رۆژنامەی ھەولێر

تاوانەکانی جینۆساید دژی فەیلییەکان و گەلانی عێراقی

موزەفەر فەیلی
بەشی یەکەم

رژێمی بەعسی عێراقی لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات لە عێراق لە ساڵی (١٩٦٨) زۆر ھێڵی سۆری بەزاند لە بواری مافی مرۆڤـ و ئەم دەست درێژییانە لەراستی دا لە دژی گشت ھاوڵاتیان بووە بە ھەموو بیر و باوەر و راوبۆچوون لە دژی کەمە نەتەوەیی و کەمە ئایینی یەکان. لە ھەمان کاتدا ئەو ستەمانە کە ئەنجامی دەدا زۆر جۆری ھەبوو وەکو کوشتن یان لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و راگوێزران و دزین و تاڵان کردنی ماڵ و دارایی خەڵک، کاوڵ کردنی ماڵان و خاپور کردنی تەنانەت شوێنەواری مێژوویی و ھەروەھا گۆرینی ناوی شار و ناوچەکان و بە عەرەب کردن و تێکدانی شێرازەی یەکگرتووی خانەوادەکان و بێ رێزی کردن لەسەر شوێنەکانی ئایینی و سەنتەرەکانی پزیشکی و رۆشنبیری و زانستی ئەوەش بە شێوازی نامرۆڤانە و دوور لە ھەموو یاسا و رێسایەک کە ئەم شێوازانە رۆژ لە دوای رۆژ فۆرمێکی نوێ و درندانەتر بەخۆیەوە دەگرت! بەم شێوەیە دەسەڵاتی رژێمی بەعسی زاڵم بێ رێزی کردە سەر ھەموو ئەو یاسا و بنەما و پەیماننامەکانی جیھانی کە جەخت دەکەن لەسەر رێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان و لە پێشەکی ھەموو، راگەیندراوی جیھانی مافی مرۆڤـ لە ساڵی (١٩٤٨) و دوو رێککەوتننامەی جیھانی مافی شارستانی و سیاسی و مافی ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری لە ساڵی (١٩٦٦)، تەنانەت دەستوری کاتی ساڵی (١٩٧٠) و یاساکانی عێراقی. ئەو زۆڵم و ستەمەی کە بە سەر گەلانی عێراقی بەگشتی و فەیلییەکان بەتایبەتی ھات لەراستی دا زۆر و گەورەیە، بۆ یەکەم جار لە فەیلییان دەستی پێ کرد بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- لە ساڵی (١٩٣٦) کۆمەڵێک بازرگان و کەسایەتی فەیلی راگوێزران بۆ دەرەوەی وڵات کە بە (حبل-حبل) ناوبانگ بوو لە سەردەمی (یاسین الھاشمی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکات کە (رشید عالی گیلانی) وەزیری ناوخۆ بوو.
٢- لە ساڵی (١٩٤٣) ھەزاران خێزانی فەیلی لە گۆند و ناوچەکانی مەندەلی راگوێزران بۆ دەرەوەی وڵات.
٣- لە ساڵانی (١٩٦٨-١٩٦٩) لە سەرەتای ھاتنی بەعسییەکان لە عێراق، نزیکەی (٣٠٠) خێزان لە بەغدا و ھەروەھا نزیکەی (٢٠٠) نەفەر لە ناوچەی بەمۆ لە خانەقین راگوێزران.
٤- لە (١١)ی ئازاری ساڵی (١٩٧٠)، فەیلییەکانی شاری (عمارە) رێپێوانیان سازدا، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان بێسەر و شوێن کران. ھەر لە ھەمان ساڵ حکومەتی عێراق لە ترسی ئەوەی کە شاری کوت شۆرشی کورد بیانگرێتەوە ھەستا بە راگوێزرانی (٤٠.٠٠٠) لە فەیلییەکان بۆ ئێران.
٥- لە ساڵی (١٩٧١) دەست کرا بە بزرکردنی ھەزاران و راگوێزرانی پتر لە (٦٥,٠٠٠) تاکو (٧٥,٠٠٠) کەس بۆ ئێران و لەم ماوەیەدا دەست بە روخانی ماڵ و شوێنیان و ھەروەھا ھەڵمەتی لێپرسینەوە لەسەر ماڵ و شوێنی ئیش و کاریان و لە ھەموو شوێنێک داوای پێناسەیان لێکرا لە لایەن دەزگاکانی ئاسایش و سیخوری.
٦- لە ساڵی (١٩٧٣) تا ساڵی (١٩٧٥) ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی ئێران و ناوچە جۆربەجۆرەکانی (دیوانیە) و (ناسریە) کران.
٧- لە ساڵی (١٩٧٥) دوای رێککەوتننامەی شەشی ئازار لە نێوان عێراق و ئێران ھەزاران خانەوادەی فەیلی راگوێزران لە ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و قزربات بە بیانۆی بەشداری کردنیان لە شۆرشی ئەیلول.
٨- لە رێکەوتی (٤/٤/١٩٨٠) پتر لە (٧٠٠٠) لاوی فەیلی بزر و ھەتا ئێستا بێسەروشوێنن، ھەروەھا راگوێزرانی (١٢٠.٠٠٠) کەس بۆ ئێران. شایانی باسە کە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ ژمارەی راگوێزراوان گەیشتە زیاتر لە (٤٠٠,٠٠٠) کەس.
٩- لە ساڵی (١٩٨٣) کۆمەڵێک بۆ ئێران و بەشێکی تر بۆ باشووری عێراق ئاوارە و دەربەدەر کران.
١٠- لە رێکەوتی (٨/٢/١٩٨٩) پتر لە (٥٠٠) خێزانی فەیلی لە (ملعب شعب)ی بەغدا بزر کران.
١١- لە رێکەوتی (٢٠-٢٧/٩/١٩٩٢) پتر لە (٢٠٠) خێزانی فەیلی لە ناوچەی خانەقین راگوێزران.
١٢- لە مانگی ئازاری ساڵی (١٩٩٥) سەدان خێزان لە کەرکوک، دیالە و خانەقین راگوێزران بۆ ئێران.