شوان هەورامی
بەداخەوە، لەو دەمەی شەڕی ئێران-ئەمریکا لە لایەک و ئێران و ئیسرائیل لە لایەکی تر دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستان بێویژدانانە کەوتووەتە بەر هێرشی ڕاکێت و درۆنەکانی گرووپەکانی بەناو “مقاوەمەی ئیسلامی” لە عێراق، کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی دەیان خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەی کوردستان و زیان گەیاندن بە ماڵ و موڵکی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ئەم گرووپانە هەموو سنوورەکانی دوژمنکاریی گەلی کوردستانیان بەزاندووە، بەوەی چەندین جار هێرشیان کردە سەر بارەگای بارزانی، کە پیرۆزترین بارەگای کەسایەتیی نیشتمانیی کورد و پارێزەری ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی گەلانی کوردستان و عێراقە.
بەدڵنیایییەوە، تراژیدیای شەڕ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوە و ئیدی شەڕێکی مەزنە و کەمتر نییە لە جەنگە جیهانییەکان. بۆیە هەرێمی کوردستان بەئاگا بوو لەوەی بنەماکانی دروستکردنی ئەم جەنگە مەودایەکی درێژ و پێشینەیەکی قووڵیان هەیە لە ڕووی فراوانکردنی دەسەڵات و پاوانکردنی ئابووری و جیۆپۆلیتیکەوە. بۆیە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بێشوماریان ئەوە بوو کە ئەم جەنگە ڕوو نەدات، پاشان کە ڕوویدا هەوڵەکان بۆ ئەوە بوو کە هەرێم بێلایەن بێت لەم شەڕە و هەرواش کرا.
کەچی لە دوای دروستبوونی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی ٦٦٠ درۆن و ڕاکێت لە لایەن ئێران و گرووپە پڕۆکسییەکانییەوە لە عێراق ئاراستەی هەرێم کراون؛ تەنها لەبەر ئەوەی بازنەی شەڕ فراوان بێت و هەرێمی کوردستان تێوەبگلێنن، بەو هیوایەی بە ئامانجی خۆیان بگەن کە بیست و سێ ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن.
بەدڵنیایییەوە، دەستکەوتەکانی شەڕ بەشێکی سەرەکین لە فراوانکردنی شەڕ و درێژەپێدانی، بۆیە هەر لە سەرەتاوە لە دنیابینیی ئێرانییەکانەوە، بەهێزیی هەرێمیان بە نێگەتیڤ دەبینی بۆ سەر ئاسایشی خۆیان، ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو دڵنیایییانەی کە هەرێم پێیانی دەدان لە هەموو ڕوویەکەوە. بەڵام دواجار لەم جەنگەدا هەرێمی کوردستانیان وەک پاروویەکی چەور خستووەتە بەردەم گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامییەوە.
هەرچەندە ئەم تێڕوانینەی ئێران و گرووپەکان بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەگەڕێتەوە، کە بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێچکەی خۆی گرت و لە کۆتایییەکانی ٢٠١٧ بە داگیرکردنی کەرکووک گەیشتە لووتکە و تاوەکو ئێستاش بەردەوام بووە؛ تەنانەت سنوورەکانی ڕەوشتی مرۆڤایەتییان تێپەڕاند بە نان بڕینی گەلانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و ئاشکرابوونی نییەتەکانیان. ئیدی پێیان وایە ئەم دۆخەی شەڕ کارئاسانی دەبێت تاوەکو بە ئامانجی لەپێشینەی خۆیان بگەن؛ ئەوەی بە ڕێگەی یاسایی و کۆتوبەندکردنی ئابووری و نان بڕینی هەژاران پێیان نەکرا، دەیانەوێت لە ڕێگەی بەرفراوانبوونی شەڕەوە دەستیان بکەوێت و کوردستان داگیر بکەن، تا هەم گرووپە پڕۆکسییەکان سوودمەند بن لە سەروەت و سامانەکەی و هەم ئێرانیش لە فۆبیای کورد ڕزگاری بێت.
کورد لە مێژووی سی و پێنج ساڵی ڕابردووی خۆیدا کە لە باشووری کوردستان دەسەڵاتی هەبووە، جگە لە خێر، هیچ زیانێکی بۆ جیرانەکان و بەغداش نەبووە. نامەوێت باس لەو کارە باشانە بکەم کە بوونەتە خزمەت بۆ ئەو گرووپ و تاقمانەی ئێستا بوونەتە دوژمنی کورد لە سایەی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، چونکە هەندێک جار بیرکردنەوە لە باشییە زۆرەکانمان بۆ عێراقێکی ئارام و سەقامگیر، دەبنە ئازار بۆمان.
بۆیە بە کورتی، گەلی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو دوژمنکارییانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا بەرامبەری کراوە، جگە لەوەی کاروانی خزمەتگوزاریی حکومەتەکەمان بەردەوام بووە و لە پێشەنگدایە، خەڵکەکەشی خۆڕاگر بووە و بڕواشی بە سەرخستنی دۆزەکەی بەهێزتر بووە. نە لە ڕابردوو، نە لە ئێستا و داهاتووشدا، برسی کردن و کوشتن و لەناوبردن نەبووەتە هۆی لاوازکردنمان، بەپێچەوانەوە بەهێزیان کردووین. خۆڕاگریی بەهێزی کوردستانیان لە ناوەندی توێژینەوەکانی دنیادا باس دەکرێت و دڵنیاشین ئەم خۆڕاگرییە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی گەورە لە داهاتوویەکی نزیکدا.

