ئەودیوی خوێندنەوە؛ چوارەم کتێبی “ئارام سدیق”ـە سەبارەت بە پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە. وەک نووسەر دەڵێت “ئەم کتێبە هەوڵێکی نوێیە بۆ گەیشتن بە دیوە پەنهانەکانی خوێندنەوە و تێپەڕبوون لە قۆناغی خوێنەری سەرەتاییەوە بەرەو خوێنەرێکی داهێنەر، کە خوێندنەوە بەرەو بیرکردنەوە و ڕامان و داهێنانمان بەرێت.” لە دواتریشدا نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە خوێنەری داهێنەر ئەو خوێنەرەیە، کە دەتوانێت خۆی و بیرکردنەوەکانی تێپەڕێنێت و گەورەتر لە ئایدۆلۆژیا و کولتوور و ئایینێکی دیایکراو بیر بکاتەوە. خۆقەتیس نەکردن لە چوارچیوەی نەتەوە و شارێکدا و بیرکردنەوەیەکی گەردوونگەرایانەیە و سەرەتاییەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە “ئەودیوی خوێندنەوە”.
ئەم کتێبە ئەگەرچی ڕیشەی هەر لەنێو پرۆژەی “بەکولتوورکردنی خوێندنەوە” دایە، بەڵام بە کۆمەڵێک ئایدیا و بابەتی جیاوە هەوڵی ئەوە دەدات خوێنەران بۆ خوانێکی خوێندنەوە و جیهانێکی ئەفسووناوی کتێب داوەت بکات، کە خوێندنەوە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە درەوشانەوە و داهێنان و تاقانەییبوون.
کتێبەکە هەوڵێکی ترە لەپاڵ هەوڵەکانی دیکەی نووسەردا بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بە بەهای ئەو کتێب و بابەتانە بکات، کە دەیانخوێنێتەوە و لێیانەوە فێری بیرکردنەوە و ڕامان و ڕەخنەگرتن بێت، چونکە خوێنەرێک فێری بیرکردنەوە نەبێت، خوێنەرێکی ڕووکەشگەرایە. خوێنەرێک فێری ڕامان و وەستان نەبێت خوێنەرێکی ئاساییە. خوێنەرێک نەبێتە کەسێکی ڕەخنەگر بە دروستی نەیخوێندووەتەوە. بۆیە خوێنەربوون سەرەتایەکی گرنگە بۆ ئەوەی مرۆڤبوونی خۆمان لەنێو ژیاندا پراکتیزە بکەین و هەر ئەمەشە ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیە.
کتێبەکە لە دوتوێی 170 لاپەڕەدا و لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

