مەشخەڵ كەوڵۆسی
بەرلەهەر وشەیەك، دەمەوێ بڵێم: مرۆڤ ئازادی ڕەهای هەیە لەسەر هەرچ شتێك ڕای خۆی بڵێت، وەكو ڕا دەری ببڕێت، چی پێ جوان و چی پێ ناشرینە؟ چی پێخۆشە و چی پێناخۆشە؟ هەست و نەستی بەرانبەر دیاردە و ڕووداوەكان چۆن دەردەبڕێت، سەرجەم ئەو بابەتانە ئازادی ڕەهای مرۆڤە و، دۆخی ئازادی كوردستانیش، هەروەها فەراهەمبوونی سۆشیالمیدیا بەو فراوانییە كەلەبەردەستی هەموو هاووڵاتییەكدایە، وایكردووە هەمووان بتوانن هەستی خۆیان دەرببڕن لەسەر ڕووداو و دیاردەكان. ئەمەش بابەتێكی زۆر تایبەت و شەخسی و سروشتییە و، مرۆڤ ئەگەر كاردانەوەی نەبێت بەرانبەر بارودۆخەكانی دەوروبەری، كەواتە بەزیندوو یان بەهۆشمەند ناژمێردرێت.
بەڵام ئایا شیكردنەوەی سیاسی لەسەر كەناڵێكی تەلەفزیۆنی، بابەتێكی شەخسی و تایبەتە؟ یان بابەتێكی مەعریفی قووڵ و ئاڵۆزە و ئیختیساسێكی زانستی تەواوە؟ ئەم حەشری موحەلیلە چییە لەسەر شاشەی كەناڵەكانی ئێمە؟ چی دەگوزەرێت؟ بۆچی كورد ئەوەندە ئاشقە بە بەتاڵكردنەوەی هەموو شتێك لەماناكانی خۆی؟.
هیچ گومان لەو ڕاستییە نیە كە كورد سەرمایەی مرۆیی و مەعریفی نیە بۆ ئیدارەدانی ئەو هەموو كەناڵە بە شێوەیەكی زانستی و سەنگین، كاتژمێرەكانی پەخش زۆرە و، پڕكردنەوەی ئەو هەموو كاتە بە بابەتی سەنگین و، بیروڕای زانستی پڕۆفیشناڵ، ئاستەنگێكی گەورەیە و، ئەستەمە لەژینگەیەكی وەكو كوردستان، بتوانرێت خۆراكی زانستی بۆ ئەو هەموو كەناڵە دابین بكرێت، چونكە هەموو نەتەوەی كورد ئەو هەموو ئەقڵە پڕۆفیشناڵ و شارەزایەی تێدانیە كە، ئەو هەموو كەناڵەی بۆ بكرێتەوە.
سەیری دەوڵەتی ئەمریكا بكە، لەوپەڕی ئازادی و ژینگەی دیموكراسیدا، ژمارەی كەناڵە هەواڵی و شرۆڤەییەكانی لە ( CNN، MSNBC،Fox News) تێپەڕ ناكات، لەكاتێكدا نزیكەی 400 ملیۆن مرۆڤ لە ئەمریكا دەژین و، ڕاقیترین زانكۆكانی سەرزەوی و سەرمایەی زانستی لەوێیە، گرنگترین تینك تانكەكانی دنیا لەوێن، بەڵام ژمارەی كەناڵە شرۆڤەییەكان، تەنها ئەو سێ كەناڵە و چەند وردە كەناڵێك كە نابنە ژمارەی ناو هاوكێشەكە.
سەیری ئیمپراتۆریەتێكی وەكو كۆماری میللی چین بكە، لەكاتێكدا دانیشتوانەكەی 1 ملیار و 400 ملیۆن مرۆڤە و، چەند دەیەیەك لەپێشی مرۆڤایەتییەوەیە، كەچی ژمارەی كەناڵەكانی لە (CGTN، CCTV) تێپەڕناكەن بەهەموو نوسخەكانیانەوە. ئیدی سەریر نەتەوەی عەرەبیش بكە، لە (جەزیرە، عەرەبییە) و چەند وردە كەناڵێك تێناپەڕێت، ئەگەرچی ژمارەی عەرەب 400 ملیۆن و، سەرمایەی مرۆیی زۆر زۆر گەورەیان هەیە و، هەزاران پسپۆڕی بوارە مەعریفییەكانیان هەیە و، دەتوانن بەشێویەكی سەنگین كەناڵەكان پڕ بكەن لە مەعریفە و زانیاری ورد.
كوردیش لە سێ شاردا كە سەرجەم دانیشتوانەكەی بەئەندازەی گەڕەكێكی شارێكی وەكو قاهیرەیە، دەیان كەناڵ و سەدان ڕادیۆ و هەزاران پەیچی هەیە. پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەوەندەمان سەرمایەی زانستی و مرۆیی هەیە ئیدارەی ئەو هەموو كەناڵە بدەین و، خۆراكی زانستیی بۆ دابین بكەین؟.
بێ هیچ گومانێك نەخێر. كورد ئەو بوارەیشی وەكو بوارەكانی تر نابووت و ناشرین كردووە. لەبەر ئەوەی ناتوانین خۆراكی زانستی و مادەی ڕەسین بۆ بەرنامەكان فەراهەم بكەین، سەیر ئەكەین باشترین كەناڵی كوردی قۆڕەی سكی دێت لەبرساندا و، ناتوانێت یەك دێڕی ڕێك و پێك ئیزافە بكاتە سەر خەرمانی مەعریفی وەرگرەكانی.
میوانەكان هەزار بارە و بێ زانیاری، زانیاری و هەواڵەكان كۆپی پەیست و، بابەت و تەوەرەكان تەقلیدی و ناشیرین و هەزار بارە، پێشكەشكاری لاواز و، دواجار كەناڵی كۆڵەوار و، ژینگەیەكی میدیایی وێرانمان بۆ ماوەتەوە.
مرۆڤ شۆك دەبێت لەم بێ بەهاكردنەی هەموو كایەكانی ژیان لەلایەن كوردەوە، سەیركە لەناكاو هەموومان پزیشكین، لە شارۆچكەیەكی بچوكی وەكو ئەوەی منی لێدەژیم، سەدان نۆڕینگەی تێدایە! هەر بێژەرێك قووت دەبێتەوە، سەرۆكی حیزب و سەرۆكی لیستە، سەرۆكی حیزبە لەبری سیاسەت داڕێژێت، هاتووە لەپەیچەكەی بووتە موحەلیل! هەموومان ڕۆژنامەنووس و نوسەرین، هەموومان سیاسین، هەمووشمان پسپۆڕی نەوتین، هەموومان خەبیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانین! هەموومان هەموو شتێك دەزانین و دەم لەهەموو كایەكان دەكوتین. تەنانەت شۆكیش نەبووم كاتێك كەناڵێكی بەناوبانگی ئەم هەرێمە، كەسێكی هێنابووە سەر شاشەكەی و بەفۆنتێكی پان نوسیبووی: پسپۆڕی درۆن!. لەكاتێكدا بۆ نەتەوە گەورەكانیش درۆن و درۆنسازی هێشتا زۆر تازەیە و، جگە لە كوردێك، بڕواناكەم كەس زات بكات و ڕازی بێت بە “پسپۆڕی درۆن” ناودێر بكرێت.. ئەم بەتاڵكردنەوەی مانایە لەهەموو سوچ و قوژبنێكی ژیان، ئەم تەقلیدە بێتامە، بۆ كوێمان دەبات؟

