توخمە گرنگەکانی پیشەکە. جگە لەوەش ڕۆژنامەنووسان خاوەنی سیفەتە کەسییە جەوهەریەکانن کە بەشدارن لە سەرکەوتن لە پیشەکەیاندا، کە گرنگترینیان بریتین لە:
– ڕۆژنامەنووس باکگراوندێکی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و مێژوویی پێویستە هەبێت، بۆ ئەوەی بە قووڵی لە کاروباری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پێشهاتە ئابووری و سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات تێبگات.
– ڕۆژنامەنووس دەبێت هۆشیار بێت و لە گرنگی کۆمەڵایەتی پیشەکەی تێبگات، هەروەها بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر بەو خەڵکەی کە نووسینەکانی ئاراستەی دەکات.
– پێویستە تێڕوانینێکی ڕوونی هەبێت بۆ جیهان و تێگەیشتنێکی ڕوونی هەبێت لە پێداویستی و ئارەزوو و هیوای مرۆڤەکان.
– دەبێت ئازایەتی ئەوەی هەبێت کە ڕاستییەکان بڵێت، و جددی و بەرگرییەکی پێویستی هەبێت.
-رۆژنامەنووس دەبێت ئەوەندە بوێری هەبێت بۆ داکۆکیکردن و بەرگریکردن لە ڕاستی، تەنانەت لە هەلومەرجی سەختیشدا.
– هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و وردبینی و خەمخۆری، دوورکەوتنەوە لە حوکمێکی یەکلاکەرەوە پێش ئەوەی هەموو ڕاستییەکانی بابەتەکە بزانێت، هەروەها بوێرییەکی ئەوتۆی هەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی، تەنانەت ئەگەر قورس بێت بۆی.
– ڕۆژنامەنووس دەبێت بتوانێت بە سادەیی و بە شێوازێکی سروشتی بنووسێت، و دەبێت سامانێکی دەوڵەمەند و فراوانی هەبێت لە وشە، جگە لە شارەزایی ئەدەبیات. زانینی زمانە بیانییەکان بۆ ڕۆژنامەنووس زۆر گرنگە چونکە سامانی کولتووری زیاد دەکات و هەروەها یارمەتی دەدات بۆ فراوانکردن و باشترکردنی بازنەی کارەکانی.
• راستگۆی لە کاری ڕۆژنامەگەری سەرکەوتوودا کاتێکە کە کارەکانی بە ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆی و ئەوانی تردا پراکتیزە دەکات.
هەروەها کاری ڕۆژنامەگەری ناودەبرێت بە “پیشەی گەڕان بەدوای کێشەدا”. بۆیە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەو فشارە دەروونی و جەستەییانەی کە بەهۆی پیشەکەیان بەسەریاندا سەپێنراوە، کورتترین تەمەنیان هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە بە سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ هەر شەش مانگ جارێک گرنگی بە تەندروستی دەروونی خۆیان بدەن.
ئەگەر پرسیار لە زۆربەی ڕۆژنامەنووسان بکەیت باسی بارودۆخی کارکردنیان بکەن، ئەوا باس لەوە دەکەن کە دەبێت بە درێژایی ڕۆژ لە کەشێکی پڕ لە ژاوەژاو و گرژدا کاتژمێرێکی زۆر کاربکەن، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی ماندوێتی و فشاری دەروونی.
هەروەها رێکوپێکی جەستە (اللیاقە البدنیە) بۆ سەرکەوتنی ڕۆژنامەنووس پێویستە. ڕۆژنامەنووسیانی باش تەندروستی خۆیان دەپارێزێن بۆ ئەوەی کارەکانیان باشتر ئەنجام بدەن. ئەمەش پەیوەندی بە کێش و خۆراک و چالاکیی جەستەییانەوە هەیە. تەمبەڵی داهێنان دەخنکێنێت و ناکۆکی لەگەڵ پابەندبوونی ڕۆژنامەنووسێک بە کارەکانیانەوە دروست دەکات، ئەمەش ڕەنگە پێویستی بە کارکردنی کاتژمێری زۆر هەبێت. زۆرێک لە عەقڵی ڕۆژنامەوانی درەوشاوە بە نادیار ماونەتەوە، چونکە زۆر تەمبەڵن و ناتوانن بە پەرۆشەوە کار بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیشەیی و کەسییەکانیان. لەم نێوەندەدا تاکی سەرکەوتوو هەن کە ڕەنگە خاوەنی هەمان توانای شیکاری و تێگەیشتن نەبن، بەڵام هەوڵی پێویست دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
*خۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی هەست پێویستن بۆ سەرکەوتنی ڕۆژنامەنووس، بەو پێیەی بنەڕەتین بۆ سەرکەوتن بەگشتی. توانای ڕۆژنامەنووس بۆ ئەنجامدانی کارەکانی بە ئارامی و متمانە بەخۆبوون، بەبێ گوێدانە هەستەکانی ناوەوەی- لەوانەش توانای کۆنترۆڵکردنی هەستەکانی وەک خەم و توڕەیی و تەنانەت خۆشی- زۆر گرنگە. ڕۆژنامەنووس نابێت بەشداربووی ڕووداوەکان بێت، بەڵکو چاودێر و پەیامنێرێکی دڵسۆزی ئەو شتانە بێت کە ڕوودەدەن. ئەو سەردەمەی کە میدیا ڕۆڵێکی تەنیا زانیاریی تێدا گێڕا، کۆتایی هات. ئەمڕۆ بەزەحمەت ڕۆڵێکی ڕۆژنامەوانی یان هەواڵئاڕاستەکراو دەبینین، دوا حوکم بۆ خەڵک جێدەهێڵین، کە بەرگەی هیچ بێڕێزیکردنێک بە زیرەکی و هەستەکانیان ناگرن.
٭ بێلایەنکردنی بۆچوونە کەسییەکان: ئەگەر گومان سیفەتێکی جەوهەری ڕۆژنامەنووسێکی سەرکەوتوو بێت، ئەوا لەوەش گرنگترە کە مرۆڤ بۆچوونە کەسییەکانی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە. هەرگیز باوەڕ مەکە کە تۆ خاوەنی ڕاستی ڕەها بیت. بۆیە توانای ڕێزگرتن لە ڕوانگە جیاوازەکان و شاردنەوەی بۆچوونەکانی مرۆڤ لەکاتی کارکردندا کارامەیییەکی چارەنووسسازە لە نێوان کەسەکاندا. لە بوارەکەدا هەستیاری بۆچوونە ناکۆکەکان بەرزتر دەبێتەوە، تەنانەت دەتوانێت ژیانی ڕۆژنامەنووسێک بخاتە مەترسییەوە ئەگەر بیروباوەڕەکانی ئاشکرا بکات، جا بە مەبەست بێت یان لە ڕێگەی دۆزینەوەی ڕاپۆرتکردنی لایەنگرییەوە.

ڕۆژنامەنووس و یاسا
یاساکانی ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازن، بەڵام بە گشتی ئەم خاڵانە دەخەنە ڕوو:
– پاراستنی ئەو تۆمەتبارانەی کە تاوانباریان نەسەلمێنراوە، و دڵنیابوون لەوەی کە چێژ لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە وەردەگرن بە دزەپێنەکردنی زانیاری دەربارەی ناسنامەیان یان ڕەوتی دادگاییکردنەکە.
– پاراستنی ناسنامەی قوربانیانی هەندێک تاوانی تایبەت وەک تاوانی شەرەف.
-پاراستنی هاووڵاتیان ئاسایی و کەسایەتییەکان لە بەرکەوتنی ناوزڕاندن یان بوختان، کە بریتیە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لەسەریان یان هەڵسوکەوتەکانیان بەشێوەیەک کە زیان بە وێنەی ئەوان بگەیەنێت لە کۆمەڵگادا.
– پاراستنی تایبەتمەندی هەموو لایەک بە ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی ڕۆژنامەنووسان لە وردەکارییەکانیدا بەبێ بەڵگەی ڕوون و سەلمێنراو لەسەر پەیوەندی نێوان ئەو تایبەتمەندییە و بەرژەوەندی گشتی.
– پاراستنی نهێنی ئەو زانیاریانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت یان کۆمەڵگا.
-پاراستنی کەمینە نەتەوەیی یان ئایینییەکان لە گۆشەگیری ئەخلاقی بە ناشرینکردنیان وەک کەمینەیەک.
– پاراستنی کۆمەڵگا لە زیادەڕەوی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتگەلێک کە ڕەنگە دژی رەوش ئەو نەریتانەی کە لە کۆمەڵگادا قبوڵکراون پێشێل بکەن، وەک بڵاوکردنەوەی وێنەی فەزیحە یان قێزەون، تەنانەت ئەگەر ڕەچاوکردنی سەرنوسەریش هەبێت بۆ بڵاوکردنەوە.
ئەو سزایانەی کە یاسای هەر وڵاتێک دیاری دەکات جیاوازە لە ئاگادارکردنەوە و ناچاربوون بە داوای لێبوردن و ڕاستکردنەوە، تا غەرامە (کە هەندێکجار زەبەلاحن)، تا زیندانیکردن بۆ ماوەی جیاواز و ڕەنگە تەنانەت تا داخستنی کاتی یان هەمیشەیی ئەو دەزگای ڕاگەیاندنەی کە باسی لێوە دەکرێت.

سەرچاوە : اخلاقیات العمل الصحفی