رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی کولتووری رووسیا بڕوانامەی پاراستنی شوێنەوارە کولتوورییەکان دەبەخشێتە ئەندازیارێکی کورد

لە فەرمانێکی وەزاریدا، کە واژووی جێگری وەزیری کولتووری رووسیای لەسەرە، بڕوانامەی پاراستنی شوێنەوارە کولتوورییەکانی بە نیگارکێش و ئەندازیاری کورد نوریک موسەیان بەخشرا.

نوریک موسەیان، ئەندازیار و نیگارکێشێکی کوردە و لە وڵاتی ئەرمەنستان لەدایک بووە و، ئێستا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیادا دەژیێت. نوریک تا ئێستا پێنج پێشانگەی تاکەکەسیی لە شارە جیاوازەکانی ڕووسیادا کردۆتەوە. زیاتر لە ٥٠٠ بەرهەمی هەیە و لە زۆر پێشبڕکێ و کۆنفرانسی زانستی و کۆنگرەدا بەشداریی کردووە، کە تیایاندا خەڵات و پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە. ماوەی چوار ساڵ لە دوای یەک لە پێشبڕکێی “تەلارسازی دیپلۆماسی” بەشداریی کردووە هەر چوار ساڵەکە پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە خەڵات کراوە. نوریک لە خوێندنیشدا کەسێکی زیرەکە و ساڵی رابردوو زانکۆی بە پلەی نایاب تەواو کرد و، کورسییەکی خوێندنی ماستەری لە تەلارسازی بە دیاری پێ بەخشرا. نوریک دەڵێت، دەخوازێت پێشانگەی تایبەتی خۆی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکاتەوە. ئەم ئەندازیارە کوردە پلانی هەیە لە کوردستان لە بواری تەلارسازی پەرە بە کارەکانی بدات.