رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی عێراق ساڵ بە ساڵ وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی کوردستان کەم دەکاتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کورد نازانێت بە کوێی عێراقدا هەڵبڵێت، ئەو وڵاتە هیچ بڕیارێکی لەسەر بنەمای یاسا و ئەو دەستوورە نادات کە زۆربەی عێراقییەکان دەنگیان پێ داوە، ستەمەکە لە ستەمی سیاسی و پرسی خاک و سەروەری و تیرۆر و دروستکردنی لەمپەری سیاسی و هەوڵدان بۆ نانەوەی کێشەی ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان ترازاوە و تەنانەت دەستی بۆ گیرفان و بەرهەمی جووتیاران و زەحمەتکێشانیش بردووە.

جووتیارانی کوردستان ساڵێک چاوەڕێی ئەوە دەکەن بەڵکوو بارانێکی باش ببارێت و زەوییەکانیان بەرهەمێکی بەرچاوی هەبێت و لە سایەی ئەو بەرهەمە خزمەتی داهاتی گشتی وڵات بکەن و وەک بەرهەمهێنەر لە بەرزکردنەوەی داهاتی نیشتمانی ڕۆڵ بگێڕن و ژیانی خۆشیان دابین بکەن، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتییان بکات، لە بەرژەوەندییەکانیان دەدات و پرسی بەرهەمهێنانی گەنمیشی تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کردووە.
کڕینەوەی گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بودجەکەشی لە چوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدایە و دەبێت حکوومەتی عێراق بە یەک چاو سەیری تەواوی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
لە نوێترین هەنگاوی حکوومەتی فیدراڵی بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووریی کوردستان و لاوازکردنی سەرچاوەکانی داهات، بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ تەنیا دووسەد و نەوەد و دوو هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت.
سەیر لەوەدایە لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم دەبێت گەنمی زیاتریش بکڕدرێتەوە بەڵام عێراق ساڵ بە ساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان کەم دەکاتەوە. ساڵی ٢٠٢٤ سەرووی حەوتسەد هەزار تۆن گەنمی وەرگرت ساڵی ڕابردوو و چوارسەد هەزار و ئەمساڵیش هێندەی تری کەم کردۆتەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە جیاتی تۆن ئەم جارە بە کیلۆگرام گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت.
رێژەی ئەو ئەو بڕە گەنمەی عێراق لە پلانیدایە لە جووتیارانی کوردستانی وەربگرێت کەمترە لە لەسەدا دوازەی بەرهەمی گەنمی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بگاتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن.
ئەگەر پاساوەکەی عێراق کەمبوونەوەی داهاتەکان بێت یان ئەوە بێت بەشێک لە سایلۆکانی هێشتا پڕن و بەشی پێداویستی زیاتری عێراق دەکات لەوانەیە بڕیارەکە تا ڕادەیەک بەجێ لێکبدرێتەوە بەڵام کێشەکە لەوەدایە بڕیارەکە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانە، جووتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراق هیچ کێشەیەکی لە ڕادەستکردنی گەنمدا نییە.
حکومەتی فیدراڵی پلانی هەیە بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و هەشتسەد هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەربگرێت و بە هیی کوردستانەوە بیگەیەنێتە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن. ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت کەمترە لە حەوت لەسەدای کۆی ئەو گەنمەی قەرارە لە عێراق کۆ بکرێتەو لە کاتێکدا وەرگرتنی گەنم بە دۆنمە و هەرێمی کوردستان ڕووبەرێکی فراوانی بە گەنم چێنراوی هەیە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە عێراق بۆ هەر دۆنمێک زەوی بە گەنم چێنراوی کوردستان هەشتا و هەشت کیلۆ و نیو وەردەگرێت کەچی لە هەمان ڕووبەری زەوی پارێزگاکانی دیکە نۆسەد کیلۆ وەردەگرێت کە زیاترە لە دە هێندە.
بەو پێیە بە هەر هۆکارێک بڕیارەکەی عێراق لێکبدەینەوە ئەوا تەنیا ستەم دەبینین و حکوومەتی عێراق بە ڕاشکاوی ستەم لە جووتیارانی کوردستان دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵە و هەوڵ هەیە ئەو بڕە گەنمەی کوردستان بۆ ئاستێکی گونجاو بەرز بکرێتەوە .
ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لانی کەم نیوەی ئەو گەنمەیان لێ وەربگیرێت کە بەرهەمی دەهێنن و جیاوازی لە نێوان جووتیارانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق نەکڕێت و حکوومەتی فیدراڵی مافی هەمووان بە یەکسانی دابین بکات.