فەرهاد قادر ئۆمەر
ڕاستیەکی بەڵگەنەویستە کە دەڵێین مرۆڤ بەپێی سنووری جوگرافی و نەتەوە و زمان دابەش بوون، پێغەمبەرانیش وەك چاوساغ بۆ بەرفرەوانکردنی ئاسۆی هزر و بیری مرۆڤایەتی هاتوونە، نەك بەرتەسكکردنەوەی ئەو ئاسۆیە. هەر لە سۆنگەی ئەو دیدەوە، پێغەمبەران بەر لەوەی سامانی نەتەوەیەك بێت، سامانی مرۆڤایەتین بەگشتی. قورئانی پیرۆزیش بە ڕوونی ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە، کە دەفەرمێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا…). مامۆستا هەژار موکریانی لە ڕاڤەی ئەو دەقە لەکتێبی تەرجەمەی قورئانی پیرۆزدا دەڵێ: مرۆڤەکان بە گەلان وهۆز و قەبیلەکان دابەش بوون بۆ یەکترناسین، نە بۆ فەخر و شانازی. لە مێژووی بیر و فەلسەفەشدا، زۆر لە گەورەپیاوان ئەم بیرۆکەیەیان پشتڕاست کردۆتەوە؛ لەمباریەوە گاندی فەیلەسوفی هندی دەڵێت: ئایینەکان وەک ڕێگاکان جیاوازن، بەڵام هەموویان دەچنەوە سەر یەك سەرچاوە.
هەروەها تۆلستۆی فەیلەسوف و ئەدیبی گەورەی ڕووس دەڵێت: ڕاستی ئایینی لەو کاتەدا دەکوژرێت کە مرۆڤ بیخاتە خزمەت شانازیی نەتەوەوە، هەروەكچۆن ئەمڕۆ بەشێك لە عەرەبەکان دەیکەن. لێرەدا قورئانی پیرۆز بە ڕوونی دەفەرمێت: قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا. ئەم دەقە لە تەرجەمەکەی مامۆستا هەژار موکریانیدا وا هاتووە: بزانن ئەمن خودا ڕایسپاردوومە لای ئێوە، گشت لە گشتوو.
هەربۆیە دەگوترێ پەیامی پێغەمبەران سنووری نەتەوە ناناسێت؛ ڕاستە، هەر پێغەمبەرێك لە ناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا لەدایك بووە و ژیاوە، زمانی خۆی هەبووە، بەڵام پەیامەکەی سنووری ئەو گەلەی تێپەڕاندووە، ئەوان نە بەتەنها بۆ عەرەب هاتوون، نە بۆ فارس و نە بۆ کورد، بەڵکو ڕۆشنایەتییان بۆ مرۆڤایەتیە بە گشتی. ئەگەر پێغەمبەران لە سنووری نەتەوەیەکدا بەندوبەست بکرایەن، پەیامەکەیان گەورەییەکەی خۆی لەدەست دەدا. چونکە پەیامەکەیان پەیامی ڕاستی و داد و ڕەحمت بوو. مەعلومیشە لای هەمووان کە ئەم بەها بەرزانە سنووریان نییە. داد، ڕەحمەت، ڕاستی و هەقیقەت بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی ڕەنگ و ڕوو و زمان.
زانای گەورە محەمەد ئیقبال دەڵێت: ئیسلام هاتووە سنووری ڕەنگ و نەتەوە بشکێنێت، نەك تیر و تۆخیان بکاتەوە و ببێتە ناوەندێکی چەوسانەوە. هەر بۆیە کە قورئان باس لە پێغەمبەران دەکات وەك بەشێك لە زنجیرەیەکی بەیەکەوە چەسپاو باسی دەکات، زنجیرەیەك کە ئامانجیان ڕێنماییکردنی مرۆڤە. ئەو زنجیرە سنووری نەتەوە ناناسێت، چونکە ڕێنمایی مرۆڤ سنووری نییە. ئەوانەی هەوڵ دەدەن پێغەمبەران تەنها بۆ نەتەوەی خۆیان قەتیس بکەن، لە ڕاستیدا پەیامی پێغەمبەر بچووك دەکەنەوە. پێغەمبەران بۆ ئەوە نەهاتوونە کە ببنە سەرچاوەی شانازی بۆ نەتەوەیەك، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ببنە سەرچاوەی ڕۆشنایی بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی. بۆیە ڕاستترین قسە ئەوەیە: پێغەمبەران سنووری جوگرافی و نەتەوەیی تێدەپەڕێنن بەرەو دنیا بەرفرەوانەکەی مرۆڤایەتی بەگشتی.

