رۆژنامەی ھەولێر

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێکردەوە

دوای ئەوەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وزەوە، گرفتی کەمی غازی ماڵان سەری هەڵدا و نرخەکەت تا ئاستێکی زۆر بەرز بۆوە، جارێکی تر بەهۆی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە هەفتەی داهاتووەوە نرخەکان دادەبەزن و دابەشکردنی غاز ئاسایی دەبێتەوە.

سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە؛ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەستی پێکردووەتەوە، ئێستا بڕێکی زیاتری غاز دەگاتە وێستگەکانی کارەبا و پشکی پارێزگاکان بۆ غازی ماڵان زیادی کردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە کێشەی کەمیی غازی ماڵان بە تەواوی چارەسەر ببێت و نرخەکەشی لە بازاڕەکاندا روو لە دابەزین بکات
دەشڵێت؛ پرۆسەی دابەشکردنی غاز بەگوێرەی کارتە ئەلیکترۆنییەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەم جۆرە بمێنێتەوە، بڕی زیاتر دەدرێتە بریکارەکان بۆ ئەوەی هەفتانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەن.
سەبارەت بە دابەزینی نەخی غازی بازرگانی، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی نرخی غازی بازرگانی و بە شێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی کەم دەبێتەوە.
هاوکات چەند ڕۆژێکە بەهۆی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر، دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و وەزارەتی کارەباش دڵنیایی دەدا لەوەی کێشەکانی بەردەم وەبەرهێنانی کارەبا بەرەو نەمان دەچن.