شۆڕش غەفووری – هەولێر
فیلمی (جیهانی گەورە – منی بچووک | Big World-Little Me)، فیلمێکی چینییە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ بەرهەم هاتووە و دەرهێنەرەکەی (یانگ لینا – Yang Lina)یە. فیلمەکە باس لە ژیانی (لیو چونھێ – Liu Chunhe) دەکات کە (جاکسۆن یی – Jackson Yee) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت. گەنجێک کە بەدەست ئیفلیجی مێشکەوە دەناڵێنێت و هەوڵدەدات سەربەخۆیی و ئینسانیەتی خۆی بەدەستبهێنێت و لەگەڵیشیدا داپیرەی کە (دیانا لین – Diana Lin) ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، یارمەتی بەدیهێنانی خەونی نەوەکەی دەدات لە نێو ئەو ماڵەی کە دایکی (شین لوو – Chen Lu) بۆی دروست و سنووردار کردووە. دایکەکەشی، (شین شین جان – Qinqin Jiang) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت.
چیرۆکی فیلمەکە:
(لیو چونھێ) لەگەڵ دایک و باوک و نەنکیدا دەژیت. دایکی بەردەوام دەیەوێت لە ماڵەوە بیخاتە ژێر چاودێرییەوە و ژیانی سنووردار کردووە، لەگەڵیشیدا جۆرێک لە ڕق و پێشیمانی پێوە دیارە لەوەی هێناویەتە دنیا، هەرچەندە لە کۆتایی فیلمەکەدا دایکی ددان بەوەدا دەنێت بە هۆی نەزانین لەو پاڵەپەستۆیانەی لە کاتی منداڵبوون بۆ هاتنەدەرەوەی منداڵەکەی ئەنجامی داوە، ئازار بەر منداڵەکە کەوتووە و تووشی ئیفلیجی مێشکی کردووە.
لە بەرامبەردا نەنکە چالاک و ڕوخۆشەکەی هۆکاری زیندوومانەوەی لیویە و بەردەوام هانی دەدات بێتە ناو کۆمەڵگە و تێکەڵ بە خەڵک بێت. چونھێ قوتابخانەی تاواو کردووە و خەونی ئەوەیە بچێتە زانکۆ و ببێتە مامۆستا.
لەگەڵ ئەوەی کە نەنکی لە نێو گرووپێکی بەساڵاچوونە کە مۆسیقا لێدەدەن و سەما دەکەن، ئەمەش وا دەکات کە چونھێ فێری تەپڵکوتان ببێت و بکەوێتە داوی خۆشەویستیی کچێکەوە بە ناوی (یا یا – Ya Ya) کە (یۆنگ ژوا – Yutong Zhou) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت.
فیلمەکە گەشتێکی پڕ لە ئازار و هیوا و هەوڵدانە بۆ ئەوەی بسەلمێنێت کە (منە بچکۆلەکە)، دەتوانێت شوێنی خۆی لەم (جیهانە گەورە)یەدا بدۆزێتەوە.
خەڵاتەکانی فیلمەکە:
فیلمی (جیهانی گەورە) کە ٢ کاتژمێر و ١١ خولەکە، بۆ یەکەمجار لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ و لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی (تۆکیۆ – Tokyo) نمایش کرا و پاشان لە سینەماکانی چین بە گشتی بڵاوکرایەوە و لە ئازاری ٢٠٢٥یشەوە لەسەر پلاتفۆرمی (نێتفلێکس – Netflix) بەردەستە بۆ تەماشاکردن.
سەرەتا و لە ساڵی ٢٠٢٤، (خەڵاتی بینەران – Audience Award)ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تۆکیۆی بەدەستهێنا، دواتر و لە ساڵی ٢٠٢٥ خەڵاتی باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی (کەڵەشێری زێڕین – Golden Rooster) بەخشرایە (جاکسۆن یی) کە ڕۆڵی گەنجە ئیفلیجەکە دەبینێت و بووە گەنجترین ئەکتەری براوە لە مێژووی ئەم خەڵاتە کە ئەودەم تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو.
هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەر درایە جاکسۆن لە شانزەهەمین (خەڵاتی سەندیکای دەرهێنەرانی فیلمی چین – China Film Directors’ Guild Awards).
بە گشتی فیلمەکە هەر دوای نمایشکردنی، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و توانی سۆز و خۆشەویستی خەڵکی و ڕەخنەگران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بووە هۆی ڕاگەیاندنی (پەیمانی مۆس فلاوەر – ) بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە وڵاتی چین.
تدلمی جیهانی گەورە، لە فێستیڤاڵی تۆکیۆ، وەک باشترین فیلمی لەلایەن بینەران دیاری کرا.
ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە:
جاکسۆن یی، نزیکەی ساڵێک خۆی ئامادە کرد بۆ ئەوەی بە قووڵی بچێتە ناو کەسایەتیی فیلمەکەوە و چەندین مانگ لە سەنتەری ڕاهێنانی کەسانی ئیفلیجی مێشک مایەوە تا لە جووڵە و شێوازی قسەکردنی ئیفلیجەکان تێبگات و بزانێت ڕۆڵیان بگێڕێت. هەروەها دوو هەفتە پێش وێنەگرتنەکە، خۆی لە ژوورەکەیدا زیندانی کرد بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ناو کەسایەتییەکەدا بژیت. ئەمەش وای کرد کە ڕۆلێکی زۆر لێکچوو بگێڕێت و بەهۆی برینێکی ناو دەمییەوە، وای کرد شێوازێکی تایبەتی قسەکردن بدۆزێتەوە کە لەگەڵ دۆخی کەسایەتییەکە زۆر وێک دەهاتەوە و وای لە بینەر دەکرد کە هەست بە جیاوازی و یا نمایش نەکات.
ڕەخنە و تێبینییەکان لەسەر فیلمەکە:
سەرەڕای سەرکەوتنە مەزنەکەی فیلمی (جیهانی گەورە)، لە بەرامبەردا هەندێک ڕەخنە لە فیلمەکەش گیران، بۆ نموونە هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وابوو فیلمەکە زۆر درێژە و هەندێک دیمەنی زۆر خاو دەڕۆنە پێشەوە و ئەمەش وا لە بینەر دەکەن کە بێتاقەت بێت. هەروەها باس لەوەش کراوە کە گەشەکردنی کەسایەتییەکان کەمێک لاوازە و جگە لە کەسایەتی سەرەکی، ئەوانی دیکە نەیانتوانیوە پڕ بە پێستی خۆیان ڕۆڵەکە بگێڕن.
هەروەها هەندێک لە بینەران پێیان وایە کە کۆتایی فیلمەکەی کراوەیە و دەرەنجامێکی نەداوە بە دەستەوە و هەموو پرسیارەکانی وەڵام ناداوەتەوە و ئەمش گرێی لەسەر دڵ و دەروونی بینەر دروست کردووە.
هەندێک ڕەخنەگری ئەکادیمیش پێیان وایە کە فیلمەکە زیاتر لە ڕوانگەی کەسانی ساغڵەمەوە باسی خەون و خەیاڵ و ئازاری کەسێکی تووشبوو بە ئیفلیجی مێشکی دەکات، هەست دەکرێت کە ئەمە ئازاری خاوەن پێداویستییەکی تایبەت نییە بەڵکو ئازاری کەسێکی ساغڵمە.
کاریگەریی فیلمەکە:
فیلمی جیهانی گەورە، تەنها فیلمێکی سینەما نەبوو، بەڵکو بووە هۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لە وڵاتی چین. سەرەتا بووە هۆی دروستبوونی (پەیمانی تایھوا – Taihua Pact) کە زۆر جاریش بە (پەیمانی گوڵی مۆس – Moss Flower Pact) ناودەبرێت. ئەم پەیمانە دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی بەرفراوانە لە چین کە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و دوای نمایشی فیلمەکە لە سینەماکانی ئەو وڵاتە ڕاگەیێنرا.
ئامانجیش لە ڕاگەیاندنی ئەم پەیمانە، باشترکردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و نەهێشتنی ئەو بەربەست و لەمپەر و هەڵاواردنانە بوو کە لە کۆمەڵگە بەرامبەر بە کەسانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەبوو.
پەیمانەکە بووە هۆی ڕەخساندنی ملیۆنان هەلی کار، چونکە زیاتر لە ٢٠,٠٠٠ فرۆشگا، کافتریای زنجیرەیی و کۆمپانیا بەڵێنیان دا، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابمەزرێنن. ئەمەش وەڵامێک بوو بۆ دیمەنێکی ناو فیلمەکە کە تێیدا جاکسۆن وەک “باریستا” لە کافتریایەک کار دەکات.
هەروەها فیلمەکە بووە هۆی دروستبوونی پڕۆگرامێک بە ناوی (نەخۆشەی گوڵی مۆس – Moss Flower Map) کە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کورسی کەمئەندامان (Wheelchair) بەکاردێنن بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایانە بدۆزنەوە کە بەربەستیان تێدا نییە و ئەو شوێنانە بناسن کە بۆیان گونجاوە واتە وەک لۆکایشنێک کار دەکات بۆیان. تا ساڵی ٢٠٢٦، ئەم بەرنامەیە زیاتر لە ١٠ ملیۆن جار بەکارهێنراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەکە وای کرد کە زیاتر لە ٤٠٠ سینەمای گونجاو لە سەرانسەری چین بکرێتەوە کە خزمەتگوزاریی تایبەت بە کەسانی کەم ئەندامیان تێدایە تا لە چێژی بینینی فیلم بێبەش نەبن. خزمەتگوزارییەکانیش بریتی بوون لە (وەسفی دەنگی) بۆ نابینایان و دروستکردنی شوێنی تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە کەمئەندامان و کورسی بەکار دەهێنن.
سەرباری ئەوەش فیلمەکە وای کرد کە هانی قوتابخانە و ناوەندە گشتییەکان بدرێت بۆ لابردنی بەربەستە فیزیکییەکان و ڕەمپە و لێژایی دروست بکرێت بۆ کەسانێک کە لەسەر کورسی تایەدار دادەنیشن و هەروەها وای کرد کە چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتی لاببرێت وەک نەهێشتنی چەوساندنەوە یان بێبەشکردنی کەمئەندامان لە خوێندن و شوێنە گشتییەکانی کاتبەسەربردن.

