عەبدولغەفار عەبدوڵا – ههولێر
شانۆگەری (cm)، کە لە دەرهێنانی شێرزاد حەسەن و سۆران حوسێنە، لە چەمچەماڵ لە زانکۆی چەرمۆ نمایشکرا.
شێرزاد حەسەن، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە گوتی: دوای ئەوەی شانۆگەرییەکەمان لەماوەی رابردوودا بەشداری چەندین فێستیڤاڵی گرنگی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، هەروەها پێشتر لە سلێمانی و چەمچەماڵ ئەو شانۆگەرییە نمایش کراوە. ئەو شانۆگەرییەشمان لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد بەشدارە و پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکەین، بۆیە بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە بڕیارماندا ئەو شانۆگەرییە دووبارە لە چەمچەماڵ نمایش بکەینەوە.
شێرزاد حەسەن گوتیشی: چیڕۆکی شانۆگەرییەکە باس لەوە دەکات کە رۆڵی ژیانی کەسێک دەگێڕێت کە لە ناو دۆخێکی قورس و پڕ لە تەنیاییدا دەژی، کە بە شێوەیەکی رەمزی و هونەری پیشان دەدرێت، کە مرۆڤێکە لە نێوان ئێستا و رابردوودا گیراوە و ناتوانێت ئەو یادەوەرییە ناخۆشانە لەبیری خۆی بباتەوە.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا: چیڕۆکەکە بە شێوەیەک دەچێتە ناو هەست و بیر و ترسە ده روونییەکانی مرۆڤ کە تێیدا، یادەوەرییەکانی رابردوو بەردەوام دەگەڕێنەوە و کاریگەری لەسەر ئێستای دروست دەکەن، هەروەها کەسایەتییەکە لەگەڵ خۆی قسە دەکات، وەک ئەوەی دوو جیهانی جیاواز لە ناخیدا هەبێت و هەست بە تاوان یان پەشیمانی لەسەر رووداوێکی دیاریکراو هەیه، کە بە راستەوخۆ بە بینەر ناوترێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی رەمزی پیشان دەدرێت.
شانۆگەری cm، کە لە دەرهێنانی شێرزاد حەسەن و سۆران حوسێنە، سۆران حوسێن رۆڵی سەرەکی ده بینێت، هەروەها نمایشەکە بەشداری لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات و کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.

