شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندێکی نیگارکێش، کە خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە، لە گفتوگۆیەکی هونەریی دا باس لە ئەزموونی خۆیدا دەکات و دەشڵێت، سۆشیال میدیا گورزێکی گەورەی لە هونەری شێوەکاری داوە و تا ڕادەیەکی زۆریش هونەرمەندان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ژیری دەستکرد و خەریکە هونەری شێوەکاری و داهێنان لە بوارەکەدا ڕووەو لاوازبوون بڕوات.
هونەرمەندی نیگارکێش هێرۆ شێخە لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەتدا ئاماژەی بەوەدا، کە “ئەوەندەی من سەرنجم دابێت، کاری هونەریی شێوەکاری چەند جۆرێکی جیاواز لە جەماوەر یان بەردەنگی هەیە، چاوەڕوانیی زۆربەی بەردەنگانی کاری شێوەکاری، وێناکردنی دەقا و دەقی جیهانی بینراوە، جەماوەر بە گشتی چاوی بە ڕیالیزم و پەیامی ڕاستەوخۆ ڕاهاتووە.
ئەوان کاتێک لە نیگارێک دەڕوانن، چاوەڕوانن دیمەنێکی ئاشنا ببینن و لەگەڵ رادەی لێکچوونی لە دنیای دەوروبەریان هەڵیدەسەنگێنن، سەرنجی ئەوە دەدەن هونەرمەندەکە تا چەند توانیویەتی دیمەنەکە وەک خۆی وێنا بکات، و وا دەزانن هەرچەند وێنەکە ڕیالیستتر بێت، ئەوە هونەرمەندەکە سەرکەوتووترە، ئەمە بۆ قۆناخ و سەردەمی خۆی چاوەڕوانییەکی بەجێ بوو، پێش داهێنانی کامێرا زۆر ئاسایی بوو هونەرمەندی نیگارکێش ئەو هەوڵە بدات، بۆ کاتی خۆی و تەنانەت بۆ ئەم سەردەمەش سوودی هەبوو.
دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی فەزای تەکنەلۆژیا لەسەر هونەری شێوەکاری، هێرۆ گوتی، ” تەکنەلۆژیای سەردەم و سۆشیاڵ میدیا، سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی خوڵقاندووە هونەرمەندان زۆر خێراتر و بە ئاستەنگی کەمترەوە بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام گورزێکی گەورەشی لە ڕۆح و ڕەسەنایەتیی هونەری شێوەکاری داوە، هونەری لە ئەزموونێکی قووڵی تێڕامانەوە گۆڕیوە بۆ کاڵایەک، کە بینەر بە خێرایی بەسەریدا تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی بتوانێت بە رادەی پێویست چێژی لێ ببینێت، بەرهەمێکی هونەری، کە بەدیهێنەرەکەی کات و وزەیەکی زۆری بۆ داناوە، کاتێک لە رێگەی شاشەکانەوە دەکەوێتە بەرچاوی بینەر، بە چەند چرکەیەک و هەندێکجار لە چاوتروکانێکدا لەبەرچاوی لادەچێت، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیی سۆشیاڵ میدیا وایە ڕێگەی سەرنجدان و وردبوونەوەت پێ نادات، لەولاشەوە، زیرەکی دەستکرد وای کردووە هەندێک هونەرمەند بکەونە ژێر هەژموونی ئەلگۆی ڕیتمەکانەوە، لە بری بەرهەمهێنانی کاری ڕەسەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە شەپۆلەکە دوا نەکەون، بەرهەمێکی بێ رۆح و رووکەشیانە دەخەنە سەر یەک، کە زۆربەی ئەو بەرهەمانە ناتوانن پەیوەندییەکی پتەو و قووڵ لەگەڵ بەردەنگ درووست بکەن.

