22/4/2026 بە ئامادەبونی قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتیە تێکەڵاوەکەی لاسە ڕێوڕەسمێک بۆ پیرۆزکردنی ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی ڕێک خرا؛
بۆنەکە بە چەند ساتێک وەستانی وەفاداری بۆ گیانی پاکی ڕابەرانی ڕۆژنامەوانیی کوردی و تەواوی شەهیدان دەستی پێ کرد و، ئینجا عادل ئیسماعیل بەڕێوەبەری قوتابخانە لاسە، کۆڕێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە مێژوو و سەرهەڵدانی ڕۆژنامەنووسی و پاشان تیشکی خستە سەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و دەرچوونی ٣١ ژمارەی کوردستان و مێژووی بەدرخانیەکان و، گرنگیی خوێندنەوەی ڕۆژنامە؛ پاشان چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بۆ قوتابیان و مامۆستایان نمایش کرا.
دواتر ژمارە کۆکراوەکانی ڕۆژنامەی کوردستان کە لە بەرگێک کۆ کرابوونەوە، لەگەڵ چەن بەرگێک لە ڕۆژنامەی خەبات و ئاڵای ئازادی نیشانی ئامادەبووان درا و، لە کۆتاییدا ڕۆژنامەی هەولێر کە چەندین بابەتی بەو یادە بڵاو کردبووەوە، دابەش کرایە سەر ئامادەبوواندا.

