كادرێكی چاودێر
کە دەڵێین کوورە، مەبەستمان کڵپە و گڕی تاقیکردنەوە قورسەکانە. ئەو ئەزموونەی کە تەنها زێڕی پاڵفتە دەهێڵێتەوە و خەوشەکان هەرزوو دەسووتێن و دەبنە تۆز و با؛ ئەوانەی لە کوورە دەردەچن، دەبنە تاجی زێڕینی ژیان. ئەو بەردانەی گڕی کوورە دەبینن، بێگومان دەبنە ڕۆشنایی درەوشاوە و شووشەی گوڵاو.
شاعیر دەڵێت:
تا تینی کوورە نەبینێت بە چاو
بەردی ڕەق نابێت بە شووشەی گوڵاو
شەست ساڵە بیرمەند و خەباتکار و تێکۆشەری ڕێبواری ڕێبازی بارزانی و کاروانی کوردایەتی، کاک فازڵ میرانی، سات لە دوای سات گرەو لەگەڵ سەدان ئەهریمەنی شەڕ دەکات لەسەر ژیانی خۆی. بەهای هەر کوورەیەک ژیانی خۆی بووە. شەست ساڵە مەرگ دێت و سەرەتاتکێ دەکات و فازڵ میرانی چۆک دانادات و بە مەرگ دەڵێت: «من پێشی تۆ کەوتووم، من پێشمەرگەی کوردستانم.»
پیری دڵ و فیکر، گەنجی خەباتی کوردایەتی و سۆفییەکی کونجی خانەقای بارزانی؛ میرانیی پێشمەرگە و خەباتکار و قوتابییەکی بە ئەمەکی بارزانی، لە پێناوی گەل و نەتەوەکەی بەردەوامە. هەر لافاوی هەرەس دێت و وەک خۆی دەڵێت: «هەردەم هەڵدەستاینەوە.» مادام بارزانی پێشڕەوی بووە، قەت لە کۆسپ و لێرەوار نەترساوە و لەژێر کۆڵی قورسی خەباتدا نەپساوە.
فازڵ میرانی دەبێتە نموونەیەکی نەبەزینی قوتابییەکانی بارزانی. لە مەیدانی مەردایەتی ڕادەوەستێت و پشت لە شێریش ناکاتەوە؛ مەدالیای وەفا و ئەمەکداری بۆ بارزانی و بۆ کوردستان دەکات بە سینگی شەهیداندا.
سات لە دوای سات، وەفایەکی زیاتر، نەبەزین و هەناسەیەکی نوێی خەبات و گیانبازییەکی مەترسیدارتر بۆ مێژوو تۆمار دەکات. میرانی کە هەمیشە خۆی بە موریدێکی ڕێبازی بارزانی دەزانێت، دەبێتە نموونەی بەردەوامیی بەڵێن و لانەدان لە پەیمانی کوردایەتی.
شەست ساڵ خزمەتی نەتەوە، شەست ساڵ ڕێکردن لە دوای عەزەمەتی بارزانییەوە، شکۆی مرۆڤێکی ماندووی ڕۆژگارە. ئەو کە خوازیارە سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەکە ببینێت و لە لووتکەی چیای ژیندا وەستاوە و چاوەڕوانی ئەو چرکەیە کە ئاڵای نەتەوەکەی بەرز دەکرێتەوە، بێ ئەوەی ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە، هەمووان لەبەردەم مێژوویەکی درەوشاوەدا ڕادەگرێت کە یار و نەیار شاهیدیی دڵسۆزی و ئیتمینان و نەزاهەتی بۆ دەدەن. هەر خۆی ئەو خەباتە دوور و درێژە دەبێتە ئەکادیمیایەکی کردەیی بۆ مرۆڤێکی ناوازە و ڕەمزێکی دیار و ناوداری پارتی و شۆڕشگێڕێکی ماندوویینەناس و جوامێرێکی سەرکردەی خاوەن بیروباوەڕ.

