رۆژنامەی ھەولێر

فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاریدا بە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان تا کاتێکی نادیار، ئەمەش دوای ئەوەی جەختیان کردەوە کە دەستوور و یاساکان پێشێل کراون و بنەماکانی ھاوبەشی و سازان پشتگوێ خراون.

ئەمڕۆ شەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر پێشێلکردنی دەستوور و یاساکان و فەرامۆشکردنی بنەما سەرەکییەکانی وەک ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسیدا.

فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی شەرعییەتی پڕۆسەی سیاسی لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە، بۆیە تا کاتێکی نادیار بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن و ڕێگە نادەن مافەکانی گەلی کوردستان پێشێل بکرێن.