سلێمان تاشان – ههولێر
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا پێناسە کراوە، بەڵام زیاتر لە قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکان و جەنگ لە ناوچەکەدا ڕۆڵی بەرپرسیارێتی هەبووە و فاکتەرێکی زۆر بەهیز و گرنگ بووە لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و هاندانی لایەنەکان بۆ دیالۆگ و هێورکردنەوەی دۆخە شڵەژاوکان.
جوغرافیای هەریمی کوردستان لە شوێنێک بووە کە خاڵی بەریەککەوتنی ڕوانگە و هێزە جیاوازەکان بووە و لە کەشێکی ئاوا ئاڵۆزی جیوپۆلێتیکیدا کە هەمووان خەون بەوە دەبین قەوارەکە لاواز بکەن یان لەناوی بەرن، دەبێت سیاسەتێکی زۆر حەکیمانە ڕەچاو بکرێت بۆ ئەوەی کەمترین پڕیشکی ئاگرت بەربکەوێت و ڕێگری لە بەدیهاتنی ئەو خەونە بکەیت و وەک فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیری ڕۆڵی خۆت زیاتر بەرجەستە بکەیت.
بەخۆشییەوە سەرکردایەتی سیاسیی هەریمی کوردستان لەم ڕووەوە هۆشیار و وریا بووە و توانیویەتی هاوسەنگیی سیاسی لە نێوان لایەنەکان دژ بە یەک بپارێزێت و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستان بکات.
وەک ئاشکرایە مانگێکە جەنگێکی سەخت لە نێوان دوو بەرە و بەرهەڵستکاری مێژوویی سەری هەڵداوە کە لایەنێکیان کۆماری ئیسلامیی ئێران و لایەنێکی دیکەی ئیسرائیل و ئەمریکایە.
هەریمی کوردستان هەر لە کۆنەوە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا بووە لە جەنگی دژی داعش و هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە ئارادابووە، ئەمریکا ڕاهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و تەنانەت مانگانە بەشێک لە بودجەکەیشی بۆ دابین کردووە، بنکەی دیپلۆماسی و هێزی ئەمریکی لە کوردستان هەبوون و دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەرپرسانی هەرێمیش سەردانی ئەمریکایان کردووە و پەرەیان بەو پێوەندی و هاوپەیمانێتییە داوە.
ئەم تایبەتمەندییەی هەریمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێش هەروابووە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێوەندیی قووڵ و پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە لە ڕابردوودا سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەولێری کردووە و بەرپرسانی دیپلۆماسی و بازرگانی وڵاتەکە هاتوچۆی کوردستانیان کردووە و پێوەندی و هاوکاری و ئاوئاهەنگییان لە کایە جیاوازەکانی ئابووری و سیاسی و بازرگانیدا هەبووە.
ماوەی مانگێکە ئەو دوو دۆستەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکتر کەوتوونەتە شەڕ و بەگژ یەکتردا چوونەتەوە، هەوڵی جیاواز هەبووە لەوەی هەرێمی کوردستان هەر زوو بچێتە لایەنێکی جەنگ و بەرامبەر لایەنەکەی دیکە شەڕ ڕابگەیەنێت.
هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی و سەروەریی خاک و ئاسمانی کوردستان پێشێل کراوە و تەنانەت ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردستان بەهۆی ئەو شەڕە شەهید و بریندار بوون. سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان دانی بەخۆیدا گرتووە و هەمان تایبەتمەندیی خۆی وەک فاکتەرێک بۆ سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی پاراستووە.
لە مانگی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە لایەن میلیشیاکانی عێراقەوە، هێرشی کراوەتە سەر و زیانیان بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
یەکێک لەو هێرشانە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی هەبوو و زۆرترین هەڵوێست و بەیاننامەی سەرکۆنەی لێ کەوتەوە ئەو هێرشە بوو کە ڕۆژی شەممە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.
سەیر لەوەدایە بەپێچەوانەی هەموو ڕووداوەکانی پێشتر سەرجەم لایەنەکانی شەڕ لە هەر دوو بەرە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و بە توندی شەرمەزاریان کرد.
ئەو جۆرە بەهاناوەچوون و دەربڕینی هەڵوێستی سەرکۆنەکردن لە ماوی مانگی ڕابردووی شەڕ بێوێنە بووە و هۆکارەکەش لە ڕاستیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سەرکردایەتی سیاسیی هەریمی کوردستان بەو سیاسەتە حەکیمانەیەی لە ڕووداوەکاندا چ لە لایەن سەرۆک بارزانی چ لە لایەن سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم گیراونەتە بەر ژیرانە، دیپلۆماسییانە و لە هەمان کاتدا حەکیمانە بوون و ڕووداوەکان هەر چەندە دڵتەزێن بوون بەڵام سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمیان بە هەڵەدا نەبردووە و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان کراوە.

