سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی سەرکردە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شيعە و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق کرد و لە پەیامەکەیدا، هاتووە؛ پەلە نەکەن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، هۆشداری دەدات کە سەپاندنی بڕیار بەسەر پێکهاتەکاندا دۆخی عێراق خراپتر دەکات و دەبێت کورد خۆی بڕیار لە پۆستی سەرۆککۆمار بدات.
سەرۆک بارزانی داوا لە هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکات راوێژەکانیان چڕبکەنەوە و بگەنە کۆدەنگییەکی فراوانی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووییەی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا دروستبووە.
لە نامەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستیی گفتوگۆی “جیدی و قووڵ” لەنێوان سەرجەم لایەنەکان کردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و پاراستنی سەقامگیریی عێراق لەم قۆناخە هەستیارەدا.
هەروەها نامەکە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی، بنەما دەستوورییەکان و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان، لەنێویاندا کورد.
سەرۆک بارزانی هۆشداری داوە لەوەی کە دواکەوتنی هەنگاوە دەستوورییە سەرەکییەکان، وەک هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و تەواوکردنی پێکهێنانی حکوومەت، مەترسیی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و کەمبوونەوەی متمانەی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە.
سەرۆک بارزانی داوای میکانیزمێک دەکات کە دڵنیایی بدات لەوەی پۆستی سەرۆککۆمار گوزارشت لە تەواوی پێکهاتەی کورد بکات، نەک لەلایەن یەک پارتەوە قۆرخ بکرێت.
هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستیی “لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی هاوبەش” کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییە دەستوورییەکان، هێنانەدیی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی وڵات لەرێگەی گفتوگۆی گشتگیرەوە نەک هەنگاوی تاکلایەنە، هیواشی خواستووە کە ئەم قۆناخە ئەنجامێکی “سەرکەوتوو و سەقامگیر”ی لێبکەوێتەوە کە خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتییان بکات، لە هەمان کاتدا یەکڕیزی و ئاشتیی نیشتمانی بپارێزێت.
نامەکەی سەرۆک بارزانی بە بانگەوازێک بۆ “پێزانین و رێزگرتن” لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کۆتایی دێت و داوایان لێدەکات بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.

