رۆژنامەی ھەولێر

گۆرانی چاوەزار نوێترین بەرهەمی نیان عەبدوڵایە

شیڤان شێرزاد – هه‌‌ولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “نیان عەبدوڵا” ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ گۆرانی شاد و هەڵپەڕکێ تاقی دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار بەرهەمێکی نوێی لەژێر ناونیشانی “چاوەزار”، کە شیعر و ئاوازی هونەرمەندی ناوبراوە و سیناریۆی کلیپەکەش لە لایەن خاتوو “نیبراس” دانراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و یوتیوبدا بڵاوکردەوە.
هونەرمەند “نیان عەبدوڵا” سەبارەت بە شێوازی کلیپە هەڵپەڕکێیەکەیەوە دەڵێت: شوێنێکی فۆلکلۆرییمان ڕازاندەوە بۆ شایی و هەڵپەڕکێ لە نێو شاییەکەدا کوڕە گەنجێک نازانێت شایی کوردی بکات،. چوونکە ئەو بیانییە، بەڵام سەرسامە بە هەڵپەڕکێی کوردی و چێژ لەو هەوارگە و دەستوور و کولتوورەی کورد وەردەگرێت، بۆیە خۆی دەخزێنێتە نێو هەڵپەڕکێکەمان و جلی کوردی دەپۆشێت و دەشڵێت عاشقم بەو کولتوورە جوانەی ئێوە، بۆیە دەمەوێت فێری شایی و هەڵپەڕکێی کوردی ببم.
گوتیشی: کارەکتەرە لە ڕاستیدا کوڕە گەنجێکی بە توانای کوردە بە ناوی “ئاگرین”، بەڵام لە کلیپەکەدا وەک کەسێکی بیانی نواندن دەکات و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبوو.
ئێستاش ئەو کلیپە لە یوتیوب و پلاتفۆرمەکانی مندا بڵاوکراوەتەوە و پێشوازییەکی گەرمی لە لایەن بینەری سۆشیال میدیا لێکرا.