رۆژنامەی ھەولێر

کەرکووکییەکان نیگەرانن بە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاری شارەکە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەپێی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری پێشوو لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی تەقەدووم، پێنج شەممەی ڕابردوو پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن یەکێتییەوە ڕادەستی بەرەی تورکمانی کرا. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، خەڵکی کەرکووک شایستەی ئەوە نین بەو شێوەیەی ئێستا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. دەشڵێ: تا ئێستا تەعریبکردن لە کەرکووک بەردەوامە، ئێمە ھیچ کاتێک دژی نەتەوەیەک نەبووینە، ھەولێری پایتەخت جوانترین نموونە و بەڵگەیە.

کۆتایی بە خەونی کەرکووکییەکان ھات و سەفەقەی ھۆتێل ڕەشید ئیرادەی دەنگدەرانی کوردی ھەرزانفرۆش کرد. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و ھەر لایەنێکی سیاسی لەم ڕێککەوتنە بەشدار بێت، با چاوەڕوانی ئەوە بکات لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا سزای خۆی وەربگرێت.
سەرۆک بارزانی لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، یەکەم کەس بوو توانی بەرگری لە مافی پێکھاتەکان بکات و بیکاتە ماددەیەکی دەستووری و لەنێو دەستووری عێراق بیچەسپێنێت.
لە ڕۆژی ١٠ـی ئابی ٢٠٢٤ لە ھۆتێل ڕەشید لە بەغدا، لە کۆبوونەوەیەکدا بەبێ بەشداری فراکسیۆنی پارتی، بڕیاردرا پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەبەرانبەر بەخشینی ژمارەیەک پۆستی شارەکە بدرێت بە ڕێبوار تەھا لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕێککەوتنەکە واژۆکرا، دوای کەمتر لە دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک درایە پێکھاتەی تورکمان.
١٦ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوویەوە و زنجیرەیەک گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ھەیکەلی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکەدا پەسەند کرد، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەن بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەھای لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پەسەند کرد، ئەم ھەنگاوەش وەک پابەندییەک بوو بەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٤ لە ھۆتێل ڕەشیدی بەغدا لە نێوان یەکێتی، بزووتنەوەی بابلیۆن و بەشێک لە لایەن عەرەبییەکان و ژاوو کرابوو، دواتر پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بەڕێوەچوو، لە کۆی ١٤ ئەندامی ئامادەبووی ئەنجوومەن، ١٢ ئەندام دەنگیاندا بە محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، تا وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک ئەرکەکانی لە ئەستۆ بگرێت، لە ھەمان کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارێکی دیکەی دەرکرد و نەشئەت شاوێزی وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبژارد، بە مەبەستی تەواوکردنی پێکھاتەی یاسایی و کارگێڕی ئەنجوومەنەکە.
ئەم ھەنگاوە لەڕێگەی ھاوپەیمانییەتیی نێوان فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشێک لە نوێنەرانی پێکھاتەی عەرەبی و نوێنەری بزووتنەوەی بابلیۆن ئەنجامدرا، لە غیابی ھەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ھاوپەیمانی عەرەبی.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، گوتی: پیرۆزبایی لە محەممەد سەمعان لە پێکھاتەی تورکمان دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ئەم ھەڵبژاردنە بووە ھۆکاری ئەوەی ھەموو پێکھاتەکان و ڕۆڵەکانی کەرکووک بتوانن بەشداری لە حوکمرانی شارەکە بکەن.
ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، گوتیشی: ڕێککەوتنی پێکھاتە جیاوازەکانی کەرکووک بە چاودێری من کراوە، ئەمەش بناغەکانی ھاوسەنگی و ھاوبەشی داناوە و کۆتایی بە بنبەستی سیاسی ھێناوە، لە قۆناغەکانی داھاتووش ھەر بەپێی ئەم ڕێککەوتنە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار بەردەوام دەبێت و پۆستەکە دەدرێتە کەسێکی پێکھاتەی عەرەب.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: وەکو فراکسیۆنی پارتی بەشدار نەبووین لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو ھەر بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کەرکووک بدرێت بەشدار نابین.
دەربارەی ئاگاداربوونیان لەو ئاڵوگۆڕە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: قسەم لەگەڵ ئەندامانی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە و ئەوانیش ئاگاداری ئەو ئاڵوگۆڕە نەبوون، ھەروەھا شەقامی کوردی و کەرکووک بەتایبەتی زۆر نیگەرانە بەم ئاڵوگۆڕە و ئەو ڕێککەوتنەی کراوە ناڕوونە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، باسی لەوەش کرد، ھیچ کاتێک دژی نەتەوەیەک نەبووینە، ھەولێری پایتەخت جوانترین نموونە و بەڵگەیە، تاوەکو ئێستا تەعریبکردن لە کەرکووک بەردەوامە و چەند گەڕەکێکی کۆنکرێتی دروستکراون، کەرکووک شارێکە لە چەند نەتەوە پێکھاتووە و دەکرێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە تێیدا بژین.