رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی فیدراڵی وازی لە سیاسەتی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێناوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق وازی لە سیاسەتی بچووککردنەوە و لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان نەهێناوە و دەیەوێت کۆنترۆڵی سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی هەريمی کوردستان بکات. بەغدا هەموو ئەو دەسەڵات و مافانە پشتگوێ دەخات کە دەستووری هەمیشەیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە.

دژایەتی سەرەکیی بەغدا بە تایبەتی دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ بە بیانووی هەناردەکردنی نەوت سەرجەم شایستە داراییەکانی هەريمی کوردستانی بڕی و هەريمی کوردستانی تووشی قەیران و دۆخێکی نالەباری دارایی کرد.
ئەم گوشارانەی عێراق لەپاڵ سەرهەڵدانی داعش و پاشان شەپۆلی ئاوارەکان و ڕووداوەکانی دواتر هێندەی دیکەی کاریگەری خستە سەر ئابووریی هەريمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان هەموو ئەو قۆناغانەی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، دواین پیلانی بەغدا دژی هەريم ئەو کاتە بوو کە لە ڕێی دادگایەکی فەڕەنسییەوە لە ئاداری ٢٠٢٣ ڕێگەی لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کرد و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ هەرێمی کوردستان و عێراقیشی لە ملیاران دۆلار داهاتی نەوت بێبەش کرد.
هەرێمی کوردستان ئەو بیانوویەشی لە بەغدا بڕی و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێککەوت ڕازی بوو بە مەرجی دابینکردنی مووچەی هەريم، نەوتەکەی لەرێی سۆمۆوە بفرۆشرێت، هەريمی کوردستان مانگانە لەسەرووی ئەو ئەرکەی بۆ فرۆشتنی نەوت بۆی دیاری کرابوو نەوتی فرۆشتووە و ئەو سەد و بیست ملیار دینارەش کە ئەرکی هەرێم بووە وەک داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدای دابین بکات دابینی کردووە و لەگەڵ ئەمەشدا دیسان عێراق مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی خوارد و جگە لە مووچە هیچ بودجەیەکی دیکەی بۆ کوردستان خەرج نەکرد و ئەو مووچانەش کە بڕیاری خەرجکردنی دا، لە کاتی خۆیدا دابین نەکران.
حکوومەتی عێراق کە بە ڕوونی دیارە سیاسەتەکەی دەستداگرتن بەسەر سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم جارە لە ڕێی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆداوە قەیرانێکی دیکەی بۆ کوردستان هینایە کایەوە.
بەهۆی سیستمەکە هیچ بازرگانێکی هەريمی کوردستان ناتوانێت شتومەک لە دەرەوە هاوردە بکات ئەگەر لە چوارچێوەی سیاسەتی گومرگیی عێراقدا نەجووڵێتەوە و سەرجەم پێناسی گومریی کاڵای هاوردەکراو ڕاستەوخۆ نەخاتە گیرفانی بەغداوە.
جگە لەمە هیچ کاڵایەک کە لە دەروازەکانی هەريمی کوردستان هاوردە کرابێت بۆی نییە لە بازاڕەکانی عێراق ساغی بکاتەوە ئەگەر بە سیستمی ئەسیکۆدا تۆمار نەکرابێت، دۆلار بە هیچ بازرگانێکیش نادرێت ئەگەر بەهەمان سیستەم شتومەک هاوردە نەکات.
بەو پێیە بازرگانانی هەريمی کوردستان لە دۆلار بێبەش کراون و لە جیاتی ئەوەی سەد دۆلاریان بە سەد و سی و دوو هەزار دینار بۆ دابین بکرێت دەبێت لە بازاڕی ئازاد بە سەد و پەنجا و چوار هەزار دینار بیکڕن و لەو کاتەشدا کاڵاکە لەسەر کڕیار گران دەوەستێت و هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە و بە زیانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە.
لەپاڵ هەموو ئەو سیاسەتانە، گرووپە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق ناوەندە ئابووریەکان و کێڵگەکانی نەوتی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و هۆکار بوون لەوەی نەوتی کوردستان لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بوەستێت.
عێراق داوای کردووە هەرێمی کوردستان ڕێی پێ بدات نەوت لە جەیهانەوە هەناردە بکات لە کاتێکدا لە ٢٠٢٣ ەوە عێراق خۆی هێڵەکەی پچڕاندبوو و دوای گوشارێکی زۆری هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ساڵی ڕابردوو کرابووەوە.
حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بە وردی لە سیاسەتەکەی بەغدا تێگەیشتوون و بۆیەش داوایان لە بەغدا کردووە کۆتایی بەو گوشار و لەمپەرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بهێنێت. هەرێمی کوردستان تەنانەت ڕەزامەندی خۆی بۆ سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆداش دەربڕیوە بە مەرجێک خۆی سەرپەرشتی بکات چونکە هەر داهاتێکی دەستکەویت دواجار هەر دەبێت نیوەی داهاتەکەی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە بەڵام بەغدا قبوڵی نەکردووە.
لەگەڵ ئەمەدا بەشێک لە میدیا و فراکسیۆنە جیاوازەکانی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان ڕێگرە لە هەناردەکردنی نەوت و نایەوێت لەو قەیرانە داراییەی بەهۆی داخرانی هورمز بەرۆکی عێراقی گرتووە یارمەتی بەغدا بدات، بانگەشەیەک بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتەکانی پێشووی عێراق دژی هەرێم، پێناچێت کەس پێی هەڵخەڵەتێت و باوەڕی پێ بکات.