رۆژنامەی ھەولێر

کۆیە؛ فەلسەفەی شار و دیالێــــــــــکتیکی شوناس لە کایەی مێژوودا

دیمانه‌ – سه‌هه‌ند كۆیی

کۆیە؛ لە کایەی مێژووییدا وەک ناوەندێکی ستراتیژی و مەعریفیی تاقانە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا دەردەکەوێت. ئەم مەڵبەندە تەنها پێگەیەکی بازرگانی نەبووە، بەڵکو وەک مەکۆیەکی کاریگەر بۆ گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی و ڕیفۆرمی ئایینی ڕۆڵێكی باڵای گێڕاوە. بۆ شیکردنەوەی پێگە کولتوورییەکەی و تێگەیشتن لەو ڕەهەندە مێژووییانەی کە ناسنامەی ئەم شارەیان بونیاد ناوە؛ لەم دیدارەدا میوانداریی: (دکتۆر جەمال فەتحوڵڵا)، نووسەر و مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی بواری مێژوو دەکەین، تا لە دیدگایەکی زانستییەوە، پێکەوە گفتوگۆ دەربارەی وەرچەرخانە بنەڕەتییەکان و تەواوی ڕەهەندەکانی مێژووی ئەم شارە دێرینە بکەین.

کۆیە یەکێکە لەو شارە دێرینانەی کوردستان کە هەمیشە جێی بایەخی مێژوونووسان بووە. دەمەوێت لەوەوە دەست پێ بکەین کە ڕەگی ناوی ئەم شارە بۆ کەی دەگەڕێتەوە و ئەو بۆچوونە جیاوازانە چین کە لەسەر ناوی کۆیە هەن؟
* سەبارەت بە ناوی کۆیە، چەندین لێکدانەوەی مێژوویی و زمانەوانی لە ئارادان. پێش هاتنی ئیسلام، ئەم ناوچەیە بە “کۆسار” ناوبراوە کە وشەیەکی زەردەشتییە و مەبەست لێی ناوچەیەکی بەرز و شاخاوییە. دواتر و لە سەردەمی فتوحاتدا، ناوەکە گۆڕاوە بۆ “کۆهسار” بە هەمان واتا. مێژوونووسان بۆچوونی تریشیان هەیە، بۆ نموونە کەریم شارەزا پێی وایە ناوەکە لە وشەی “کۆ” و بە واتای کۆبوونەوەی خەڵک دێت، یان کورتکراوەی کێو و کێویە. لایەکی تر، زانای گەورە مەسعوود محەمەد پێی وابوو شێوەی شارەکە وەک پارچە زەوییەکی کۆکراوە و چڕ دەردەکەوێت. بە بڕوای ئێمە، دەورەدانی شارەکە لە سێ لاوە بە چیا، وای کردووە ناوی کۆسار بە تێپەڕبوونی کات کورت بێتەوە بۆ کۆیە، وەک چۆن حاجی قادری کۆیی دەڵێت: لەمابەینی بەهارا شارەکەی کۆ، قوبەی کەشمیری دابەرشەق وەک کۆ.

دێرینیی شارەکە و پێگە ستراتیژییەکەی
پێگەی جیۆپۆلیتیکی و مێژوویی کۆیە لە نەخشەی سیاسیی چاخە کۆنەکان و ناوەڕاستدا چۆن دەخوێننەوە؟ ئایا دەتوانین بڵێین ئەم شارە بەر لە سەرهەڵدانی شارە مۆدێرنەکان، ناوەندی بڕیاردانی کارگێڕی و سەروەریی میرنشینی بووە کە ناوچە جیاوازەکانی تری کوردستان لەژێر ڕکێفی بوون؟
* بێگومان، کۆیە شارێکی یەکجار دێرینە. پێش ئەوەی سلێمانی دروست ببێت، لە تەواوی ئەو ناوچە فراوانەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر و باکووری کەرکووک، تەنها کۆیە وەک شارێکی گەورە و ئاوەدان بوونی هەبووە. ئەم ناوچەیە لە سەردەمی کۆنەوە مەڵبەندی نەتەوەی “گۆتی” بووە کە ڕەگی کوردانی ئێستان. کۆیە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە هەمیشە دەروازەیەکی بازرگانیی گرنگ بووە، هەر بۆیەش بووەتە جێی تەماحی داگیرکەرانی وەک ئاشووری، میدی، ساسانی و دواتریش عوسمانییەکان. لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەمدا کۆیە هێندە بەهێز بووە کە میرنشینی تایبەت بە خۆی هەبووە و تەنانەت هەولێر و ڕانیە و قەڵادزێش تا ساڵی ١٧١٠ لەژێر ڕکێفی کارگێڕیی کۆیەدا بوون.
باس لەوە دەکرێت شاری کۆیە چەند جارێک شوێنەکەی گۆڕاوە. ئەو شوێنانە کامانەن و گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی ئێستای شارەکە چین؟
* کۆیە شارێکی زیندووە و بە درێژایی مێژوو سێ جار نوێ کراوەتەوە و گۆڕاوە. سەرەتا “ئەسکی کۆ” بووە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵات، دواتر “کاوڵە کۆ” لە باکوور و دواجار “فیتنە کۆ” کە کۆیەی ئێستایە. ناوی فیتنە کۆ ئاماژەیە بۆ ئەو جەنگ و ململانێیە زۆرەی لەسەری بووە. شارەکە زیاتر لە ١٠٠ شوێنەواری دێرینی تێدایە، وەک قەڵای شیلە، قەیسەرییەکان، قشڵەی کۆیە و ناوچەی سماقوڵی. ئەم هەموو شوێنەوارە بەڵگەن کە کۆیە هەمیشە چەقێکی گرنگی شارستانیەت بووە.
تەلارسازیی گەڕەکە دێرینەکانی کۆیە چۆن هاوسەنگیی لە نێوان پێداویستیی بەرگریی سەربازی و توندوتۆڵیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاگرتووە و ئەو شێوازە تایبەتەی بیناسازی چ پەیامێکی سۆسیۆلۆژیی لە پشتە؟
* تەلارسازیی کۆیە ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی شارەکەیە. گەڕەکە دێرینەکانی وەک بەفری قەندی و قەڵات، بە شێوازێک دروست کراون کە خانووەکان پاڵیان بە یەکەوە داوە، ئەمەش نیشانەی توندوتۆڵی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بووە. بەکارهێنانی بەردی ناوچەکە و گەچ و قسڵ لە بیناسازیدا، وای کردووە خانووەکان لە هاویندا فێنک و لە زستاندا گەرم بن. بوونی حەوشەی گەورە و “تەلار” لە ناوەڕاستی خانووەکاندا، ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی خەڵکی کۆیە بە میوانداری و کۆبوونەوەی خێزانی. هەروەها دیزاینی کۆڵانە تەسک و پێچاوپێچەکان تەنها بۆ جوانی نەبووە، بەڵکو ستراتیژییەکی بەرگری بووە بۆ ئەوەی لە کاتی هێرشی داگیرکەراندا، نەیار نەتوانێت بە ئاسانی بەناو شاردا بسوڕێتەوە.
هۆکارە جەوهەرییەکانی پاشەکشەی پێگە ستراتیژییەکەی کۆیە وەک جەمسەرێکی بازرگانی و پیشەسازی لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم چی بوون؟ ئایا دەکرێت گۆڕانی ڕێڕەوە بازرگانییەکان و سیاسەتی پەراوێزخستنی مەبەستدار لەلایەن حکومەتەکانەوە، وەک سزایەکی سیاسی بۆ ئەم شارە دژە-ستەمە لێک بدرێتەوە؟
* پێش جەنگ، کۆیە چەقی بازرگانیی نێوان سووریا و ئێران بوو، هەروەها ناوەندێکی گەورەی پیشەسازیی ناوخۆیی بوو بۆ دروستکردنی چەک و مافوور و کەلوپەلی کشتوکاڵی. بەڵام دوای جەنگ، سیاسەتی چەوسێنەرانەی عوسمانییەکان و گۆڕانی ڕێگە بازرگانییەکان بۆ ئۆتۆمبێل و ڕێگەی هامڵتۆن، وای کرد کاروانەکان چیتر بە کۆیەدا تێنەپەڕن. حکومەتەکانی عێراقیش بە ئەنقەست هەوڵیان دەدا کۆیە فەرامۆش بکەن، چونکە هەمیشە مەکۆیی بەرهەڵستی بووە و تەنانەت خەڵکی کۆیە ڕۆڵی سەرەکیشیان لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا هەبووە. ئەم فەرامۆشکردنە مەبەستدارەی کۆیە، هەوڵێکی سیاسی بوو بۆ سزادانی شارێک کە ڕەتی دەکردەوە لە بەرامبەر ستەمدا بێدەنگ بێت و هەمیشە وەک بڕبڕەی پشتی بزووتنەوە نەتەوەییەکان دەمایەوە. بەمەش کێشەی ئابووریی کۆیە تەنها پەیوەست نەبوو بە گۆڕانی ڕێگاکانەوە، بەڵکو باجێکی قورس بوو کە شارەکە لە پێناو پاراستنی سەروەریی فکری و سیاسیی خۆیدا دای.
پێگەی کەمایەتییە ئایینییەکانی وەک مەسیحی و جولەکە لە داڕشتنی ناسنامەی ئابووری و کولتووریی کۆیەدا چۆن دەبینن؟ هەروەها، ئەو زەمینە فکری و ئایینییە چی بوو کە وای کرد شارەکە ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان؟
* مێژووی کۆیە پڕە لە وێنەی جوانی پێکەوەژیان. لەم شارەدا جولەکە و مەسیحییەکان شانبەشانی موسڵمانان ژیاون و ڕۆڵی کاریگەرایان لە بازاڕ و پیشەسازیدا هەبووە. جولەکەکانی کۆیە کە گەڕەکێکی تایبەتیان هەبووە، مێژوویەکی دێرینیان لە بازرگانیی قوماش و دەرماندا هەبووە. هەروەها مەسیحییەکان کە تا ئێستاش ڕەسەنایەتی خۆیان لە ناوچەی هەرمۆتە پاراستووە، بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامەی کۆیە. ئەم پێکەوەژیانە تەنها دروشم نەبووە، بەڵکو لە کاتی تەنگانەدا هەمووان پارێزەری یەکتر بوون. مەلا گەورە وەک کەسایەتییەکی ئایینی باڵا، هەمیشە داکۆکیکاری مافی کەمایەتییەکان بووە و ڕێگەی نەداوە هیچ جۆرە جیاکارییەک لە شارەکەدا ڕوو بدات. ئەم فرەڕەنگییە ئایینییە بووە هۆی ئەوەی کۆیە ببێتە چەقێکی کراوەی بازرگانی و فکری، کە تێیدا متمانەی کۆمەڵایەتی لە سەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە بوو. بەمەش شارەکە مۆدێلێکی دەگمەنی پێشکەش کرد کە چۆن دەکرێت پیرۆزییەکانی ئایین ببنە هەوێنی تەبا و پارێزەری کەرامەتی مرۆڤ، بێ گوێدانە ناسنامە و پاشخانی بیروباوەڕیان.
حوجرەکانی کۆیە چۆن هاوسەنگییان لە نێوان زانستە شەرعییەکان و فەلسەفە و لۆژیکدا ڕادەگرت و ئەو پرۆگرامە فکرییە چی بوو کە فەقێیانی ئەم شارەی وەک زانای ئایینی و نیشتمانپەروەرێکی دژە-چەوسانەوە پێدەگەیاند؟
* ئەمە خاڵێکی جەوهەرییە. حوجرەکانی کۆیە تەنها شوێنی خوێندنی قورئان و شەریعەت نەبوون، بەڵکو زانکۆیەک بوون بۆ قووڵبوونەوە لە فەلسەفە، لۆژیک و ئەدەبیات. ئەو ڕۆشنبیرە ئایینییانەی لەم مەکۆیانەدا گۆشکرابوون، بەهۆی ئەو ڕوانگە گشتگیر و کراوەیەی بۆ ژیان هەیانبوو، کوردایەتییان وەک بەشێک لە ئیمان دەبینی و هەمیشە دژی چەوسانەوە دەوەستانەوە. ئەم قوتابخانە ئایینییانە نەوەیەکیان پێگەیاند کە هەم لە زانستەکاندا شارەزا بوون و هەمیش ئاشقی خاک و زمانەکەیان بوون. هەر ئەمەش وای کرد کە پێشەنگەکانی کۆیە لە ڕیزەکانی پێشەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا بن و وەک قیبلەنمایەکی فکری بۆ گەلەکەیان بمێننەوە.
فاکتەرە سەرەکییەکانی گەشەسەندنی پێشوەختی دامەزراوە میرییەکان لە کۆیەدا چی بوون؟ هەروەها، بڕیارە مێژووییەکەی مەلا گەورە لە گۆڕینی زمانی دادگا بۆ کوردی، تا چەند وەک شۆڕشێکی سپی دژی هەژموونی بیانی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت؟
* بەڵێ، کۆیە لە ڕووی دامەزراوەییەوە پێشەنگ بووە. فەرمانگەی پۆستە لە ساڵی ١٨٧٥ و تاپۆ لە ١٨٨٠ و یەکەم قوتابخانەش لە هەمان ساڵدا دامەزراون. خاڵێکی زۆر گرنگ و مێژوویی لێرەدا هەیە، ئەویش کاتێک مەلا گەورە لە ساڵی ١٩١٩ بوو بە قازی شەرع، بڕیارێکی مێژووییدا کە لەناو دادگا و بۆ تۆمارکردنی هەموو کۆنووسەکان، تەنها زمانی کوردی بەکاربهێنرێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە زمانەکانی تر باڵادەست بوون، بەڵام ئەو توانی سەروەری بۆ زمانی دایک بگەڕێنێتەوە. بەمەش مەلا گەورە سەلماندی کە پاراستنی زمان، بناغەی پاراستنی نەتەوەیە و دادگای کردە سەنگەرێکی مەدەنی بۆ بەرگریکردن لە شوناسی کوردی.
بڕیارە بوێرانەکەی مەلا گەورە لە ساڵی ١٩٢٤ بۆ ناردنی نەجیبە خانی کچی بۆ قوتابخانە، چۆن توانی بەستەڵەکی کۆمەڵایەتی بشکێنێت و ڕێگە بۆ خوێندنی ژنان و نوێکاریی عەقڵی لە تەواوی ناوچەکەدا خۆش بکات؟
* کۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا خاوەنی ١٨ مزگەوت و تەکیە بوو کە هەر یەکەیان مەکۆیەکی زانست و ئەدەب بوون. دەیان شاعیری وەک دڵدار و عەونی و سافی لێرە پەروەردە بوون. بەڵام گەورەترین هەنگاو، بڕیارەکەی ساڵی ١٩٢٤ی مەلا گەورە بوو کاتێک کچەکەی خۆی بە ناوی “نەجیبە” ناردە قوتابخانە لەگەڵ کوڕان. ئەمە لە تەواوی عێراقدا کارێکی دەگمەن و شۆڕشگێڕانە بوو، چونکە ڕێگەی بۆ خوێندنی خانمان خۆش کرد و ئەو بەستەڵەکە کۆمەڵایەتییەی شکاند. ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕانکارییەکی پەروەردەیی نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگی عەقڵانییەت بوو دژی دواکەوتوویی و نەریتی چەقبەستووی ئەو سەردەمە. بەمەش مەلا گەورە سەلماندی کە کۆیە نەک هەر مەڵبەندی شیعر و عیرفانە، بەڵکو لانکەی یەکسانی و کرانەوەی فکرییە لە مێژووی نوێی کوردستاندا.
جەوهەری پەیوەندیی دەسەڵاتی عوسمانی و کۆیە چی بوو؟ ئایا سەپاندنی باجی قورسی وەک ‘مەڕانە و قاورمانە’ جۆرێک بوو لە سزای سیاسی بۆ شارێک کە هەمیشە مەکۆیەکی هۆشیار و بەرهەڵستکار بووە؟
* عوسمانییەکان وەک داگیرکارێک کە تەنها لە خەمی باج و تاڵانکردندا بوون، مامەڵەیان دەکرد. ئەوان نەک خزمەتیان نەدەکرد، بەڵکو بەردەوام خەریکی سزادان و کۆکردنەوەی جۆرەها باجی سەیروسەمەرە بوون وەک باجی مەڕانە و قاورمانە. لە ساڵی ١٩١٧ کە گرانییەکی گەورە ڕوویدا، عوسمانییەکان هیچیان بۆ خەڵک نەکرد. ئەگەر پیاوە نیشتمانپەروەرەکانی وەک حەمائاغای غەفووری و مەلا گەورە نەبوایە کە دەستی جەوانمەردییان درێژ کرد، هەزاران کەس لە برسان دەمردن. ئەوان تەنانەت ڕێگرییان لە خوێندنیش دەکرد چونکە دەیانزانی هۆشیاریی گەلەکەمان دەبێتە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆیان.
هاوتەریب لەگەڵ ئەو وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییانەی ئاماژەمان پێ دان، کۆیە لە ڕووی سیاسییەوە و لە کاتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ویلایەتی مووسڵدا چۆن توانی گوزارشت لە ئیرادەی نەتەوەیی کورد بکات؟
* بێگومان، کۆیە لەو وێستگە مێژووییەدا تەنها شارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک ‘پایتەختی فکریی کوردایەتی’ دەردەکەوت. کاتێک لەو قۆناغەدا لیژنەی نەتەوەکان: (عوسبەتولئومەم)، بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ویلایەتی مووسڵ سەردانی ناوچەکەیان کرد، ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی یەکجار توند و ڕاشکاو بوونەوە لە کۆیە. بە پێچەوانەی زۆرێک لە ناوچەکانی تر کە لەژێر فشاری سیاسی یان خێڵەکیدا بوون، نوخبەی سیاسی و جەماوەریی کۆیە بە یەکدەنگ ڕایانگەیاند کە هیچ پاشکۆیەتییەک بۆ دەوڵەتی نوێی عێراق قبوڵ ناکەن و داوای **’سەربەخۆیی تەواوی کوردستان’**یان کرد. ئەم ئاستە بەرزە لە هۆشیاریی سیاسی، لە خۆڕا دروست نەببوو؛ بەڵکو ئەنجامی کۆبوونەوەی سێ ڕەهەندی سەرەکی بوو: یەکەم: میراتی شیعری و فەلسەفیی حاجی قادری کۆیی، کە پێش هەمووان چەمکی ‘نەتەوە’ و ‘نیشتمان’ی لەناو ویژدانی خەڵکەکەدا چاندبوو. دووەم: ڕابەرایەتیی فکریی مەلای گەورە، کە توانیبووی ئایین و نەتەوایەتی بە شێوەیەک گرێ بدات کە داواکردنی مافە نەتەوەییەکان ببێتە ئەرکێکی پیرۆز. سێیەم: کۆیە لەو سەردەمەدا ببووە مەنزڵگەی مامۆستا و ڕۆشنبیرە نیشتمانپەروەرەکانی شارەکانی تری وەک سلێمانی و کەرکووک، کە بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانیانەوە لەلایەن بەریتانییەکانەوە بۆ کۆیە دوورخرابوونەوە، ئەمەش وای کرد شارەکە ببێتە ناوەندێکی گەرمی گفتوگۆی سیاسی و ڕێکخستنی نەتەوەیی. ئەم خۆڕاگرییەی کۆیە وای کرد کە لیژنە نێودەوڵەتییەکە تێبگەن کە کێشەی کورد تەنها کێشەی کەمایەتییەک نییە لەناو عێراقدا، بەڵکو کێشەی نەتەوەیەکە کە خاوەنی مێژوو و ناسنامەی سیاسیی خۆیەتی.
ڕۆڵی دیوەخانەکانی کۆیە لە ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا چۆن دەبینن؟ ئایا ڕاستە دەوترێت دیوەخانی گەورەپیاوانی کۆیە تەنها شوێنی میوانداری نەبوون، بەڵکو ناوەندی بڕیاردانی چارەنووسساز بوون؟
* بە وردی وایە. دیوەخان لە کۆیەدا دامەزراوەیەکی نیمچە سیاسی بوو. دیوەخانی کەسایەتییە ناودارەکانی وەک “حەمئاغای غەفووری” یان بنەماڵەی “حاجی قادر”، وەک پەرلەمانێکی ناوخۆیی وابوون؛ لەوێدا نەک هەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان یەکلایی دەکرانەوە، بەڵکو پلانی بزووتنەوەکان و داڕشتنی هەڵوێست بەرامبەر دەسەڵاتی والییەکان لەو مەکۆیانەوە سەرچاوەی دەگرت. خاڵی جیاکەرەوەی دیوەخانی کۆیی ئەوە بوو کە تەنها بۆ چینێکی دیاریکراو نەبوو؛ فەقێ، شاعیر، جووتیار و بازرگان لەوێدا تێکەڵ دەبوون. ئەم هەمەڕەنگییە وای کردبوو کە “ڕای گشتی” لە کۆیەدا بە خێرایی گەڵاڵە ببێت و خەڵکەکە لەسەر پرسە نیشتمانییەکان هەمیشە یەکدەنگ و یەکدەست بن.
وەک دواوتە و کۆتا پرسیارمان؛ بۆچی کۆیە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوو بە ناوەندێکی هونەریی گەورە؟ ئایا ئەم ژینگە هونەرییە تا چەند بووە هەوێنی دروستبوونی تیپی مۆسیقای باواجی؟
* کۆیە لانکەی ژمارەیەک مەقامبێژی ناودار بووە کە ناویان لەسەر ئاستی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە، وەک: مەڕبێن، حەنیلە وردە، مامە سێوە، تایەر تۆفیق، حاجییە گەورە، مەلا ئەحمەدی کۆر، مەلا ئەسعەد، وەستا باقی و چەندانی تر. ئەم زەمینە دەوڵەمەندە بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٧دا، تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لەسەر دەستی مامۆستا ئەندریۆس خەمۆ: (کە بە باکووری ناسراوە)، دابمەزرێت. ئەم تیپە لە سەرەتادا وەک تیپێکی قوتابخانەکان دەستی بەکار کرد، پاشان گەشەی سەند و لە ژێر چەتری “کۆمەڵەی بوژانەوەی هونەرە جوانەکان لە کۆیە” ناوی نرا: (تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە). یەکەمین چالاکیی فەرمییان لە ٢٧ی ئازاری ١٩٥٨ بوو کە یەکەم کۆنسێرتیان لە نێو قوتابخانەی کۆیەی کوڕان پێشکەش کرد. دواتر لە ١ی ئازاری ١٩٧٢دا، مامۆستایان: (زاهیر محەمەد، ئەنوەر تاهیر و سەردار ئەحمەد)، مۆڵەتی فەرمییان بۆ تیپەکە وەرگرت. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٢ بۆ ١٩٧٤، توانییان ١٩ بەرهەم لە بەغدا و ٨ بەرهەمی تر بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمار بکەن. ئەم تیپە ڕۆڵێکی باڵای هەبوو لە بڵاوکردنەوەی گۆرانی و مەقامی ڕەسەن؛ لەسەر ئاستی کوردستاندا دوای تیپی سلێمانی، بە پلەی دووەم دەهات. یەکێک لەو شانازییە گەورانەی کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم، فێستیڤاڵی ساڵی ١٩٧٣ی بەغدا بوو، کە تێیدا تیپی باواجی پلەی دووەمی بەدەست هێنا، هەرچەندە وەک مامۆستا ئازاد بیلال: (ئەندامی کارای تیپەکە)، دەڵێت: «تیپەکە شایستەی پلەی یەکەم بوو». مێژووی چالاکییە نایابەکان و بەرهەمەکانیان گەواهیدەری ئەم ڕاستیەن. لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینێکی بێپایان بۆ به‌ڕێزت و تەواوی ستافە بەئەمەکەکەی ڕۆژنامەی هەولێر؛ کە هەمیشە وەک سەکۆیەکی باڵای مەعریفی، پێشەنگ بوون لە بەرزڕاگرتنی مێژوو و شکۆی شارەکانمان.