شێرکۆ حەبیب
رستیەک هەیە زۆر جار دەگوترێتەوە (بەزمە لە کۆیە)، بەڵام نازانم ئەوە بۆ گوتراوە و لە چ بۆنەیەک و مەبەست چییە.
بەڵام ئیستا دەبێ بڵێین بەزمە لە بەغدا، بەزمە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەتی لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار (لێرە دەمەوێ ئەوە بڵێم مەبەستم بەرێز نزار ئامێدی نییە) لێرەدا مەبەستم پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیە و ئەگەر بەڕێز دکتۆر فوئاد بەهەمان پرۆسە دەرچووبایە هەمان بۆ چوونم دەبوو.
دەبووایە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەر کەسێک بێت و لە چ حزبێک بێت یا بێ لایان بێت، بە کۆ دەنگی کورد بووبایە، نەک هەندێک لە نەیارانی کورد دەست نیشانی بکەن ببن بە دەم ڕاست وەک دەڵێن ریش سپی کورد، ئەوەی روویدا دژ بەو عورفەیە کە لەدوای ٢٠٠٣ پیادە دەکرێت لە عێراق بۆ هەڵبژاردنی هەر سێ سەرۆکایەتیەکان، هەروەها دەبووایە دوای ڕەخنەی هەندێ ئەندام پەرلەمان لە ژمارەی ئامادەبووان کە رێژەی یاسایی پێک ناهێنن، پێویست بوو سەرۆکی پەرلەمان ئامادە بووانی هەژمار بکردبایە، و هەروەها دەبوایە ناوی ئەوانەی خۆیان کاندید کردبوو بخوێنێتەوە ئایا ئامادەن لە دانیشتنەکە یا نا و ئایا بەردەوام دەبن لە خۆ کاندیدکردن، هەروەها دەبووایە داوەرێک لەوێ ئامادە بووایە بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە لایەکی دیکەوە کاتێک فراکسیۆنی پارتی پرۆسەکەی بایکۆت کرد، مانای ئەوەیە بەرێز دکتۆر فوئاد کشاوەتەوە لە پرۆسەکە، دەبوو سەرۆکی پەرلەمان یا لێژنەی یاسایی رەچاوی ئەو خاڵەیان بکردبایە، کە بەرێز دکتۆر فوئاد لە دەروەی پرۆسەی هەڵبژاردنە چونکە نەخۆی و نە فراکسیۆنی حزبەکەی ئامادەی پرۆسەکە بوون، دەنگ دانی چەند پەرلەمانتارێک بە دکتۆر فوئاد بە بۆ چوونی من پلانێکی نەیاران بوو بۆ ئەوەی بڵێن پارتی شکستی هێنا بەجیاوازیەکی زۆر، لە لایەکی دیکەوە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی ئامادە بوون زۆرینە نەبوون، بەڵام زۆربەیان لەوانە بوون کە دژایەتی گەلی کورد دەکەن و کوردستان درۆن و مۆشەک باران دەکەن، (بە گوتەی خۆیان)، ئاشکرایە ئەوانە دەنگ بە پارتی نادەن دەزانن کەوا پارتی سازش لەسەر مافەکانی کورد ناکات و قەبوڵ ناکات چارەنووسی کورد بکەوێتە دەست ئەوانەی دژایەتی تاکی کورد دەکەن.
ئەوەی جێگای سەیر و سەمەرەیە کەسانێک بەناو رۆژنامەنووس و راگەیاندنکار دەهۆڵی ئەوە لێدەدەن پارتی دۆراوە و دەنگی نەهێناوە، بەداخەوە ئەوانە ئاورێکیان لە مێژوو نەداوەتەوە و نازانن هێزی پارتی لە کوێیە، هێز و دەنگی پارتی لای خەڵکی نیشتمان پەروەر و دڵسۆزە، ئەوانەی وڵات هەراج ناکەن و وڵات نافرۆشن، ئەوانەی بەرگری لە بەرژەوەندی کوردستان و کورد دەکەن، ئەگەر هەندێ لایانی کوردی رەزامەند نەبوون حزبە کوردییەکان کەسایەتیەک دەست نێشان بکەن لەهەر لایانیک یا بێ لایەنی؟ بۆ رەزامەند نەبوون پەرلەمانتەرانی کورد لە بەغدا ئەو بابەتەیە یەک لای بکەنەوە، جا هەر بەرێزێک بێت، ئەوە پێشنیاری سەرۆک بارزانی بوو، کە پێشنیارێکی کوردانەو راست و دروستە.
مێژوو روحم بەکەس ناکات رۆژان رۆژی لە دوایە، ئەوانەی مێژووی دۆێنێیان نەخوێندۆتەوە، با پێداچوونەوەیەک بە مێژوو بکەن ساتێک ئەوانەی دژایەتی خانەوادەی بەرێزی بارزانی و پارتیان کرد چۆن چوونە لای بارزانیی نەمر گوتیان ئێمە هەڵە بووین و تۆ راست بووی و ئێمە (……) بووین، ئیستاشی لەگەڵ دابێ ئەوەی دژایەتی خانەوادەی بەرێزی بارزانی و پارتی دەکات کاتێک لە راستییەکان گەیشت داوای لێبوردن دەکات و دەچێتە خزمەت مەرجەع و رابەر جەنابی سەرۆک بارزانی.
تەنازول بۆ دوژمن بکەین بە برا گەورە خۆمانیان دابنێین جگە لە پەشیمانی و شەرمەزاری هیچ تر نییە، بەڵام ئەگەر لەنێوخۆدا لەسەر بابەتێک تەنازول بۆ یەکدی بکەین سەرکەوتنە بۆ هەموو لایەک.

