حەسەن حەمەد ئاندێکی – هەولێر
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، خوێندنی سەرهێڵ بووە بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی بواری پەروەردە، لە هەرێمی کوردستانیش ئەم جۆرە خوێندنە بە شێوەیەکی خێرا بە تایبەتیش دوای قەیرانی کۆرۆنا زۆرێک لە قوتابخانە و زانکۆکان بەناچاری پەیڕەو کرا، چەندین کێشە و لایەنی نەرێنی گرنگیشی هەبوو، لەوانە:
کێشەی ژێرخانی تەکنەلۆجییە، لە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستان، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بەردەوام و خێرا نییە، بە تایبەتی لە شارۆچکە و گوندەکاندا. ئەمە وای کردووە زۆرێک لە قوتابیان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی ئاسایی بچنە ناو وانەکان یان فایل و ڤیدیۆی پێویست دابگرن، هەموو خێزانێک لاپتۆپ و مۆبایلی گونجاویان نەبووە، بۆیە هەندێک قوتابی ناچار بوون ئامێرەکانیان لەگەڵ ئەندامانی تری خێزاندا هاوبەش بکەن. لە توێژینەوەی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە کراوە کە خراپی ئینتەرنێت، نەبوونی ئامێر، هەروەها کەمی کارەبا و ژینگەی نەگونجاوی ماڵەوە لە گرنگترین بەربەستەکانی خوێندنی سەرهێڵ بوون، هەتا لە هەندێک داتادا هاتووە نزیکەی 55% قوتابیان لاپتۆپیان نەبووە و 10% ـیش تەنانەت مۆبایلی زیرەکیان نەبووە.
ناهاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، لە کاتی خوێندنی سەرهێڵ، ئەو قوتابیانەی داهاتی بەرزیان هەیە، ئاسانتر دەتوانن ئینتەرنێتی باش، ژوورێکی ئارام و، ئامێری گونجاو دابین بکەن. بە پێچەوانەوە، ئەو منداڵ و گەنجانەی لە خێزانە هەژارەکانن، زیاتر تووشی دابڕان و دواخستنەوە دەبن. لە هەندێک حاڵەتدا جیاوازی نێوان قوتابیانی دەوڵەمەند و هەژار زیاتریش کردووە. واتە شوێنی ئەوەی هاوسەنگی دروست بکات، زۆرجار ناهاوسەنگییەکان زیاتر ئاشکرا کردووە.
کەمبوونی کاریگەریی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی مامۆستا و قوتابیە، لە کلاسی ئاسایی، مامۆستا دەتوانێت لە ڕێگەی چاوپێکەوتن، پرسیار و وەڵام، چاودێریکردنی ڕەفتاری قوتابی و، هەستکردن بە کێشەکانیان، وانەکە باشتر بگەیەنێت. بەڵام لە ژینگەی سەرهێڵ، ئەم پەیوەندییە زۆر لاواز دەبێت. زۆرجار قوتابی کەمتر هەست بە پابەندبوون دەکات، هەروەها مامۆستاش ناتوانێت بە ئاسانی بزانێت کێ تێگەیشتووە و کێ تێنەگەیشتووە. ئەمە بەتایبەتی بۆ وانەی پراکتیکی، وەک زانستە تەندروستییەکان، تاقیگە، هونەر، یان وانەی زمان، زیانبارترە. فێربوون تەنها گوێگرتن بە ڤیدیۆ نییە، زۆرجار پێویستی بە گفتوگۆ، ڕاهێنان، هەڵەکردن و ڕاستکردنەوەی ڕاستەوخۆ هەیە.
کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونیی قوتابی، زۆرێک لە قوتابیان لە کاتی خوێندنی ماڵەوە هەستی تەنیایی، بێزاربوون و بێهیواییان کردووە. ژیانی قوتابی تەنها بریتی نییە لە خوێندنەوەی کتێب و گوێگرتن لە وانە، بەڵکوو هاوڕێیەتی، گفتوگۆ، چالاکیی کۆمەڵایەتی و هەست بە بەشداربوونیش تێدایە. کاتێک ئەم هەموو ڕەهەندانە لەناو دەچن، قوتابی بە شێوەیەکی ئاسانتر هەست بە بێزاربوون دەکات و ئارەزووی خوێندنەکەی دادەبەزێت. لە هەرێمی کوردستاندا زۆرێک لە قوتابیان لە ماڵەکاندا ژینگەی ئارامی خوێندنیان نییە، ئەم کێشەیە دوو هێندەتر دەبێت.
کێشەی دڵنیابوون لە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانە، لە خوێندنی سەرهێڵ، زۆرجار هەڵسەنگاندنەکان بە شێوەی ئینتەرنێتی ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەمە هەمیشە ڕاستیی توانای قوتابی نیشان نادات. هەندێک جار، پەنا دەبەنبەر یارمەتی وەرگرتن لە کەسانی تر، دەبنە هۆی ئەوەی نمرەکان دادپەروەرانە نەبن.ئەگەر سیستەمێکی بەهێزی چاودێری و هەڵسەنگاندن نەبێت، خوێندنی سەرهێڵ دەتوانێت متمانە بە بڕوانامە و نمرەکان کەم بکات.
هەندێک مامۆستا شارەزایی پێویستیان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، دروستکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی و، بەڕێوەبردنی کلاسی سەرهێڵ نیە. ئەمە واتە کێشەکە تەنها لە قوتابیدا نییە، بەڵکوو لە سیستەمی ئامادەکردنی مامۆستاشدایە. بۆیە خوێندنی سەرهێڵ لە هەرێمی کوردستاندا لە زۆر حاڵەتدا بە شێوەیەکی ناچاری و بێ پلاندانان پەیڕەو کرا، نەک وەک پڕۆژەیەکی پەروەردەیی پەیوەست و درێژخایەن.
ئەم کێشانە تەنها کوردستانی نین، بەڵکوو جیهانیشن، یۆنێسکۆ ئاماژەی بەوە داوە لە کاتی قەیرانی کۆرۆنا، نزیکەی 826 ملیۆن قوتابی لە جیهاندا کۆمپیوتەری ماڵەوەیان نەبووە و 706 ملیۆنیش ئینتەرنێتی ماڵەوەیان پێنەگەیشتووە. ئەم داتایە نیشان دەدات کە خوێندنی دوور ئەگەر بێ پلانی هاوسەنگ و بێ دابینکردنی ئامرازە سەرەتایییەکان جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت نایەکسانیی خوێندن قووڵتر بکات.
ئەگەر حکومت و دامەزراوە پەروەردەییەکان بیانەوێت لە داهاتوودا سوود لە خوێندنی دیجیتاڵی وەربگرن، پێویستە: کێشەی ئینتەرنێت، کارەبا، هەژاری، ژینگەی ماڵەوە بەهێز بکەن، ڕاهێنانی مامۆستایان زیاد بکەن و، دڵنیا بن لەوەی هەموو قوتابیێک دەرفەتی یەکسانی دەستگەیشتنی هەیە.
سەرچاوەی بیانی:
1. www.kdischool.ac.kr
2. www.unesco.org

