ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووەوە، بڕیاردرا ڕۆژی شەممە، ڕێككەوتی 11ی نیسانی 2026، وەك وادەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت. ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا هۆشداری دەدات سەپاندنی بڕیار بەسەر پێكهاتەكاندا دۆخی عێراق خراپتر دەكات و دەبێت كورد خۆی بڕیار لە پۆستی سەرۆككۆمار بدات.
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە كوتلە سیاسییەكان كرد بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرن بۆ تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستوورییەكان و پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی هەبێت.
دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لەدوای كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەكان دێت، كە یەكێك لە ئەجێندای كۆبوونەوەكە باسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بوو.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی 29ی ئاداری 2026 لە ڕاگەیێندراوێكدا بە گرنگی زانی پەلە بكرێت لە بەجێهێنانی بەركەوتە دەستوورییەكان و داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد، پرسی سەرۆككۆمار یەكلا بكەنەوە و دوا وادەی ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بقۆزنەوە بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو دۆخەی بە “پەككەوتوو” ناوی براوە.
ئەو هەنگاوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە، زیاتر لە 220 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كۆكردبووەوە. ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا بۆ سەركردە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق، هاوپەیمانیی 5 هێزی سوننەكان، داوا دەكات پەلە نەكەن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، هەروەها هۆشداری دەدات سەپاندنی بڕیار بەسەر پێكهاتەكاندا دۆخی عێراق خراپتر دەكات و دەبێت كورد خۆی بڕیار لە پۆستی سەرۆككۆمار بدات.
نامەكە كە ڕێككەوتی 28ی ئاداری 2026ی لەسەرە و لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە واژۆ كراوە، تیشك دەخاتە سەر گرنگیی پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی، بنەما دەستوورییەكان و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم پێكهاتەكان، لەنێویاندا كورد.
سەرۆك بارزانی داوا دەكات گفتوگۆكان چڕ بكرێنەوە بۆ سڕكردنی خاڵە ناكۆكەكان لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە و گەیشتن بە شایستە دەستوورییەكان بەپێی بنەماكانی هاوبەشی، هاوسەنگی و كۆدەنگیی نیشتمانی.
سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆك بارزانی ڕایدەگەیێنێت، ئەو بانگەوازەی ئێستا هەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پاشان دیاریكردنی سەرۆكوەزیران، پێویستی بە ڕاوێژی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی شایستەی سەرجەم پێكهاتەكان بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنیان ڕەچاو بكرێت.
سەرۆك بارزانی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت، بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە بۆ پێكهاتەی كورد، دەبێت پۆستی سەرۆككۆمار لەڕێگەی لایەنەكان یان فراكسیۆنە پەرلەمانییە كوردستانییەكانەوە یەكلا بكرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەكات هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەنجوومەنی نیشتمانی هەمان میكانیزمیان بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانی خۆیان بەكارهێناوە، بۆیە پێویستە هەمان میكانیزم بۆ هەڵبژاردنی كوردیش جێبەجێ بكرێت.
ئەم نامەیە لە كاتێكدایە، دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی تشرینی دووەمی 2025ی عێراق، بەغدا تووشی چەقبەستووییەكی بەردەوام بووە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەیەكی سەرەكی دەركەوتووە و زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگی لە سەرتاسەری وڵات بەدەستهێنا و پێگەی خۆی بەهێزتر كرد. بەڵام گفتوگۆكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر بەربژێری سەرۆكایەتیی كۆمار نەگەیشتوونەتە ئەنجامی یەكلاییكەرەوە.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات كە هەوڵدان بۆ سەپاندنی بڕیارەكان لە كاتێكدا هێشتا بژاردەكان لەلایەن هێزە عێراقی و كوردستانییەكانەوە یەكلا نەكراونەتەوە، ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.
سەرۆك بارزانی دەڵێت: هەوڵدان بۆ پاڵنانی كارەكان یان سەپاندنیان دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و دابەشبوونی قووڵتر، كە ئەمەش ئەو شتەیە كە وڵات لەم قۆناخە هەستیار و وردەدا پێویستی پێی نییە، بۆیە داوا دەكات پەلە نەكرێت و گفتوگۆی زیاتر بكرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی كاریگەر كە ئاسایش و سەلامەتیی وڵات بپارێزێت.
فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕایگەیاند، پاش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان، بڕیار دراوە ڕۆژی ١١ـی نیسان كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئەنجام بدرێت.

