كارزان گلی – ههولێر
هێڵە گازگوێزەرە ستراتیژییەکەی (تورك ئاكم)، كە گازی سروشتی لە رووسیاوە بۆ ناوەڕاستی ئەورووپا دەگواستەوە تەقێنرایەوە و زیانی گەورەی بەركەوتووە. ئەو هێڵە لە توركیاوە بۆ هەنگاریا و لەوێشەوە بۆ ناوەڕاستی ئەورووپا دەڕۆیشت.
ڤیكتۆر ئۆربان، سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ چەند وەزیرێكدا کرد و چەند بڕیارێكی گرنگی دەرکرد لەبارەی تەقاندنەوەی ئەو هێڵە ستراتیژییە.
یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەیە، پێویستە لەسەر حكوومەتی هەنگاریا، پارێزگاری لەو بەشەی هێڵەكە بكات كە بە خاكی ئەواندا دەڕوات. هەروەها وەزیری دەرەوەی هەنگاریا ئاماژەی دا، رێككەوتنێكی ستراتیژی لەبارەی ئەو هێڵە هەیە، كە لە نێوان سربستان و توركیا و هەنگاریا و رووسیادا كراوە، بۆیە گرنگە پابەند بن بەو رێككەوتنەوە.
هێڵەكە لە هەنگاریا بەر پەلامارێكی مووشەك كەوتووە و تەقیوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گازی سروشتی رابگیرێت، كە لەلایەن كۆمپانیای (تورك ئاكم)ەوە ئەو هێڵە دروست كراوە.
ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا، سەرۆكوەزیران تۆمەتبار دەكات بەوەی، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دەچنە ناو هەڵبژاردن و دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردن گرژی دروست بكات تا هەڵبژاردنەکە نەکرێت.
ئۆربان پێی وایە، بەهۆی ئەوەی لە وڵاتەكەی هەڵبژاردنی گشتی نزیك بووەتەوە، بۆیە دەیانەوێت بەو پەلامارانە گرژی دروست بكەن و وا لە رای گشتی بگەیەنن، ئاساییشی ناوەخۆی وڵات باش نییە و بەو هۆیەوە لە حكوومەت بدەن.
كێ ئەو پەلامارەی داوە؟
تاوەكوو ئێستا بەفەرمی هیچ لایەنێك تۆمەتبار نەكراوە بەو پەلامارە، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئۆکراینا تۆمەتبار دەكرێت، چونكە لێدان لەو هێڵە ستراتیژییە دەبێتە هۆی ئەوەی گازی سروشتی رووسیا بۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپا بوەستێت، ئەو وەستانەش زیانی گەورە لە ئابووری رووسیا دەدات.
بەهۆی ئەوەی ئۆکراینا لە جەنگێكی چەند ساڵەیە لەگەڵ رووسیا و زیانی گەورەی بەركەوتووە، بۆیە لەهەر شوێنێك بەرژەوەندی رووسیای لێ بێت لێی دەدەن.
ئەلیكساندەر، سەركۆماری سربستان ئاماژەی داوە، لێدان لەو هێڵە ستراتیژییە كە گازی سروشتی رووسیا دەگوازێتەوە، لێدانە لە ژێرخانی وڵاتی سربستان و نابێت قبوڵ بكرێت.
ئەلیكساندەر و ئۆربان، دوو كەسایەتی سیاسین كە زۆر نزیكن لە ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا، بۆیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، لەرێگەی میدیاكانی خۆیانەوە، سربستان و هەنگاریا، ئۆکراینایان تۆمەتبار كردووە بەو هێرشە، بەڵام ئۆکراینا هیچ لێدوانێكی لەوڕووەوە نەداوە.
ماوەیەكی زۆرە ئۆربان، سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا باس لەوە دەكات، ئۆکراینا دەیەوێت ژێرخانی وزەی هەنگاریا بكاتە ئامانج چونكە لە رووسیاوە نزیكین، ئەگەرچی بەفەرمی ئۆکراینای تۆمەتبار نەكردووە بەو پەلامارە، بەڵام لەرێگەی میدیاكانی خۆیانەوە هێرشیان بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێكردووە و ئەمەش دەیسەلمێنێت، گومانی سەرەكییان لە ئۆکراینایە.
چەند میدیایەكی سربستان باس لەوە دەكەن، رەنگە پەلاماری هێڵی ستراتیژی گوازستنەوەی گازی تورك ئاكم، دەستی ئەمریكاشی لە پشت بێت، تا لەو رێگەیەوە لە رووسیا بدات، بەڵام لەسەر ئاستی حكوومەت هیچ لایەنێك تۆمەتبار نەكراوە.
هێڵە ستراتیژییەکەی تورك ئاكم، سوودێكی زۆری بۆ توركیا و هەنگاریا و سربستان هەیە، چونكە بۆڕییەكە بەو سێ وڵاتەدا تێپەر دەبێت و دەگاتە وڵاتانی ئەورووپای ناوەڕاست.

