رۆژنامەی ھەولێر

گەشتی حاجیانی کوردستان بۆ سعوودیە تەنیا بە ڕێگەی وشکانی دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەھۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و داخستنی ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەکان، گەشتی حاجیانی کوردستان بۆ سعوودیە ھاوشێوەی حاجیانی عێراق، تەنیا بەڕێگەی وشکانی ئەنجام دەدرێت.

ئەم بڕیارە لەپێناو پاراستنی گیانی حاجیان و گەرەنتییکردنی گەیشتنیان بۆ وڵاتی سعوودیە دراوە، بەپێی ڕێکارەکان، لە سەرەتای مانگی داھاتوودا گەشتەکان دەست پێ دەکات و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، وردەکاری و ڕێنماییە نوێیەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج بڵاو دەکرێتەوە.
سەبارەت بە جیاوازی تێچووی گەشتەکە، وەزارەتی ئەوقاف، جەختی کردەوە کە بە ھەموو توانایەک ھەوڵ دەدەن مافی ھاووڵاتییان بگەڕێننەوە، ئەوان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ قەرەبووکردنەوەی حاجیان بەپێی ئەو میکانیزمەی بۆ پرۆسەکە دادەنرێت.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باس لەوە دەکات، بڕیار وابوو حاجیانی ھەرێمی کوردستان بەڕێگەی ئاسمانی گەشتی حەج بکەن، بەڵام بەھۆی تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە و داخرانی ئاسمانی عێراق و فرۆکەخانەکان ئێستا تەنیا بەڕێگەی وشکانی گەشت دەکەن.