رۆژنامەی ھەولێر

یەکیەتیی ئەورووپا و هەنگاریا؛ ململانێیەکی ئاڵۆز لە نێوان فشاری دارایی و سەروەری نیشتمانیدا

شۆڕش عەزیز سورمێ
پەیوەندیی نێوان هەنگاریا و یەکیەتیی ئەورووپا لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ململانێی نێوان هەردوو لا وردەوردە بەرەو ئاستێکی نوێی گرژی پەرەی سەندووە. دوایین ڕووبەڕووبوونەوە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە هەنگاریا ڕەتیکردەوە پشتگیری لە هاوکارییە سەربازییەکان بکات بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش وایکرد برۆکسل سزای ئابووری بسەپێنێت، لەنێویاندا ڕاگرتنی ئەو پارەیەی کە بۆ پرۆگرامی سەربازیی سەیف تەرخان کرابوو. ئەمە یەکەم جار نییە هەنگاریا هەڵوێستێکی ناکۆکی بگرێتەبەر و سزای ئابووری لەلایەن یەکیەتیی ئەورووپاوە بخاتە ژێر کاریگەرییەوە. پێشتر بەهۆی ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی کۆچبەران، ملیارەها دۆلاری لەدەست داوە.

یەکیەتیی ئەورووپا لە ڕێگەی داراییەوە فشار دەخاتە سەر هەنگاریا: “بەرتیلی پێچەوانە”؟
لەم دواییانەدا هەنگاریا بەهۆی هەڵوێستە سەربەخۆکانی لە سیاسەتەکانی برۆکسل ڕووبەڕووی فشاری زیاتری یەکیەتیی ئەورووپا بووەتەوە. لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا هەنگاریا ڕەتیکردەوە پارەی نوێ بۆ ئۆکرانیا تەرخان بکات، ئەمەش یەکیەتیی ئەورووپای توڕەکرد، بەتایبەتی بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا. ئەم فشارە دوای ئەوە توندتر بوو کە هەنگاریا ڤیتۆی قەرزی ٩٠ ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا کرد، ئەمەش وای کرد برۆکسل سزای ئابووری بەسەر بوداپێستدا بسەپێنێت.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکیەتیی ئەورووپا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ئەوەی کە دەتوانرێت ناوی لێبنرێت “بەرتیلدانی پێچەوانە” بەرامبەر بە دەنگدەرانی هەنگاریا، تەنها لە حاڵەتێکدا پارە تەرخانکراوەکان ئازاد دەکات کە حکومەتی هەنگاریا پابەند بێت بە سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئەورووپا- واتە ئەگەر دڵنیابێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە برۆکسل ڕازی بکات.

ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان هەنگاریا و یەکیەتیی ئەورووپا
مێژووی ململانێی نێوان هەنگاریا و یەکیەتیی ئەورووپا لە پاڵپشتی ئۆکرانیا تێدەپەڕێت. هەنگاریا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپادا بەخۆیەوە بینیوە، کاتێک لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆچبەری یەکیەتیی ئەورووپادا ڕەتیکردەوە میوانداری پەنابەران بکات. هەڵوێستی هەنگاریا لەسەر ئەم پرسە دژایەتی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئەورووپا بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە برۆکسلەوە ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە بگیرێتەبەر.
ساڵی ٢٠١٧ دادگای دادی ئەورووپا بڕیاری دژی هەنگاریا دەرکرد و بۆی دەرکەوت کە ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە پرۆگرامی گواستنەوەی پەنابەران پێشێلکردنی یاسای یەکیەتیی ئەورووپایە. هەنگاریا 200ملیۆن یۆرۆ غەرامە کرا، ئەم بڕە پارەیەش بەردەوام حکوومەتی هەنگاریا ڕەتکردۆتەوە بیدات. ئەمەش سەرەتای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەنگاریا و برۆکسل بوو.

فشارەکانی یەکیەتیی ئەورووپا لەسەر هەنگاریا: دووپاتکردنەوەی کۆنترۆڵ
هەنگاریا تاکە وڵات نییە کە ڕووبەڕووی فشارەکانی یەکیەتیی ئەورووپا دەبێتەوە، بەڵام هەڵوێستی سەربەخۆی وڵاتەکەی، بەتایبەتی لە پرسەکانی وەک کۆچ و شەڕی ئۆکرانیا، وایکردووە ببێتە ئامانجێکی سەرەکی. لە ساڵی ٢٠٢٠ یەکیەتیی ئەورووپا دابەشکردنی پارەی لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا بەستەوە بە پابەندی بە دەوڵەتی یاساوە. ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەنگاریا هەبوو، چونکە بڕیاربوو بوداپێست ٦.٣ ملیار یۆرۆ وەربگرێت بەڵام بەهۆی ئەو کارانەی کە پێچەوانەی سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئەورووپا بوو، نەیتوانی دەستی بەو پارانە بگات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەنگاریا و ئۆکرانیا، یەکیەتیی ئەورووپا دەستیکرد بە چڕکردنەوەی فشارەکانی لەسەر هەنگاریا کاتێک ئەم دووەمیان ڕەتیکردەوە پشتیوانی سەربازی یەکگرتوو پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات. هەروەها برۆکسل هەوڵیدا دەستکاری شێوازەکانی بڕیاردانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بکات و تیشکی خستە سەر هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی هەڵوێستە سیاسییەکانی هەنگاریا لەگەڵ هەڵوێستەکانی یەکیەتیی ئەورووپا.

هەڵمەتی هەڵبژاردن: پێکدادانێکی ئایدیۆلۆژی لە نێوان “جیهانی” و “نیشتیمانی”
بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەنگاریا گۆڕاوە بۆ شەڕێکی فیکری لە نێوان ئایدۆلۆژیا دژبەرەکاندا: ئایدۆلۆژیای “جیهانی” کە برۆکسل پاڵپشتی دەکات، لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای “نەتەوەیی” کە لەلایەن حکومەتی هەنگاریا لە سەردەمی ڤیکتۆر ئۆربانەوە بەرەوپێش دەچێت. ئەم گرژییە بە ڕوونی لە سیاسەتی ناوخۆیی هەنگاریادا دیارە، کە هەڵبژاردنەکان نەک تەنیا بوونەتە پرسێکی ناوخۆیی، بەڵکو بووەتە بەشێک لە ململانێیەکی فراوانتر لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپا.
ئەو سیاسەتە جیهانگەراییانەی کە یەکیەتیی ئەورووپا بەرەوپێشیان دەبات، وەک سنووری کراوە بۆ پەنابەران و پشتیوانیکردن لە سیاسەتی دەرەوەی یەکگرتوو، جیاوازیەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو سیاسەتە ناسیۆنالیستیانەی کە ئۆربان بەدڵیەتی. بۆیە ئەم شەڕە تەنها پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی هەنگاریا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پێگەی خۆیەوە هەیە لەناو یەکیەتیی ئەورووپا و ئاراستەی داهاتووی.
کاریگەری لەسەر داهاتووی یەکیەتیی ئەورووپا: دابەشبوونی ناوخۆیی
ئەم ململانێیە ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە لە داهاتوودا یەکیەتیی ئەورووپا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بێتەوە. یەکێتی کە پشت بە تەوافوق دەبەستێت لە بڕیاردان، لەوانەیە ناچار بێت دەستبەرداری ئەم پرەنسیپە بێت لە بەرژەوەندی دەنگدانی زۆرینە ئەگەر دژایەتی لە هەندێک ئەندامەوە بەردەوام بێت، وەک هەنگاریا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی یەکگرتوویی یەکێتییەکە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی سەرهەڵدانی ناکۆکی بنەڕەتی سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام.
هەروەها ئەم شەڕە سیاسییە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیاسەتی یەکیەتیی ئەورووپادا. ئەگەر وڵاتانی ئەندام وەک هەنگاریا بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی سیاسەتەکان کە پێچەوانەی ئاراستەی یەکێتییە، ئەوا ئەورووپا دەتوانێت شاهیدی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسی خۆیدا بێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە داینامیکی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا.
لە کۆتاییدا ململانێی نێوان هەنگاریا و یەکیەتیی ئەورووپا تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نییە بەڵکو ناکۆکییەکی ئایدیۆلۆژییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو تەحەددایانەیە کە یەکێتییەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە پاراستنی یەکێتی ئەندامەکانی لە نێوان بەرژەوەندییە سیاسییە جیاوازەکاندا. لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم گرژییانە، ڕەنگە ئێمە بچینە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەنگاریا و برۆکسل، قۆناغێک کە دەتوانێت داهاتووی سیاسی و ئابووری ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو لە قاڵب بدات.