رۆژنامەی ھەولێر

شێوازی هەڵبژاردنی سەرکۆمار تەواوی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی خستە ژێر گومانەوە

دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق سەرەتایەکی خراپ و ئاڵۆزبوو بۆ هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و لایەنەکان نیگەرانی قوڵی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر ئەو پرۆسە نایاساییە و پێیان وایە دانیشتنەکە یاسایی نەبووە.

سیاسەتمەداری دیاری شیعە، عزەت شابەندەر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: کە پەرلەمانتاران لە کاتی دەنگداندا سەیری توانای کەسیی کاندیدەکانیان نەکردووە بۆ ئەوەی بەراوردیان بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو “بەراوردکردن لەو نێوەندەدا قورس بوو”، بەڵکو ململانێکە ڕەهەندێکی ناوچەیی و سیاسی وەرگرت.
ئەم سیاسەتمەدارە شیعەیە هۆشدارییەکی توندیش دەداتە هێزە دەسەڵاتدارەکانی شیعە و رایدەگەیەنێت، کە ئەم جۆرە لە یاریکردن بە هاوکێشە سیاسییەکان لە داهاتوودا بە زیانی ئەوان دەشکێتەوە. شابەندەر جەختی کردەوە کە “شیعەی دەسەڵات” لە داهاتووی ئەم هاوکێشە سیاسییە نوێیەدا، لایەنی دۆڕاو دەبن.
ئەگەرچی سەرکۆماری عێراق پشکی کوردە، بەڵام چەندین خوولە ئەو پۆستە تەنانەت نوێنەرایەتیی لایەنە کوردستانییەکانیش ناکات و بۆ ئەو ئامانجە سەرۆک بارزانی هەر زوو دەستپێشخەری کرد و ویستی بە کۆدەنگی و لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان کەسێک یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دواجار ئەوە ڕووی نەدا و بە ڕێککەوتنی ژێربەژێر و گوماناوی کاندیدی یەکێتی، نزار ئامێدی لە هەڵبژاردنێکی نایاساییدا هەڵبژێردرا.
لای خۆیەوە پارتی هەر زوو هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پرۆسەکە خستەڕوو، دوای یەکلایی بوونەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمانیش، مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند؛ کە پڕۆسەکە بە “پێشێلکردنی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ” بەڕێوەچووە و دان بە شەرعییەتی کاندیدە هەڵبژێردراوەکەدا نانێن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بێ گوێدانە پەیڕەوی ناوخۆ بەرنامەی کۆبوونەوەکەی دیاری کردووە، ئەمەش وەک “پێشێلکارییەکی روونی یاسایی” وەسف کردووە.
هەروەها جەختی کردووەتەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار “شایستەی (ئیستحقاق) گەلی کوردستانە نەک لایەنێکی دیاریکراو”، بەڵام کاندیدی سەرکەوتوو لە دەرەوەی میکانیزمی نیشتمانیی کوردستان و تەنیا لەلایەن حزبێک و بە پشتیوانیی چەند لایەنێکی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دیاریی کراوە.
پارتی لە راگەیەنراوەکەیدا بە راشکاوی دەڵێت: “ئەو شێوازە لە هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و ئەو کەسەشی بەو شێوەیە دیاریکراوە، بە نوێنەری زۆرینەی کوردستان ناناسێنین و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا ناکەین.”
هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە، دەبوو ناوی کاندیدی ئەوانیش لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە لادرابایە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە، رایگەیاندووە؛ سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکە نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق ناکات، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردنی دوور بووە لە ڕێککەوتنی نێوان هێزە کوردییەکان.
دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکێتی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستە پەنای بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک لە لایەنە سوننەکان بردووە، ئەمەش بە “دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی کورد” وەسف دەکات.
هاوکات هۆشداری دا کە بەشێک لەو لایەنانەی دەنگیان بە سەرۆککۆمار داوە، “پەیوەندییان بەو گرووپانەوە هەیە کە هێرشی درۆنی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان”.
جەختیشی کردەوە، کە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن پارتی، دەوڵەتی یاسا و چەند فراکسیۆنێکی دیکەوە، نیشانەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر فەرزکردنی ئیرادەی سیاسی.
لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر ئەسەدی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار دەربڕیوە، ئەسەدی ڕایگەیاند: “هیوادار بووین هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ببێتە پردێک بۆ نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەوەی رووی دا کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی دەبێت.”
ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچەندە لایەنە عێراقییەکان دەستیان لە یەکلاییکردنەوەی پۆستەکەدا هەبووە، بەڵام لایەنە کوردییەکان خۆیان رێگەیان بەو دەستوەردانە داوە بەهۆی نەبوونی کاندیدێکی هاوبەش.