كارزان گلی – ههولێر
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دۆسیەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بدات، كە زیاتر لە ساڵێكە زیندانی كراوە، چەند پرسیارێكی ئاراستەی وەزارەتی دادی توركیا كردوووە و لە یەكێك لە پرسیارەكان باسی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەكات، كە ئەو دادگایە سێ جار داوای كردووە ئازاد بكرێت.
دوای ئەوەی لە ١٩/٣/٢٠٢٥ ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا، جەهەپە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار كرد، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە و دەبێت هەموو بڕیارێكی ئەو دادگایە جێبەجێ بكات.
لە یەكەم دانیشتندا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، چەند پرسیارێكی ئاراستەی وەزارەتی دادی توركیا كردووە و داوای لێ دەكات وەڵام بدرێنەوە.
لە دۆسیەی ئیمامئۆغڵودا هاتووە، كە جەهەپە ئاراستەی دادگای ناوبراوی كردووە ”ئیمامئۆغڵو، بە شێوەیەكی نایاسایی دەستگیر كراوە، دەستگیركردنەكەش زۆر بەپەلە بووە و لەژێر چاودێری و لێكۆڵینەوەی ورددا نەبووە. دەستگیركردنەكەی سیاسی بووە، تا لێ نەگەڕێن ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا.“
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لەسەر ئەو دۆسیەی رادەستی كراوە لەبارەی ئیمامئۆغڵو، بۆ ئەوەی بزانێت لە توركیا دەستوور پێشێل كراوە یان نا، چەند پرسیارێكی ئاراستەی وەزارەتی دادی توركیا كردووە و دەڵێت وەڵام بدەنەوە.
دادگای ناوبراو، لە پرسیاری پێنجەم و شەشەمدا، باس لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەكات و بە وەزارەتی داد دەڵێت، دەمیرتاش بە هۆكاری سیاسی دەستگیر كراوە و سزا دراوە، بۆیە لە ٢٠٢٠ـەوە داوامان كردووە ئازاد بكرێت.
باسكردنی دەمیرتاش لە لایەن ئەو دادگایە، بەو مانایە دێت توركیا پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات، چونكە پێشتر داوایان كردووە دەمیرتاش ئازاد بكات و بە هۆكاری سیاسی دەستگیر كراوە نەك یاسایی.
بۆیە پرسیاری لە وەزارەتی داد كردووە، بۆ ئەوەی بزانین ئیمامئۆغڵوش وەكوو دەمیرتاش بەهۆكاری سیاسی گیراوە یان یاسایی، پێویستە پرسیارەكان وەڵام بدەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای ئەوە وەزارەتی دادی توركیا وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا دادوەرەكانی دادگای ناوبراو كۆ دەبنەوە و بڕیار لەبارەی دۆسیەی ئیمامئۆغڵو دەدەن.
توركیا دەتوانێت تا هەشت هەفتەی تر وەڵام بداتەوە و ئەگەر داواش بكات ماوەكەی بۆ درێژ بكەنەوە، بۆی درێژ دەكەنەوە، بەو مەرجەی وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە.
توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، بەگوێرەی یاساكانی ئەو دادگایەش بێت، هەر وڵاتێكی ئەندام لەو دادگایە، پێویستە بڕیارەكانی وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، تەنانەت ئەگەر بڕیارەكە پێچەوانەی بڕیاری دادگای وڵاتی خۆشی بێت.
توركیا تاوەكوو ئێستا چەندین جار بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل كردووە، بۆ نموونە دادگا سێ جار داوای كردووە دەمیرتاش ئازاد بكرێت، كەچی ئازاد نەكراوە، هەروەها داوای كردووە فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت و ئازاد نەكراوە. هەر ئەو دادگایە داوای كردووە، عوسمان كاڤالا، چالاكوان و سەرمایەداری توركیا و جان ئاتاڵای پەرلەمانتار ئازاد بكات، بەڵام توركیا بڕیارەكانی پشتگوێ خستووە.

