رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر بەشداری لە یادی( 31 ) ساڵەی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.4.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ و ڕێکان زەکی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان، بە مەبەستی پیرۆزبایی و بەشداری لە یادی ( 31 ) ساڵەی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی عێراقی، سەردانی بارەگای ئەو حزبەی لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی هەولێری بەرەی تورکمانی، پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی، جەختی لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە و تیشکی خستە سەر پرسی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رایگەیاند: “پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی مێژوویی نێوان گەلی کورد و گەلی تورکمان و تەواوی پێکهاتەکان، بووەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە شوناسی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت.”

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو مۆدێلە سەرکەوتووەی پێکەوەژیان کە لە هەولێر بوونی هەیە، بووەتە جێگای سەرنج و بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەک نموونەیەکی درەوشاوە لە ناوچەکەدا دەبینرێت.

لە بەرامبەردا، ئایدن مەعروف، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی و حزبەکەی بۆ سەردانەکەی پارێزگاری هەولێر، جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان کردەوە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکمان وەک پێکهاتەیەک، هەمیشە پاڵپشتی لە سەقامگیری و گەشەسەندنی هەولێری پایتەختی ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ هەمووان دەکەن و کاردەکەن بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکاندا.