وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
(ئەلیزابێس گیلبێرت ـ Elizabeth Gilbert)، ڕۆماننووسی ئەمریکی، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانە نوێیەکەی بە ناوی (واژۆی هەموو شتێک – The Signature of All Things) و (بخۆ. نزا بکە، خۆشەویستی بنوێنە – Eat، Pray، Love)، لەم گفتوگۆیەیدا ئامادەیە ددان بەوەدا بنێت کە مێدیتەیشن ناکات و ئاودەی بنێشتجاوینە.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بۆ بکە.
ئەلیزابێس گیلبێرت: باشە، بەرنامەی بەیانیانم لەو ڕۆژانەی کە دەنووسم زۆر جیاوازە لەو ڕۆژانەی کە نانووسم. کاتێک دەنووسم، بەرنامەکەم لە شەوی پێشترەوە دەست پێدەکات. مامۆستایەکی مێدیتەیشنم هەبوو دەیگوت تێڕامانەکەت لە شەوی پێشترەوە دەست پێدەکات. کاتژمێری خەوتن زۆر گرنگە. کاتێک لە قۆناغی نووسیندام، هەوڵ دەدەم کاتژمێر ٩ بخەوم. بەو شێوەیە دەتوانم ٤:٣٠ یان ٥ی بەیانی لەخەو هەڵسم. خۆشترین کات لای من بۆ نووسین لە نێوان کاتژمێر ٥ بۆ ١٠ی بەیانییە، چونکە بەو شێوەیە بێدەنگییەکی تەواو هەیە پێش ئەوەی جیهان بکەوێتە شوێنت. لە کاتژمێر ١٠وە تەلەفۆن زەنگ لێدەدات، ئیمەیل دێت و هەموو جۆرە شتێک پێویستی بە گرنگیپێدانی تۆ دەبێت. بۆیە ئەو کاتژمێرە نهێنیانەی بەیانیانم خۆش دەوێت. ئەگەر زۆر سەرقاڵ بم و لە کۆتایی پڕۆژەیەکدا بم، ڕەنگە تاوەکو نیوەڕۆش بەردەوام بم لە نووسین، هەرچەندە ئەوە دەگمەنە.
ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتت هەیە؟ ئایا هیچ کڵاوێکی سیحریت هەیە؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: ئامرازی سیحر و جادوو؟ هممم. پێشتر چاویلکەیەکم هەبوو کە هیچ پلەیەکی پزیشکی نەبوو، تەنها وای لێدەکردم هەست بکەم زیرەکترم. لە شوێنێک ونم کردن! نازانم ئەوە چ مانا دەگەیەنێت ئەگەر چاویلکەی “زیرەکییە دەستکردەکە”ت ون بکەیت.. چەندین ساڵ لەچاوم دەکرد. دوو کتێبی یەکەمم بەوانەوە نووسی. پێویستم بە پاڵپشتییەک بوو، کاتێک سەیری ئاوێنەم دەکرد دەمگوت: “نووسەر”، کەچی ئەمڕۆ. کارتی ئیندێکس (Index cards) بۆ پڕۆژەی کتێبەکانم بەکار دەهێنم. شێوازێک بەکاردەهێنم کە کاتێک تەمەنم ١٤ ساڵ بوو لە وانەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا فێری بووم؛ پۆلێنکردنی بیرۆکەکان لەسەر کارت و دانانیان لە ناو سندووقی پێڵاو. نوێترین کتێبم پێنج سندووقی پێڵاوی پڕ لە کارتی ڕێکخراوی هەیە. بێ ئەوان پێموانییە هیچ بیرۆکەیەکم هەبێت چۆن کتێب بنووسم. ئۆهـ، هەروەها کاتێک هەموو ڕۆژێک نووسین تەواو دەکەم، بۆ ئەوەی وزەیەک بە خۆم بدەم، لە ناوەڕاستی ڕستەیەکدا دەوەستم. بیستوومە هەمینگوایش وای کردووە. کاتێک ڕۆژی دواتر دادەنیشیت، دەستبەجێ دەتوانیت شتێک بەرهەم بهێنیت بەبێ ئەو بۆشاییە ترسناکە. هەستێکی بەردەوامبوونت پێدەدات.
ـ حەزت بە چ جۆرە سووکەژەمێکە لە کاتی نووسیندا؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: بە شێوەیەکی شێتانە بنێشت دەجاوم. شتێکی بێزارکەرە و هۆکارێکی تریشە کە بۆچی دەبێت بە تەنیا بم. جۆرە بنێشتێکی بێشەکر دەجووم واتە (Trident Tropical Twist). هەمووان لێی بێزارن، بەڵام من حەزم لێیەتی! کاتێک دەنووسم ڕۆژانە پاکەتێکی لێ دەخۆم. ئەمە لای من هاوتای جگەرەکێشانە بۆ کەسێکی جگەرەنەکێش. مێشکم چالاک دەکات. ماوەیەک لەمەوبەر لێکۆڵینەوەیەکم خوێندنەوە کە جاجکەجاوین لە ڕاستیدا مێشک چالاک دەکات. جۆرە چالاکییەکی گەردوونی و هەژێنەر دروست دەکات.
ـ باسی بەرنامەکەت بکە پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەیت، کە بیرۆکەی کتێبەکە و پلانەکەی دادەڕێژیت. ئایا حەز دەکەیت پێشوەختە نەخشەی کتێبەکانت بکێشیت یان تەنها لێدەگەڕێیت بڕوات؟ دەزانم سندوقی پێڵاوەکانت هەیە…
ئەلیزابێس گیلبێرت: پێدەچێت تێگەیشتبێتیت کە من پڕۆسەیەکی زۆر ڕێکخراوم بۆ کارکردن هەیە. ئەوەش ڕەنگە ئەنجامی پەروەردەکەم بێت، کە دایکێکی جووتیاری سویدیم هەبوو. سیستەم و دیسپلین هەیە. من هیچ بیرۆکەیەکی ڕۆمانسیی ئەڵمانیانەم بۆ کارکردن نییە. هیچ حاڵەتێکی وڕێنە و بێئاگاییم نییە. کاتژمێر ٣ی شەو ناتوانم بنووسم وەکچۆن بە پەڕی باڵندە ناتوانم بنووسم. من کاتی جووتیاران دەپارێزم و شێوازێکی ورد و پلاندانراوم هەیە. بۆ نموونە بۆ کتێبی (The Signature of All Things)، پێش ئەوەی بینووسم، ٧٠ لاپەڕە کورتەی کتێبەکەم نووسی. پێشتر هەرگیز ئەوەندە دوور نەڕۆیشتبووم، بەڵام دەمویست دڵنیا بم کە ڕێک دەزانم بەرەو کوێ دەڕۆم. زۆربەی کات، بەرهەمە کۆتاییەکە هاوشێوەی ئەو کورتە ٧٠ لاپەڕەییەیە.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز یان نامۆ لە شوێنی کارەکەت هەیە؟ جگە لە شتە ئاشکراکان، چی لەسەر مێزەکەت دەهێڵیتەوە؟ دیمەنی شوێنی کارە دڵخوازەکەت چۆنە؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: من لە ماڵێکی کۆنی ستایلی (ڤیکتۆریا – Victorian) لە (نیوجێرسی – New Jersey) دەژیم. سێ ساڵ لەگەڵ دارتاشێکی خۆجێیی لێهاتوو کارم کرد بۆ ئەوەی ناوەراستە چۆڵەکەی ماڵەکە بگۆڕم بۆ ئەوەی کە پێی دەڵێین (Skybrary)، واتە کتێبخانەیەک بە هەڵواسراوی. کتێبخانەیەکی ناوازەی بۆ دروست کردم. ڕێنماییەکەم بۆی ئەوە بوو کە ڕەفەکان وەک شتێکی دروستکراو دەرنەکەون، بەڵکو وەک ئەوەی “شین بووبن”. پڕن لە لقی داری ئاڵۆزکاو کە بەسەر دیوارەکەدا دەڕۆن، پڕن لە بەشی نهێنی، کانتۆری شاراوە و دەرگای بچووک. زۆر خەیاڵییە. هەروەها هەستی ئەوەت پێ دەدات کە لەناو خانوویەکی کاریتە یان کەشتییەکدای. هەستێکی جیهانیترت دەداتێ. باشترین شتیش ئەوەیە کە هیچ کەسێک بۆ هاتوچۆ یان بەکارهێنان نایەتە ژوورەوە. چەندین ساڵی پێچوو تا توانیم ژوورێکی وای تەنها بۆ خۆم و بۆ ئەو مەبەستەم هەبێت. پەنجەرەکەی ڕوو لە ڕووباری (دێلاوێر – Delaware) و (پێنسیلڤانیا – Pennsylvania)یە.
ـ تۆ چەندین کتێبی نایابت نووسیوە، بەڵام خەڵک بە کتێبی (بخۆ، نزا بکە، خۆشەویستی بنوێنە)وە دەتناسن، کە زۆر جیاوازە لە کارەکانی ترت. ئایا ئەوە بێزارت ناکات کە ناوت بەو کارە دەبەسترێتەوە؟ کتێبەکی ترت هەیە کە پێشنیاری بکەیت بۆ خوێنەرانت کە زیاتر گوزارشت لە تۆ بکات وەک نووسەر؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: ئۆهـ ئەوە پرسیارێکی جوانە، سوپاس. خەریکە پێکەنینم بەو قسەیە دێت کە ئێستا دەیکەم: بێزار نابم بەوەی کتێبێکی پڕفرۆشی گەورەم هەبووە. ئەوە بەرەکەتێکی گەورەیە. سوودی ئەو سەرکەوتنە وای لێ کردم بتوانم لەمەودوا پارەی کارەکانی خۆم دابین بکەم، کە ئەمە ئیمتیازێکە هەرگیز بڕوام نەدەکرد ڕوو بدات. ئەوە شانازییەکە کە زۆرێک لە نووسەران، بەتایبەت نووسەرە ژنەکان، نەیانبووە. دیارییەکە کە هەمیشە بەردەوامە و باکم نییە لەوەی ناوم بەو کتێبەوە ببەسترێتەوە یان نا. من شانازی بەو کتێبە دەکەم. خۆشحاڵم بەو کاریگەرییە سۆزدارییەی کە کتێبەکە لەسەر ژیانی زۆر کەس دروستی کردووە. داوا لە هیچ خوێنەرێکی ئەو کتێبە ناکەم بگەڕێتەوە و سەیری کورتەچیرۆکە ئەدەبییە ونەکانم بکات، یان وتارە کۆنەکانم لە گۆڤارەکان بخوێنێتەوە. نەخێر، کێشە نییە.
ـ ئایا (بخۆ، نزا بکە، خۆشەویستی بنوێنە) وەک پێشنیارێکی “ناخەیاڵی” دەستی پێکرد و پاشان گەشتەکەت کرد یان چووی بۆ گەشتەکە و پاشان بیرت لە نووسینی کتێبەکە کردەوە؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: نەخێر پێشنیار بوو. ئەوە چوارەم کتێبم بوو. لەو قۆناغەی ژیانی نووسەردا، هەموو کتێبەکان بە پێشنیار دەست پێدەکەن. من بێگومان نەمدەتوانی خەرجی گەشتێکی یەک ساڵە دابین بکەم دوای جیابوونەوەیەکی پڕ تێچوو، بەبێ ئەوە. پێشنیارێکم نووسی. تێیدا باسی ئەوەم نەکردبوو چاوەڕێی چیم یان چی ڕوودەدات، بەڵکو تەنها ئەوەم ڕوون کردەوە کە دەمەوێت بچم بۆ ئەم سێ وڵاتە و لە هەر یەکەیان چوار مانگ بمێنمەوە. دەمویست لە هەر وڵاتێکەوە سەیری ڕەهەندێکی ژیان بکەم کە هەستم دەکرد لە ناومدا مردووە. لە ئیتاڵیا “چێژ” هەبوو، لە هیندستان “عیبادەت و دڵسۆزی”، و لە ئەندەنووسیا “گەڕان بەدوای هاوسەنگی نێوان هەردووکیان”. پێشنیارەکە و کتێبەکەش هەر ئەوە بوون.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: ماڵپەڕی (The Onion) هەمیشە وام لێدەکات هێندە پێبکەنم کە ئاو لە چاوم بێت.
ئایا کتێبە نوێیەکەی (جاک هاندی – Jack Handey)ت خوێندووەتەوە کە ناوی (بۆنی هۆنۆلولو – The Stench of Honolulu)یە؟ من نەک هەر خوێندمەوە، بەڵکو دە دانەشم لێ کڕی و دام بە هەمووان. لە گەشتێکی فڕۆکەدا بووم لەگەڵ هاوسەرەکەم، کارمەندی فڕۆکەکە وایزانی پیاوەکەم جەڵتە لێی داوە، چونکە هێندە توند پێدەکەنی و هەوڵی دەدا پێکەنینەکەی بشارێتەوە، وا دەردەکەوت کە نەخۆشە. زۆر کۆمیدییە.
ـ چی دەتگریێنێت؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: هممم. چیرۆکەکانی یەکگرتنەوە و لێبوردەیی، چیرۆکی بەزەییە چاوەڕواننەکراوەکەی مرۆڤەکان. زۆرێک لەو ڤیدیۆ بێمانایانەی ئاژەڵی ماڵی کە خەڵک بۆم دەنێرن…
ـ هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: من “بیرکردنەوەی سیحری”م هەیە. ئایا ئەوە بە باوەڕی خورافی دادەنرێت؟ پێموایە بەڵێ. بنەمای بیرکردنەوەی جادوویی من دەربارەی نووسین ئەوەیە کە نووسین پەیوەندییەکی هاوبەشە لە نێوان من و “نهێنییەکان”. کارەکە، هێندەی کە من دەمهەوێت دروستی بکەم، ئەویش دەیهەوێت دروست بکرێت. تا ئەو کاتەی دەست بەو باوەڕەوە بگرم، کارەکە دروست دەچێتە پێشەوە. ئەگەر کێشەم هەبوو لە بەرهەمهێنانیدا، ئەوە واتە کارەکە هەوڵ دەدات خۆی بە من بگەیێنێت. ئەم بیرکردنەوە سیحرییە وادەکات نەچمە ناو جەنگ لەگەڵ خۆم یان جەنگ لەگەڵ کارەکەم. وەک دوژمن سەیری ناکەم. وەک پەیوەندییەکی میهرەبانانە دەیبینم.
ـ چ کاتێک هەستت کرد نووسەریت؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: کە تەمەنم ٢٤ ساڵ بوو، چیرۆکێکی کورتم لە گۆڤاری (Esquire) بڵاوکرایەوە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو چیرۆکەکانم بۆ گۆڤارەکان دەنارد، هەر لە کۆلێژەوە دەستم پێکردبوو. ئامانجێکی زۆر سادەی ژیانم هەبوو: دەمویست شتێکی من بڵاو ببێتەوە پێش ئەوەی بمرم. کە ئەوە ڕوویدا، هەستم کرد ئامانجەکەی ژیانم بەدیهاتووە. ئەوەی دەمێنێتەوە چێژ و سوپاسگوزارییە، بەڵام ئەوە ئەو ساتە بوو کە هەستم کرد پێگەیشتووم. ئیتر گرنگ نەبوو چ ڕوو دەدات، گرنگ ئەوە بوو کە من ئەو گۆڤارەی ساڵی ١٩٩٤ی (Esquire)م هەبوو.
ـ چیرۆکێکی کۆمیدیمان بۆ بگێڕەوە کە پەیوەندی بە گەشتەکانتەوە هەیە، گەشتی ناساندنی کتێب و کۆڕە ئەدەبییەکانت.
ئەلیزابێس گیلبێرت: جارێکیان خەریکی واژۆکردنی کتێب بووم. هەمیشە ئەو ترسەم هەیە کە کەسێک لە سەڕەی واژۆکردن بێتە پێشەوە کە من دەیناسم، بەڵام ناوم بیر نەمابێت. جارێکیان لە (Barnes & Noble) بووم. بەڕێوەبەرێکی زۆر میهرەبان لەوێ بوو کە هەموو پاشنیوەڕۆکە لەگەڵم بوو و زۆر یارمەتیدەرم بوو. زۆر دڵمان بە یەک خۆش بوو. گەیشتینە کۆتایی ڕۆژەکە و کتێبێکی پێدام و گوتی:
“ئێستا دەتوانیت دانەیەک بۆ منیش واژۆ بکەیت؟” من ناویم بیر چووبووەوە، بۆیە گوتم: “بێگومان، تەنها دەتوانیت بیرم بخەیتەوە ناوت چۆن دەنووسرێت؟” کەمێک وەستا. پاشان گوتی: (ئید – E.D). ئەوە خراپترین ناو بوو کە بتوانیت لە کەسێک بپرسیت چۆن دەنووسرێت، چونکە تەنها دوو پیتە.
ـ شتێکمان پێ بڵێ دەربارەی خۆت کە زۆر کەس نایزانن و ڕەنگە سەرسوڕهێنەریش بێت.
ئەلیزابێس گیلبێرت: پێموایە خەڵک سەرسام دەبن ئەگەر بزانن من مێدیتەیشن ناکەم. زۆرجار داوای ئامۆژگاریم لێ دەکرێت دەربارەی مێدیتەیشن. هەرچەندە هەمیشە بەڵێن بە خۆم دەدەم کە بیکەم، بەڵام لە ڕاستیدا نایکەم. تەنانەت دوێنێ بەڵێنم دا کە بۆ هەفتەی ئایندە، هەموو ڕۆژێک بیکەم. بەڵام نایکەم. ئەمە لای من هاوتای ئەو بەڵێنەیە کە خەڵک بە خۆیانی دەدەن بۆ وازهێنان لە جگەرە. من بە تەواوی نەمتوانیوە خۆم بۆ ئەو کارە ڕابهێنم.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت و بۆچی؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: (بێنجامین فڕانکلین – Benjamin Franklin).
ـ چەند خێرا بوویت!
ئەلیزابێس گیلبێرت: وەی خوایا.. دەبوو بڵێم ئەندامێکی خێزانەکەم؟ با هەر لەسەر ناودارێکی ئەدەبی بمێنینەوە. بێنجامین دەگەڕێنمەوە نەک تەنها بۆ ئەوەی چێژی لێ ببینم، بەڵکو بۆ ئەوەی جیهانی پێ نیشان بدەم. کەس ناتوانم وێنا بکەم زیاتر لەو سەرسام بێت بەوە جیهانەی کە چی بەسەر هاتووە، یان توانایەکی زیاتری هەبێت بۆ گونجاندن و تێگەیشتن لێی. دەمویست بیبەم بۆ کارگەیەکی فڕۆکە، بۆ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون؛ زۆر دڵخۆش دەبوو کاتێک دەیدی خەڵکی هەژار چەند باش دەژین، سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ چەند باشە. بەپێی پێوەرەکانی ئێمە ڕەنگە هەمووان باش نەژین، بەڵام بەپێی پێوەرەکانی ئەو.. زۆر دڵخۆش دەبوو بە بیستنی ئەوەی سیستەمی ساردکەوەرە (سپلیت) بووە بە شتێکی گشتگیر. تەنها بۆ ئەوەی جیهانی پێ نیشان بدەم. حەزی لێ دەبوو.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
ئەلیزابێس گیلبێرت: سەیرە، یەکسەر ئەوەم بە خەیاڵدا هات (هەرچەندە نامەوێت لێی بدزم، بەڵام کاتێک لە E.B. Whiteیان پرسی حەز دەکات چۆن یادی بکرێتەوە، گوتی: وەک نووسەرێکی باش کە دەنگی گەیشتە بەردەنگ و خوێنەرێکی زۆر)، پێم وایە ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر جوانە، شتێکی باشە بۆ سەر کێلی قەبری منیش.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت کراوەتەوە و دەستکاری کراوە.

