بەھۆی سەرپێچییەوە دەیان دەرمانخانە و کۆگای دەرمان داخراون

چاکسازی لە کەرتی دەرمان بەردەوامە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت، ڕۆژانە لیژنەکانی چاودێری، پشکنین و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی دەرمان دەکەن و دەیان دەرمانخانە و کۆگای دەرمان بەھۆی سەرپێچییەوە داخراون.

لە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەک دەرمانخانە و کۆگای دەرمان لەلایەن لیژنەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە داخران و بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کوالێتی و جوری دەرمان لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای دەرمان سزا دراون، ژمارەیەک لەو کۆمپانیانە دراونەتە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کوردستانی ڕاگەیاند: “ڕۆژانە لەلایەن لیژنەکانی وەزارەتەوە لە ھەموو شار و شارۆچکەکان بەدواداچوون و پشکنین بۆ ڕەوشی دەرمان دەکرێت و دەیان کۆمپانیا و دەرمانخانە و کۆگا بەھۆی سەرپێچییەوە داخراون و بەگوێرەی سەرپێچی سزا دراون.”

د، ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “چاکسازی لە کەرتی دەرمان بەردەوامە و ھەرکەسێک زانیاریی ھەبێت لەبارەی سەرپێچییەکانی دەرمانەوە لە ھەر شوێنێک بێت، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و زانیاری بە وەزارەت بدات، چونکە کەرتی دەرمان ڕێک خراوەتەوە و ڕێگە نادرێت زێدەڕۆیی بکرێت لە فرۆشتنی دەرمان.”

ھەواڵی زیاتر