لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئاکرێ ڕایگەیاند؛ لە سەرەتای ئەم مانگەوە سیستمی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ناوچەکان کەوتووەتە کار.
لە راگەیەندراوەکەیاندا، هاتووە؛ سەنتەری شارۆچکەی ئاکرێ، هەر سێ ناحیەی بجیل، دینارتە و گردەسێن لەگەڵ سەرجەم گوندەکانی سنوورەکە سوودمەند بوون و ژمارەی بەشداربووان گەیشتووەتە زیاتر لە 42205 هاووڵاتی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، 180 مۆلیدەی کارەبا لە سنوورەکە لە کار وەستاون، ئەوەش هۆکارێکی گرنگە بۆ پاکبوونەوەی کەشوهەوای ناوچەکە و نەهێشتنی پیسبوونی ژینگە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، داشکاندن لە کرێی کارەبادا دەکرێت، بە شێوەیەک بۆ مانگی یەکەم رێژەی 50%، بۆ مانگی دووەم 25% و بۆ مانگی سێیەم رێژەی 15% دەبێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، پرۆژەی رووناکی راگەیەنراوە بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ناوچەکان.
پرۆژەکە سەرەتا لە چەند گەڕەکێکی شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەستی پێ کرد و دواتر بۆ ناوچەکانی دیکە فراوان کرا.
ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە مۆلیدەی ئەهلی، رێکخستنەوەی پێدانی کارەبایە لە رێگەی پێوەری زیرەک و پاراستنی ژینگەیە. بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لەم خزمەتگوزارییە.

